کۆلۆنیالیزمی ژینگەیی دەوڵەتی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان: سیاسەتی بەنداو

هەورام ئەحمەدی

 

«کۆلۆنیالیزمی ژینگەیی» (Environmental Colonialism) _کە بە «کۆلۆنیالیزمی سەوز» (Green Colonialism)  و «ئیکۆ-کۆلۆنیالیزم» (Eco-colonialism) یش ناسراوە_ بریتییە لە پراکتیزەکردنی بڕیار و کردەوەی وڵاتێک لە وڵاتێکی دیکە یان بەشێک له خەڵک و کۆمەڵگای ژیر دەسەڵاتی خۆی، بە بیانووی سوودوەرگرتن لە ژینگە و بە بەکارهێنانی وەک ستراتیژی گەشەپێدان بە تێچوو و گەشە‌سڕینەوەی (De-development)  وڵاتێک یان کۆمەڵگایەکی ژێردەستە. بەهۆی ئەوەی که زۆربەی ئەم کۆمەڵگا ژێردەستانه _کە دەبنه ئامانجی گەشەسڕینەوە له ڕێگەی کۆلۆنیالیزمی ژینگەیی لە لایەن دەوڵەت یان نەتەوەی سەردەست_ خاوەن جیاوازی ئێتنیکی، ڕەگەزی و نەتەوەیین، چەمکگەلی وەک «ڕەگەزپەرەستی ژینگەیی» (Environmental Racism)و «ئێکۆ-ئاپارتاید»(Eco-Apartheid)  بۆ شیکردنەوە و لەقاودانی سیاسەتی کۆلۆنیالیستی ئەم دەوڵەت-نەتەوانه بەکار دەهێنرێت. بەم پێیه، دەکرێ سیاسەتی ژینگەیی دەوڵەتی ئێران وەک چەشنێک له کۆلۆنیالیزم بێته پێناساندن.

شێوازه ژینگەییەکانی «کۆلۆنیالیزمی ناوخۆیی» (Internal Colonialism) حکومەتی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بریتین له: دارستان بڕین، سووتاندنی دارستانه چڕەکانی زاگرۆس، درووستکردنی بەنداوی گەوره و گواستنەوەی ئاو بۆ دەرەوەی کوردستان و هەروەها ئەمنیەتیکردنی چالاکی ژینگەپارێزی. لەم بابەتە کوردەتەدا دەپرژینە سەر بواری درووستکردنی بەنداو وەک یەکێک له کۆڵەکە ستراتیژیکەکانی کۆلۆنیالیزمی ژینگەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. لەڕاستیدا، ئەو ژمارە زۆرەی بەنداو کە لە ناوچە جیاجیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان به مەبەستی گواستنەوەی ئاوی پشت ئەم بەنداوانه بۆ ناوچەکانی ناوەندی ئێران درووستکراون بەڵگەیە لەسەر کۆلۆنیالیزمی ژینگەیی دەوڵەتی ئێران لە کوردستان و لە هەمبەر سامانە سروشتییەکانی.

بەپێی ڕاپورتە دەوڵەتیەکانی ئێران، لە ئێستادا زیاتر لە ١٠ بەنداو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەن  و نزیک به 50 بەنداوی دیکە لە قۆناغی دروستکردن، جێبەجێ‌کردن یان توێژینەوەدان. ئامانجی سیاسەتی ئاوی ئێران، تێپەڕاندنی قەیرانەکانی پەیوەست بە ئاو لە ناوچەکانی ناوەڕاستی وڵات بە سەرمایەگوزاری لە پڕۆژە گەورەکان بۆ هەمەچەشنکردنی سەرچاوە ئاوییەکان بووە. بۆ ئەم مەبەستە، دەوڵەت لە ڕێگەی درووستکردنی بەنداوی گەورە و کۆکردنەوەی ئاوی ڕووبارە سنووریەکان دەستی داوەتە ڕیکخستنی پڕۆژەکانی گواستنەوەی ئاو لە پەراوێزەوە بۆ ناوەند. لە کاتێکدا ئەم جۆرە پڕۆژانە سوودی بۆ بەشەکانی ناوەڕاستی ئێران گەیاندووە، بوونەتە هۆی داڕمانی کۆمەڵایەتی بەربڵاو و لەناوبردنی ژینگەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ئەم لە حالێکدایه که ڕۆژهەڵات یەکێ لە سەرچاوه  سەرەکیە دابینکەرەکانی ئاو لە ئێرانه.

