سوڵتان کۆسەن، باڵابەرزترین پیاوی جیهانە

زارا عەلی

 

"سوڵتان کۆسەن" کە باڵابەرزترین کوردە لە جیهاندا، ڕێکەوتی ١٠-١٢-١٩٨٢ لە شاری مێردین لە باکووری کوردستان لەدایک بووە. ئەو هەر ساڵ لە کتێبی "گینس"دا دەبێتە یەکەم باڵابەرزترین پیاوی جیهان. سوڵتان کۆسەن بە "بەرزترین پیاوی جیهان" دادەنرێت کە باڵای ٢ مەتر و ٥١ سانتیمەترە. ساڵی ٢٠٠٩ بە دەستە ٢٧.٥ سانتیمەتری و قاچە ٣٦.٥ سانتیمەترەکانی ناوی چووە نێو کتێبی "گینس" و ماوەی ١٥ ساڵە ئەو ڕێکۆردەی بە کەس نەداوە. کۆسەن خاوەنی ٣ برا و خوشکێکە، بەڵام هەموویان باڵایان ئاساییە. ئەو لە کتێبی گینس بۆ ساڵی ٢٠٢٣ ناوی هاتووە و زیاتر لە ٥٠٠ جار گەشتی دەرەوەی وڵاتی کردووە و سەردانی ١٢٩ وڵاتی جیهانی کردووە.

هۆکاری ئەو باڵابەرزییە چییە؟

جەستەی کۆسەن لە لەدایکبوونییەوە هەتا تەمەنی دە ساڵی بە شێوەیەکی ئاسایی گەشەی کردووە و هیچ کێشەیەکی تەندروستیی نەبووە، بەڵام لە تەمەنی دە ساڵییەوە پزیشکەکان کێشەی هۆرمۆنییان لە سەریدا دۆزییەوە و لەو کاتەوە باڵای بەردەوام بەرزتر بووە. هەرچەندە نەشتەرگەریی بۆ کرا، بەداخەوە نەخۆشییەکەی چارەسەر نەکرا و جەستەی درێژتر و درێژتر دەبوو. بەڵام ساڵی ٢٠٠٨ پزیشکەکان ئەم گرێیەیان لە سەریدا لابرد، بۆ ئەوەی ئەم گەشەکردنە ڕابگرن. باوەڕ وابوو ئەم گەشەکردنە دەوەستێنرێت، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات دەرکەوت کە بەرزتر و بەرزتر دەبێتەوە، لەو کاتەوە بە دوا ساڵانە ١.٢٧ سانتیمەتر بەرزتر دەبوو.

بە گوتەی توێژەرانی پزیشکی، بەرزبوونی کۆسەن لە ئەندازەی ٢٥١ سانتیمەتری وەستاوە و ئەمەش لە ساڵی ٢٠١٠ لە سەنتەری پزیشکیی زانکۆی "ڤێرجینیا" ئەنجام دراوە.

کتێبی "گینس" و بەرزبوونی سوڵتان کۆسەن

بانگەشەی ئەوە دەکرا کە "سولەیمان عەبدولسەمەد"، تەمەن ٢٩ ساڵ و خەڵکی "غانا" بە باڵای ٢ مەتر و ٨٩ سانتیمەتر، خەریکە ڕێکۆردی جیهانیی سوڵتان کۆسەنی مێردین بۆ "باڵابەرزترین پیاوی جیهان" دەشکێنێت. سولەیمان عەبدولسەمەد کە لە شاری "گامباگا" لە باکووری غانا دەژی، لە تەمەنی ٢٢ ساڵیدا، قامکی بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو گەشەی کرد. لەو کاتەدا کە عەبدولسەمەد دەچێتە نەخۆشخانەیەک لە شاری ئاکرای پایتەخت، دەرکەوت کە تووشی نەخۆشیی "گگانتیزم" بووە و خەریکە درێژتر دەبێتەوە.

بەڵام "مەهمەت ڤەیسی بۆرای"، کە ڕێنوێنیی کۆسەن دەکات، لەسەر ئەوە جەخت دەکاتەوە کە هەندێک هەواڵ بڵاو کراونەتەوە و دەڵێن باڵای سولەیمان عەبدولسەمەد خەڵکی غانا، ٢ مەتر و ٨٩ سانتیمەترە، بەڵام ئەمە ڕاست نییە. بۆرای ئاماژەی بەوەش کرد، باڵای سەمەد ٢ مەتر و ٢٣ سانتیمەترە و هەتا ئێستاش ئەو ڕێکۆردە (ڕێکۆردی باڵابەرزترین پیاوی جیهان) هەر هی سوڵتان کۆسەنە.

کۆسەن زۆر شانازی بە باڵای خۆیەوە دەکات و دڵخۆشە کە هەموو ساڵێک لە کتێبی گینسدا ناوی وەک باڵابەرزترین پیاوی جیهان تۆمار دەکرێت.  ساڵی ٢٠٢٣ لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد:

"باڵای من ٢ مەتر و ٥١ سانتیمەترە و من ئەو کەسەم کە گەورەترین پێم لەسەر ڕووی زەوی هەیە و دەستەکانیشم گەورەن. من میراتی فەرهەنگیی جیهانم و ١٤ ساڵە ئەم ڕیکۆردەم بەدەستەوەیە و تەمەنم ٤٠ ساڵە. هەندێک هەواڵ دەبیستم کە دەڵێن ڕیکۆردەکەی سوڵتان کۆسەن ئیدی کۆتاییی هاتووە. ئەگەر کەسێک لە سوڵتان کۆسەن باڵابەرزتر بێت، تکایە با بێتە مەیدان. ١٤ ساڵە ڕێکۆردەکەم دەپارێزم و نایدەم بە کەس."

سوڵتان کۆسەن ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەو ماوەی ١٥ ساڵە ڕێکۆردی خۆی دەپارێزێت. هەموو ساڵێک کە کتێبی گینس بڵاو دەکرێتەوە، ناو و وێنە و ڕێکۆردەکەی دەخرێتە نێو کتێبەکەوە. کتێبی گینس ساڵانە چاپ دەکرێت. کتێبەکە ئەمساڵ (٢٠٢٤) لە ڕێوڕەسمێکدا لە شاری میلانۆی ئیتاڵیا بەڕێوە چوو. هەتا ئێستا هیچ کەسێک لە جیهاندا ڕێکۆردی سوڵتان کۆسەنی نەشکاندووە، هەر بۆیە ئەمساڵیش ناوی لە هەمان کتێبدا هاتووە.

KURDŞOP
309 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!