هەورس، دارێکی هەزار ساڵە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

 

شنۆ

 

لەو کوردستانە دێرینە ئەگەر بنج و بناوانی دەکۆڵێوە هەر دەم دیرۆکێک ئاشکرا دەبێت و لاپەڕەیەکی دێرین لە مێژووی کوردستان ئاشکرا دەبێت و دەبێتە بەرگێکی زێڕین بە بەرۆکی نەتەوەی کورد.

لە شاری شنۆ کە بەرەو ورمێ دەڕۆی دێهات و ئاوەدانییەکی زۆر هەم لەسەر ڕێگاکە و هەم لەنێو شاخ و دۆڵەکانی ئەو شارە دەیان ڕووبار و دۆڵی تێدا هەڵکەوتووە. لەو ڕێگایەدا کە بە ناوچەی دەشتەبێڵی سەر بە شنۆدا تێپەڕ دەبی، لە نێوان گەلیی قاسملوو و دەشتەبێڵدا گوندێک لە نێوان دەیان گوندی دیکی هەیە بە ناوی "دۆستەک". ئەو گوندە  حەشیمەتێکی زۆری نییە و خەڵکەکەشی بە ئاژەڵداری و وەرزێڕییەوە سەرقاڵن. بە بەرقەدی ئەو گوندەوە بەرزاییەک هەیە بە ناوی "کانی هەوا" لەو شوێنە دارێک هەیە کە تەمەنی زیاتر لە هەزار ساڵە و ناوی ئەو دارە "هەورسـ"ـە.

هەندێک خەڵکی پیر و بە تەمەنی ئەو شار و دەڤەرە دەڵین داری هەورس پیرترین داری شنۆیە ومەودای لکەکانی دەگاتە پەنجا میتر. یەکێک لە هۆکارەکانی کە دەڵین ئەو دارە زۆر بە تەمەنە ئەوەیە کە دەڵێن لەبەر ئەوە ئەم دارە زۆر بە کەمی زیاد دەکا و هەڵەسوونە دێنێتەوە، تەمەنی زیاتر لە هەزار ساڵه.

لە بارەی ئەو دارەوە هەتا ئێستا لێکۆڵینەوەیەکی زانستی نەکراوە. بەڵام مامۆستا قادر گۆزێ لە کتێبی بیرەوەرییەکانی خۆیدا بە ناوی ''من و شەقڵاوە" باسی ئەو دارە دەکات.

یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین بابەتەکانی بیرەوەرییەکانی ناوبراو هەر باسێکە سەبارەت بە دارێک بە ناوی هەورس کە دارێکی هەمیشە سەوزە و لە سنەوبەر دەچێ. ناوبراو پێی وایە هەورس دارێکی پیرۆزی زەردەشتییەکان بووە و لە سەردەمی عەباسییەکاندا دەوڵەت، لە گەرمەی هەوڵەکانی بۆ ڕیشەکێش کردنی سیمبولە کەلتورییەکانی ئایینی زەردەشتی، دەستی بە بڕینەوەی کردووە و لە نێوی بردووە.

بەڵام ئەو لەو بڕوایەدایە کە ئەم دارە، سەرەڕای توندیی هەڵمەتەکە، لە نێو نەبراوە. خۆی لەوە دڵنیایە کە لانیکەم لە ژیانیدا لە دوو شوێن دیویەتی. جارێک لە گوندی کاوانیان لە بناری چیای سۆرک و جارێکی دیکەش لەکاتی پێشمەرگایەتیدا لە ساڵانی شەستەکان لە گوندی بیرێژ لە نزیک کۆڕێ.

مامۆستا گۆزێ باس لەوەش دەکات کە ئەو یەکەم کەس نییە ئەم بابەتە دەورووژێنێ و لەم سەروبەندەدا باس لەوە دەکات کە مامۆستا جەلال مەلا حەسەن لە ساڵی ١٩٨٢ بە دوای ئەم دارەدا گەڕاوە و ئەو زانیاریی پێویستی پێ داوە.

بەپێی زانیارییەکان، هەورس دارێکی پیرۆزی زەردەشتییەکان بووە و هۆی پیرۆزییەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە زەردەشت بەدەستی خۆی چاندوویەتی. ئەمەش بەهایەکی پیرۆزی بە دارەکە بەخشیوە. بەڵام لێرە مەسەلەکە مەسەلەی پیرۆزیی دارەکە تێدەپەڕێنێ و بە ڕێچکەیەکدا دەڕوا کە بابەتەکە دەروازەیەکی فراوان بە رووی لێکۆڵینەوە مێژووییەکاندا دەکاتەوە.

زانیارییەکان باس لەوە دەکەن لە مەسەلەی ئەو دارەدا جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە هەڵمەتی لە نێوبردنی دارەکە لە سەردەمی خەلیفە موتەوەککەلی عەبباسیدا تینی سەندووە و دەوڵەت بە شێوەیەکی لێبڕاوانە کەوتووەتە لە نێوبردنی دارەکە. ئەوەی ئەم زانیارییە پشتڕاست دەکاتەوە، ئەوەیە کە موتەوەکلی دەیەم خەلیفەی عەباسییەکان، دەمارگیرییەکی سوننەگەرایی بەسەر بیرکردنەوەیدا زاڵ بووە، بە ڕادەیەک کە سەردەمی حوکمڕانیی ئەو خەلیفەیە، سەردەمی ڕاوەدوونانی شیعە و موعتەزیلەکان بووە. بۆیە، سەیر نییە ئەگەر ئەو لە پاڵ ڕاوەدوونانی شیعە و موعتەزیلەکان، پاشماوەی زەردەشتییەکانیشی ڕاو نابێ.

