لە ناوچەی جۆلەمێرگی باکووری کوردستان، 200 جۆر باڵندە تۆمار کراون

کوردشۆپ- لە نهێلی گەڤەر کە دەکەوێتە پارێزگای جۆلەمێرگ لە باکووری کوردستان و شوێنێکە ئاو و کانی و چۆڵەوانییەکی زۆری تێدایە و شوێنی سامانی سروشتییە، تا ئێستا زیاتر لە ٢٠٠ جۆر مەل و باڵندە دەستنیشان کراون.

نهێل، بە بڕیاری سەرۆک کۆماری تورکیا لە ساڵی ٢٠١٩ وەک "ناوچەیەک کە لە ڕووی سۆزدارییەوە دەبێ بپارێزرێت" ڕاگەیاندرا. ئەم ناوچەیە لەگەڵ باسوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاوسنوورە و وێستگەیەکە بۆ تێپەڕینی جۆرەکانی باڵندەکان.

دوای گەرمبوونی کەشوهەوا و توانەوەی بەفر، ئاستی ئاوی نهێل زۆر بەرز بووەتەوە و سامانی جۆرەکانی ئاژەڵ و باڵدارەکانیش زۆر زیادی کردووە. سەنتەری توێژینەوەی جۆرە بایۆلۆژییەکانی زانکۆی جۆلەمێرگ و ئیدارەی پارکە نیشتمانییەکان و پاراستنی سروشت ڕایانگەیاندووە بەو چاوەدێرییانەی لە نهێل کراون تا ئێستا زیاتر لە ٢٠٠ جۆر باڵندە لەم شوێنە تۆمارکراون.

لەو ناوچە پڕ ئاوە، لەگەڵ هاتنی بەهاردا، لەکلەک، چۆلەکەی دەنووک سوور، نەورەس، سیسارکە کەچەڵ، سۆنە (مراوی) و گەلێک باڵندەی جۆراوجۆری ماسیخۆر و قاز و قورینگ ڕوو لەم شوێنە دەکەن. هەندێک جۆری باڵندە لە نهێل دەمێننەوە و دەژین، هەندێک جۆریش بۆ پشوودان ئەم شوێنە بەکار دەهێنن. ئەمەش لە لایەن چاودێرانی باڵندە و هەروەها فۆتۆگرافەران دەقۆزرێتەوە و دەبێتە شوێنێکی سەرنجڕاکێشی گەورە بۆیان.

ئەندامی پەروەردە لە بەشی توێژینەوە و جۆرە بایۆلۆجیەکانی زانکۆی جۆلەمێرگ، د. ئێرکان عەزیزئۆغڵو ڕایگەیاند ئێمە ماوەیەکی زۆرە لە نهێل چاودێریی باڵندەکان دەکەین. وتیشی ئەم ناوچەیە شوێنێکی گرنگە بۆ ئەو باڵندە کۆچبەرانەی لێی دەمێننەوە و لە ساڵی ٢٠٠٩ەوە لەگەڵ بەشی پارکە نیشتمانییەکان و پاراستنی سروشت کاری هاوبەشمان کردووە و لە ئەنجامی ئەو تێبینی و کارە هاوبەشانەدا زیاتر لە ٢٠٠ جۆر باڵندە لە ناوچەکەدا دۆزراونەتەوە. لەبەر ئەوەی لە ژینگەی نهێلدا زەوییەکی گونجاو هەیە، زۆرێک لە جۆرەکان دەتوانن لەسەر ئاوەکانی بژین. یەکێک لە جۆرە گرنگەکان ئەو قورینگەیە کە لەم وەرزەدا ئەم ناوچەیە هەڵدەبژێرێت. هەروەها چەندین جۆری مەل و باڵندە هەن کە ماسی دەخۆن. لە ساڵی ٢٠٠٩دا ١٢٤ جۆر هەبوون. بەڵام لەگەڵ کاری چاودێریکردنمان دەرکەوت جۆرەکان ساڵانە لە زیادبووندان. ئاماژەی بەوەش کرد ئەو ئاگرکەوتنەوانەی لە قامیشەڵانەکانی ئەم ناوچەیە ڕوودەدەن مەترسی لەسەر هەموو ئەو جۆرانە دروست دەکەن، بەڵام لەگەڵ زیادبوونی هەوڵەکانی پاراستن، جۆرەکانیشیان زیاد دەکات.

عەزیزئۆغڵوو وتی، هەموو ئەو جۆرانەی کۆچ دەکەن دووبارە ئەم ناوچەیە هەڵدەبژێرنەوە و لە وەرزی توانەوەی بەفردا ژمارەی جۆرەکانی باڵندە زۆر زیادی کردووە. تەنانەت زۆرێک لە جۆرەکانیش کاتەکانی هێلکە کردن و جووجکە هەڵێنانیان لە گەڤەر بەسەر دەبەن.

عەزیزئۆغڵو ڕوونی کردەوە: لەم ناوچەیەدا زۆر جۆر هەن کە کۆچ دەکەن و لە پاییزدا جارێکی تر بۆ مانەوە دێنەوە ناوچەکە. ئەگەر ژمارەی جۆرەکان هەڵسەنگێنین دەتوانین ئەم ناوچەیە ناو بنێین "بەهەشتی باڵندە". ئەم دەڤەرە یەکێکە لە ناوچە گرنگەکانی سەرچاوە ئاوییەکان. ئەم ناوچەیە نەک تەنها باڵندەی تێدا نشتەجێیە، بەڵکوو چەندین ئاژەڵ و گیانلەبەرە کێوییەکانیشی تێدایە. شوێنێک کە پێویستی بە پاراستن هەیە. زۆرێک لە چاودێرانی باڵندە و هۆگرانی گیانلەبەرە کێوییەکان لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتەوە حەزی زۆریان بۆ ئەم مەبەستە نیشان دەدەن لەبەر ئەوەی ئەم شوێنە ناوچەی تێپەڕینە، لەم ناوچەیەدا دەتوانیت چەندین جۆری جیاوازی باڵندە ببینیت و چاودێرییان بکەیت.

KURDŞOP
834 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!