١٠٠٠ هێکتار لە دارستانەکانی مەریوان لە ئاگردا سووتان

بەپێی ڕاپۆرتی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان کە ئەنجومەنێکی ژینگەپارێزیی ناسراوی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، لە ماوەی ٢٥ ڕۆژی ڕابردوودا، ١٠٠٠ هێکتار لە دارستان و لەوەڕگەکانی شاری مەریوان لە ئاگردا سووتێنراون.

ئەنجومەنی سەوزی چیا ڕایگەیاندووە کە ٤٠٠ هێکتاری ئەم دارستان و لەوەڕگانە، لە ماوەی ٣ ڕۆژدا (٢٩ی پووشپەڕ هەتا ١ی گەلاوێژ)، لە ئاگردا سووتێنراون و وێڕای سووتانی دارە جۆراوجۆرەکان، بە هەزاران گیانلەبەر لە ئاگردا سووتاون.

ئاگرە گەورەکەی دارستانەکانی مەریوان ڕێکەوتی ٢٩ی پووشپەڕ لە پێنج ناوچەی جیاوازی مەریوانەوە (پشت مریوان، هەردی خەڵیفە پشت سێف ژووروو، هەردی کانی‌ میران، هەردی نێ و هەردی کانی پەڵک لە چاوگ) دەستی پێ کرد و کۆنترۆڵکردنی ئەم ئاگرانە لەلایەن چالاکانی ژینگیی مەریوانەوە سێ ڕۆژی خایاند.

هەروەها ژینگەپارێزانی مەریوان بە کەمترین ئیمکانات و بەبێ یارمەتیی ناوەندە پەیوەندیدارەکانی حکوومەت و بە شێوەی خۆبەخشانە بە هانای دارستانەکانی نیشتمانەکەیانەوە دەچن و لە ماوەکانی ڕابردوودا و لە ڕەوتی کوژاندنەوەی ئاگرەکانی دارستانەکانی مەریوان، نزیکەی ١٠ ژینگەپارێزی خەڵکی ئەو شارە بریندار بوون. ئەمە یەکەمین جار نییە کە ژینگەپارێزانی مەریوانی گیانیان دەکەوێتە مەترسییەوە و هاوینی ٢٠١٨ی زایینی، کاک شەریف باجوەر، ژینگەپارێزی ناسراوی مەریوانی لەگەڵ سێ ژینگەپارێزی تری خەڵکی ئەو شارە، لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی مەریوان گیانیان لەدەست دا.

ژینگەپارێزان و خەڵکی مەریوان لەسەر ئەو باوەڕەن کە حکوومەتی ئێران ڕاستەوخۆ و ناڕاستەخۆ دەستی لە ئاگردانی دارستانەکانی مەریواندا هەیە و چەندین ساڵە سیاسەتی کاولکردنی ژینگەی کوردستانی گرتووەتەبەر.

لەلایەکی ترەوە فەرهاد مەولوودی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی سەوزی چیا سەبارەت بەم ڕووداوانەی دوایی مەریوان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باسی لەوە کردووە: "ئەنجومەنی سەوزی چیا نزیکەی دوو هەزار شوێنی دەستنیشان کردووە کە لەنێو چوون. ١٠ ساڵ لەمەوبەر ئەو شوێنانە دارستان بوون، بەڵام ئێستا باخی تایبەتی تەنیا کەسێکە. هەندێکیش دارستانەکان ئاگر دەدەن بۆ ئەوەی لە وەرزەکانی پاییز و زستاندا دارە وشکەکان ببڕنەوە و بیانکەنە باخی میوەی وەک ترێ، یان داگیری بکەن. بۆ نموونە ئەو شوێنەی ئاگری گرتووە، بەدڵنیاییەوە دەتوانین بڵێین یەک دوو ساڵی دیکە بووەتە شوێنی باخی کەسێک کە کەسیش ناتوانێت ڕێگریی لێ بکات."

هەروەها بێهزاد شەریفی‌پوور، بەڕێوەبەری سەرچاوە سروشتییەکانی پارێزگای سنە لە لێدوان لەگەڵ میدیاکانی نێوخۆی ئێران ڕایگەیاندووە کە ئەمساڵ ٨٠ جار دارستانەکانی ئەو پارێزگایە سووتاون کە ٤١ جاریان تەنیا لە ناوچەی مەریواندا ڕوویانداوە. ناوبراو باسی لەوەش کرد کە لەو ئاگرکەوتنەوانەدا هەزار و ٢٢٠ هێکتار دارستان و لەوەڕگە سووتاون کە ٩٥٣ هێکتاری دارستانەکانی ناوچەی مەریوان و ئەوی دیکەی دارستان و لەوەڕگەکانی شارەکانی سەقز، قوروە، کامێران، بیجاڕ و بانە بووە.

ڕووبەری پارێزگای سنە دوو میلیۆن و ٩٣٧ هەزار هێکتارە، لەوەش نزیکەی ٣٧٤ هەزار هێکتاری دارستانە کە زیاتری لە ناوچە سنوورییەکان و بەشی هەرە زیاتریشی لە شاری مەریواندا هەڵکەوتووە.

بەرهەمهێنانی ئۆکسیژێن و کەمکردنەوەی پیسیی هەوا، لە سەرەکیترین و گرینگترین نرخەکانی دارستانە لە ژیانی ئێمەی مرۆڤ و گیانداراندا و بەگشتی ٦٠ لەسەدی ئۆکسیژێنی جیهان، لەلایەن ڕوەکەکانەوە بەرهەم دێت. بەپێی هەندێک لە براوردەکان هەر هێکتارێک لە دارستان وێڕای ڕاکێشانی گازی کەربۆنیک، دەتوانێت ساڵانە ٢.٥ تۆن ئۆکسیژێن کە پێویستیی ساڵێکی ١٠ مرۆڤە بەرهەم بهێنێت.

کەمکردنەوەی ژاوەژاو، ڕاکێشانی تەپوتۆز، ڕاکێشانی هەندێک گازی کیمیایی و لەنێوبردنی زۆرێک لە باکتێری و ماددەی خراپی دیکە، لە بایەخەکانی تری داری دارستانەکانە.

٧٠ لەسەدی ڕوەک و گیانلەبەرەکانی جیهان لە دارستانەکاندان و بەهۆی لەنێوچوونی دارستانەکان گیانلەبەران ژینگەی خۆیان لەدەست دەدەن، هەروەها ئەو لەنێوچوونی ژینگەیە دەبێتە هۆی خاشەبڕبوونی ڕوەکەکان. دارەکان ڕۆڵێکی گرینگیان لە سووڕی ئاودا هەیە و ئاوی باران کۆ دەکەنەوە، پاشان ئەو ئاوە دەکەنە هەڵم و لە هەوای دەوری زەویدا ئازادی دەکەن، هەروەها پێش بە پیسیی ئاوی بەخوڕ دەگرن.

 

 

KURDŞOP
665 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!