 

نەخشەی پڕۆژە ئاویەکانی دەوڵەتی ئێران لەسەر سەرچاوگەکانی ڕووباری «سیروان»

 

درووستکردنی بەنداو خەساگەلی گەورەی کۆمەڵایەتی، ئابووری و ژینگەیی لێ ئەکەوێتەوە. یەکێک دەرئەنجامه نەرێنیەکانی بەنداو، کاریگەری بنەڕەتی لەسەر ژیانی ئابووری-کۆمەڵایەتی دانیشتوانی گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانه. درووستکردنی بەنداوەکان بووەتە هۆی کڕینی زەوی و زاری زۆرەملێ و ئاوارەبوونی بەشێکی زۆری دانیشتوانی گوندەکان، لەوانە ئەوانەی لە شوێنە مێژووییەکانەوە هاتوون. ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی ژمارەی دانیشتوانی ئاوارە و پەراوێزخراو، هەژاری و بێکاری لە شارەکانی کوردستان، بەتایبەت سنه، کرماشان و ئیلام. جگە لەوەش ئاوی تەرخانکراوی بەنداوەکان کەمتر لە 10%ی زەوییە کشتوکاڵییەکانی کوردستان دەگرێتەوە، ئەمەش بەو مانایەیە کە سەرچاوە بەرهەمهێنراوەکان لەبەردەستی خەڵکی ناوچەکەدا نین. لە حالێکدا ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەم ساڵانەی دواییدا له قەیرانی ئاو نزیک ئەبێتەوە و بەشی کشت وکاڵ _که یەکێ لە سەرچاوە سەکیەکانی ژیان و داهاتی خەلكی ڕۆژهەڵاته_ به‌هۆی کێشەی کەم ئاوی تووشی خەسار هاتووه، ئاوی بەنداوەکانی به مەبەستی کشت‌وکاڵ، دابینکردنی ئاوی شاری و پڕۆژە پیشەسازیەکان بۆ شارە فارس و تورکەکانی وەک هەمەدان، زەنجان، تاران و ئیسەفهان و... دەگوازرێتوە. لەم حاڵەتەدا، تەنها کاریگەرییە نەرێنیە ژینگەیەکانی بەنداوسازی  بە باڵای خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبڕێت.

هەر بەم هۆیه، جێبەجێکردنی پڕۆژەی بەنداو بووەتە جێگای ڕەخنەی چالاکانی ژینگەپارێزی کوردستان. شارەزایانی ژینگەی کوردستان ئاماژە بە چالاکییە تایبەتەکانی حکومەت دەکەن (وەک دروستکردنی بەنداو، گواستنەوەی ئاو، لادانی ڕووبارەکان، دروستکردنی پاڵاوگەی نەوت و هتد) و دەڵێن ئەو چالاکییانە کاریگەریی تێکدەرانەی لەسەر ئیکۆسیستەم و سامانە سروشتییەکانی کوردستان بەجێدەهێڵن. هەروەها، گواستنەوەی قەرەبوو نەکراوی ئاو دەبێتە هۆی گەشەنەسەندنی ئابووری و هەژاری و ناسەقامگری ژیانی کۆمەڵایەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

چالاکانی ژینگەپارێزی کورد لە کردەوەیەکی بەرەنگاربوونەوە لە دژی ئەم چالاکییانە، لە ساڵی ٢٠١٥دا هەڵمەتی ناڕەزایەتی و هۆشیارییان بە ناوی وەک «کاریگەریی وێرانکەری پیشەسازی بەنداو لەسەر سروشت» یان «زیانەکانی ژینگەیی بەنداوەکان» و هەروەها «کەمپەینی ڕزگارکردنی کانیاوی بڵ» دەستپێکرد.

ژینگەپارێزانی کوردستان پێیان وایە ئەو بەنداوانە جگە لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی ژینگەیی، میراتی کولتووری، سیما و ناسنامەی ناوچەی کوردستان لەناو دەبەن. بۆ نموونه، درووستکردنی بەنداوی گەورەی «داریان» لەسەر ڕووباری سیروان له هەورامان، نە‌تەنها بوو به هۆی لەناوچوونی کانیاوی گەورەی سەرچاوگەی «بڵ»و بەڵکوو دێهاتێک بە مێژوویی ٦ هەزار ساڵه و دەڤەرێکی پربایەخی لە بواری شوێنەوارناسیەوه، واته بەشێک لە دێهاتی «ڕوار» و کێو و دۆڵەکانی، بۆ هەمیشه لە ئاوی بەنداوەکه خنکاند.

هەر بۆیه، ئەگەر بەرەنگاری و خەباتی فەرهەنگی-زمانی دژ به سیاسەتە فەرهەنگیەکانی دەوڵەتی ئێران، بەشێک لە دژه-هێژمۆنی فەرهەنگی بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکانی کوردستان پێک دەهێنێت، ژینگەپارێزی و بەتایبەت  ئاراستە سیاسی-فەرهەنگیەکانی، چەشنێک له دژه-کۆلۆنیالیزمی ژینگەیی به بزووتنەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبەخشێت.

KURDŞOP
884 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!