بایەخی توانستە جوگرافییە گەشتوگوزارییەکانی هەرێمی کوردستان

هانی

 

هەرێمی کوردستان لە ڕووی هەڵکەوتە و شوێنی جوگرافی و بایەخی سیاسی و ستراتیژی، پێگە و گرنگیی خۆی هەیە. ئەم ناوچەیە لە ساڵانی ڕابردوودا لە رووی ئابووری و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیرییەوە گەشەی زۆری بەخۆیەوە بینیوە، ئەمەش لەسەر تێکرای چالاکییە مرۆییە جۆربەجۆرەکان لە هەرێمی کوردستان، کاریگەریی هەبووە.

گەشتوگوزار لە سەردەمی ئێستادا بووەتە یەکێک لە پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیانی مرۆڤ. توانستە جوگرافییە گەشتوگوزارییەکان ئەو توانستانە دەگرێتەوە کە دەبنە بنەمای پەیدابوون و گەشە کردن و پەرەوپێشچونی چالاکیی گەشتوگوزاری و شان بەشانی دەزگای کارگێڕی و ئابوورییەکان، یەکێک لە بنەماکانی بووژانەوەی ئەو کەرتە و پەرەپێدانیەتی. ئەم بنەمایانە سروشتی بن یاخود مرۆیی، تا ناوچەکە بە توانستە گەشت و گوزارییەکان دەوڵەمەندتر بێت، هێزی ڕاکێشانی گەشتیاران زیاتر دەبێت و دەبێتە هۆی پەرەپێدانی بزاڤی گەشتیاری.

توانستە گەشتوگوزارییە سروشتییەکان زۆر و جۆراوجۆرن. دەتوانین بڵێین توانستە سروشتیەکان، بە لای زۆرێک لە گەشتیاران، بە بنەما و فاکتەرێکی سەرەکی دادەنرێن بۆ دەستیشانکردنی ناوچە گەشتوگوزارییەکان. چونکە دیمەنی جوانی سروشت و هەمەچەشنیی ڕووخسارەکانی رووی زەوی و ئاو و هەوای گەشتیاریی هەر ناوچەیەک، کەرەستەیەکی خاوی گەشتوگوزارین و بوونی ئەم توانستە لە هەرێمی کوردستان بە بڕ و خەسڵەتی جیاواز دەردەکەوێ.

هەڵکەوتەی جوگرافیای کوردستان  و زۆربوونی توانا سروشتی و مرۆییەکانی گەشتوگوزار لە جوگرافیای هەرێمی کوردستاندا و دەستنیشانکردنی سەدان ناوچەی گەشتیاری و پێشکەوتنی کەرتی گەشتیاری و خزمەتگوزارییەکان لە هەرێمی کوردستان، بوونەتە هۆی ئەوەی کوردستان وەک گرینگترین جوگرافیای گەشتیاری لە ئاستی عێراقدا دەستنیشان بکرێ. هەموو ساڵێ ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتووانی ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، بەهۆی فێنکی و لەباریی ئاوهەوای کوردستان و ناوچە گەشتیارییەکانی بەتایبەت لە وەرزی هاویندا و هەروەها چیا بەرزەکانی لە وەرزی زستاندا کە بەفرێکی زۆریان لێ دەبارێ، سەردانی کوردستان دەکەن و بۆ چەند ڕۆژێک و هێندێک جار بۆ چەند حەفتەیەک دەمێننەوە. ئەمە سەرەڕای ئەو گەشتیارە بیانییانەی سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن.

گەشتوگوزار لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا وەک پیشەسازییەکی نوێ دەناسرێت و لە ئابووریی نیشتمانی و دەستەبەرکردنی داهاتی نەتەوەییدا ڕوڵێکی گرنگ دەگێڕێ. چالاکیی گەشتوگوزاری بەردەوام لە نوێبوونەوەدایە. بەمەش دەتوانرێ بە بەردەوامی و بەبێ گۆڕان، سوودی ئابووری و کۆمەڵایەتیی لێ وەربگیرێت.

یەکێک لە پێویستییەکانی گەشتوگوزار لە ژێر ئاراستەکانی جیهانگیریدا، ناساندنی ناوچە گەشتیارییەکانە بە ڕووی گەشتیارانی دەرەوە و ڕۆڵێکی سەرەکیی هەیە لە بەرهەمی نەتەوەیی. چونکە دەکرێت لە ڕێگای ئەم کەرتەوە لە وەبەرهێنانی خۆماڵی و بێگانە زیاتر بەرهەمە نەتەوەییەکان بەهێز بکەین، ئەویش لە ڕێگای بوونیاتنانی کۆمەڵگای گەشتیاریی گەورە لە ناوچە گەشتوگوزارییە گرنگەکانی کوردستان.

گرنگترین ئەو هۆکارانەی بوونەتە هۆی پەرەپێدانی گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان

١- هەنگاوەکانی پێشکەوتنی ئابووری و چالاکیی ئابووری و بەرزبوونەوەی ئاستی داهاتی تاکەکەس لە داهاتی نەتەوەییدا.

٢- زیاد بوونی ژمارەی دانیشتووان و باش بوونی بارودۆخی تەندروستی و کەمبوونەوەی ڕێژەی مردن و پێشکەوتنی ژیان لە هەموو ڕوانگەیەکەوە.

٣- دەرکەوتنی ئارەزوو و پێداویستییەکانی مرۆڤایەتی وەک پێداویستییەکانی سەردەم کە لە بوارەکانی "ڕۆشنبیری، گەشتوگوزاری، تەندروستی و هتد"دا خۆی دەبینێتەوە بە شێوەیەکی بەرفراوان بوونی هەموو ئەمانە لایەنێکی بەرچاوی پێشکەوتنی بزافی گەشتوگوزارین لە هەرێمی کوردستان.

٤- پەرەسەندن و بەربڵاویی تۆڕەکانی گواستنەوە بە جۆرەکانی "هەوایی و ئاوی و وشکانی" کە هەموو ئەمانەش بوونەتە هۆی بەرپابوونی شۆڕشێکی گەورە لە جیهانی گەشتوگوزاریدا.

٥- یەکێک لە هۆکارە گرنگەکانی تر وەکوو زیاد بوونی هەست و ئارەزووی تاک بۆ خۆشگوزەرانیی ژیان و بەرزبوونەوەی ئاستی هۆشیاریی مرۆڤ و دوورکەوتنەوەی مرۆڤ لە کۆت کردن و نەمانی قەیران و سەرهەڵدانی کێشە سیاسییەکانی وڵات.

گەشتوگوزار سێهەم كەرتی پڕ داهاتی دنیایە كە دەكرێت كوردستان بیقۆزێتەوە. لە هەمان کاتدا دەسکەوتی ئەم کەرتە بێجگە لەوەی داهاتی نیشتمانی زیاد دەکات، لەو ناوچانەی چالاکیی گوشتوگوزارییان تێدایە، هەزاران هەلی کار دەڕەخسێنێت.

لە هەرێمی کوردستان ٣١٠٠ شوێن هەن کە خزمەتگوزاریی گەشتیاری پێشکەش دەکەن.

دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا زیاتر لە ٢ ملیۆن گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و ٢٥٪ی ئەو ژمارەیەش بیانی بوون. ئاماژە بەوەش دەکات، هاتنی گەشتیاران بۆ کوردستان بەردەوامە.

 

 

 

 

KURDŞOP
566 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!