بەڵام ئەمە بەرەو مەسەلەیەکی ترمان دەبا، ئەویش ئەوەیە کە دەوڵەتی عەباسی پاش ٢٠٠ ساڵ لە بە موسڵمانبوونی کورد، سەرقاڵی لە نێوبردنی سیمبولەکانی ئایینی زەردەشتی بووە. ئەمە بەم واتایە دێت کە دەوڵەت تا ئەو سەردەمە هێشتا لە موسڵمانبوونی کورد دڵنیا نەبووە و ترسی لە کاریگەریی پاشماوەکانی ئایینی زەردەشتی لێ نیشتبوو.

لە لایەکی ترەوە، ئەمە شتێکی وای لێ هەڵدەکڕێندرێ کە لە سەدەی نۆیەمی زایینیدا کورد بە ڕێزەوە مامەڵەی لەگەڵ دارەکە کردووە، ئەگەر واوەتریش بڕۆین، دەبێ بیرمان بۆ ئەوە بچێ کە لانیکەم تا سەدەی نۆیەم کوردە زەردەشتییەکان گرووپ گرووپ لە چوارچێوەی کۆمەڵگەی داخراودا ژیاون، خۆیان بە موسڵمان ناساندووە و ژێر بە ژێریش لەسەر ئایینی جارانی خۆیان بەردەوام بوون و دەبێ لە ئەگەرێکی وادا نەیانتوانیبێ لەسەر دروستکردنی پەرستگەکانی ئاگردان بەردەوام بن، بەڵام توانیویانە لەسەر پاراستنی سمبولەکانی دیکەیان، لەوانە پیرۆزڕاگرتنی درەختی هەورس، بەردەوام بن. ئەمەش نیشانی دەدا کە کورد لەو سەردەمانەدا جۆرێک تەقیەی بۆ شاردنەوەی بیروباوەڕی خۆی، بەهەمان شێوەی شیعەکان بەکار هێناوە.

لەلایەکی دیکەوە لە تێئۆریی مێهرداد ئیزەدی نزیکمان دەکاتەوە. ئیزەدی کە خۆی کورد و پڕۆفیسۆرە لە بەشی زمان و شارستانێتییەکانی ڕۆژهەڵاتی نزیک لە زانکۆی هارڤاردی ئامریکا، لە کتێبەکەیدا بە ناوی "کورد" پێی وایە پرۆسەی بە موسڵمانبوونی کورد کە لە سەدەی حەوتەمی زایینییەوە دەستی پێ کردووە، چەند سەدەیەکی خایاندووە و لەو ماوەیەدا کورد بە شێوەی کۆمەڵگەی داخراو ژیانی ئایینیی خۆی ڕێک خستووە.

ئەو داخراوییە بووەتە هۆی ئەوەی کە هەندێک ئاسەوار و کلتوور و داب و نەریتی کورد وەک خۆی بمێنێتەوە.

لە سەردەمی موتەوەککەلدا دەوڵەت مەسەلەی لە نێوبردنی داری هەورسی بەهەند وەرگرتبوو، بەڵام ئەگەری هەیە ئەم هەوڵە پاش موتەوەککەل بەردەوام نەبووبێ، چونکە موتەوەککەل لە پیلانێکدا کە مونتەسیری کوڕی دەستی تێیدا هەبوو، لەسەر دەستی سەربازە تورکەکان کوژرا و دواتریش خەلیفە مونتەسیری کوڕی لەلایەن سەربازەکانەوە ژەهرخوارد کرا و لێرە بەدواوە سەردەمی پووکانەوەی سام و شەوکەتی دەوڵەتی عەبباسی دەست پێ دەکا. دیارە ئەمەش دەرفەتێکی گونجاوی بۆ لەناو نەچوونی درەختەکە ڕەخساندووە.

هەر لە گوندی دۆستەک بە دەشتەبێلێدا کە دێیە خوارێ دوای تێپەڕبوونی چەند گوندی دیکە و لە قەدپاڵی کێوی ڕەندۆڵە لە شنۆ تووشی ڕێزە گوندێک دەبێ کە یەکێکیان لە هەمووان مێژووییترە ئەویش گوندی "بێمزورتێـ"ـیە. لێکۆڵینەوەکانی مێژوویی باس لەوە دەکەن ئەو گوندە چەند هەزار ساڵ تەمەنی هەیە و شوێنێکی ئایینی بووە.

هەروەها چەندین گوندی دیکە لە سنووری ئەم شارەدا هەن کە شوێنە شاخاوییەکان هەڵکەوتوون و ناوی ئایینیان لەسەرە بۆیە دەکرێت لە پەنای هەر کام لەو گوندانە و خودی گوندەکان مێژوویەکی شاراوە هەبێت کە دەستی داگیرکەر ئیزن نەدات ئەو مێژووییە ڕوون بێتەوە.

 

 

KURDŞOP
604 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!