کورتەیەک لەسەر ژیاننامەی "محەممەد ئوزون" و بەرهەمەکانی

ئێلان محەممەد

 

محەممەد ئوزون، نووسەر و ڕۆماننووسی کورد، لە یەکەمین کەسانێکە کە شەپۆلی ڕۆمانی مۆدێڕنی بەرز کردەوە. محەممەد ئوزون ساڵی ١٩٥٣ لە گوندی "سوێرەک" سەر بە "ڕحا"ی باکووری کوردستان، لەدایک بووە. خوێندنی خۆی لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی لە "سوێرەک" خوێندووە.

ساڵی ١٩٧١ لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا بەهۆی چالاکییە سیاسییەکانی لەنێو خوێندکاراندا بۆ ماوەیەک لە زیندانی دیاربەکر زیندانی کرا. دواتر ئازاد کرا، بەڵام هەرگیز چالاکییە فەرهەنگی، ئەدەبی و سیاسییەکانی خۆی ڕانەگرت، ئەمانە لە حاڵێکدایە کە لە زانکۆکاندا خوێندکارانی کورد ڕووبەڕووی هەموو زۆر و گوشارێک دەبوونەوە. هەروەها چەند جارێک لەلایەن ئیتلاعاتی دوژمنەوە دەسبەسەر کرا و سزای ٨ ساڵ زیندانی لە زیندانی "ئانکارا"دا بەسەردا سەپێندرا؛ پاشان دوای دوو ساڵ بەهۆی لێبووردنی گشتییەوە ئازاد کرا.

ساڵی ١٩٧٦ گۆڤاری "ڕزگاری" بە زمانی کوردی- تورکی بە بەڕێوەبەریی محەممەد ئوزون دەرچوو؛ بەهۆی ناوەڕۆکی بابەتەکانی گۆڤارەکە، دیسانەوە دەسبەسەر کرایەوە و بۆ ماوەی ٨ مانگ لە زینداندا ڕاگیرا. ناوبراو بەهۆی هەڕەشە و گوشارەکانی سەر ژیانی، لە هاوینی ساڵی ١٩٧٧دا لە سەرخەت چووە بنخەت. چەند دیدارێکی لەگەڵ مامۆستا "ڕەوشەن بەدرخان" پێک هێنا، پاشان چوو بۆ وڵاتی سوید. ساڵی ١٩٧٩ چووە باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لەوێ چەندین دیداری لەگەڵ سیاسەتمەداران و بیرمەندانی وەک "مام جەلال تاڵەبانی، دوکتۆر عەبدولڕەحمان قاسملوو و شێخ عیزەدین حوسێنی" ئەنجام دا. پاشان گەڕایەوە سوید و ماوەیەکی درێژی ژیانی لەوێ بەسەر برد. بە هاوکاریی "شەرەفخان جزیری"، گۆڤاری "ڕزگاریی کوردستان"یان لە ستۆکهۆڵم و گۆڤاری "هێڤی"یان لە پەیمانگای کوردی لە پاریس دەرکرد. هەروەها چەندین وتاری لە چەندین ڕۆژنامە و گۆڤاردا بڵاو کردووەتەوە. لەنێوان ساڵانی ١٩٨٦- ١٩٨٨ لە گۆڤاری "کوردستان پرێس" کاری کردووە. ڕۆمانی محەممەد ئوزون بە ناوی "تو" لەنێو کوردان لە ستۆکهۆڵمدا بووە ڕۆژەڤی سیاسییە پەنابەرەکان. دواتر محەممەد ئوزون ڕۆمانی "سیا ئەڤینێ و رۆژەک ژ رۆژێ ئەڤدالێ زەینکێ"ی بە زنجیرەی ڕۆمانەکانی زیاد کرد. ساڵی ١٩٩٥ لە ڕۆمانی "بیرا قەدەرێ"، باسی ژیانی "میر جەلادەت بەدرخان"ی کردووە و لە نووسینی ڕۆمانەکەدا چووەتە قۆناغێکی نوێوە، ئەمەش قەڵەمەکەی لە ڕۆماننووسیدا بەهێزتر کردووە. هەر بۆیە ڕۆمانەکانی لە ئەمڕۆدا لەلایەن هەزاران خوێندکاری کوردەوە دەخوێندرێنەوە و حەزیان لێیە، چونکە نووسینەکانی بە شێوەیەکی ڕەوان، جوان و سادە نووسراون. هەروەها ڕۆمانەکانی بۆ زۆر زمان وەرگێڕدراون.

لە ساڵانی نێوان ١٩٩٣- ٢٠٠٠دا، زۆرجار سیمیناری لە "یەکیتییا رەوشەنبیرێن وەلاتپارێزێن کوردستانێ "(YRWK) لە سوید بەڕێوە بردووە و لەوێش ئەندامێکی کارای PEN و یەکیەتیی نووسەرانی سوید بووە. هەروەها ساڵی ٢٠٠١ خەڵاتی "Torgny Segerstedt"ی وەرگرتووە.

محەممەد ئوزون ساڵی ٢٠٠٥ گەڕایەوە تورکیا و چەند مانگێک لە ستەنبۆڵ ژیا و لە کۆتاییی ئەو ساڵەدا لەلایەن وەزارەتی ڕۆشنبیریی هەرێمی کوردستانەوە خەڵات کرا.

محەممەد ئوزون لە ١١ی تەشرینی یەکەمی ٢٠٠٧، لە ئامەد کۆچی دواییی کرد و بەرهەمگەلێکی دەوڵەمەندی لە بوارەکانی ڕۆمان، وتار، لێکۆڵینەوە و شیعر بە زمانی کوردی لە دوای خۆی بەجێ هێشت کە وەرگێڕدراونەتە سەر چەندین زمانی دیکەشەوە. هەروەها ئەو بە زمانەکانی "تورکی و سویدی"ش خاوەن چەندین بەرهەم بوو.

بەرهەمەکانی محەممەد ئوزون

- تو، دەنگێ کۆمال (ڕۆمان، ١٩٨٤)

- رۆژەک ژ رۆژێن ئەڤدالێ زەینکێ، ئۆرفەئوس (ڕۆمان، ١٩٨٧)

- مرنا کالەکی رند، ئۆرفەئوس (ڕۆمان، ١٩٨٩)

- سیا ئەڤنێ، ئۆرفەئوس (ڕۆمان، ١٩٨٩)

- دەستپێکا ئەدەبیاتا کوردی، ئانکارا (لێکۆڵینەوە، ١٩٩٢)

- هێز و بەدەویا پێنووسێ، وەشانێن نوودەم (پەخشان، ١٩٩٣)

- ئانتۆلۆژیا ئەدەبیاتا کوردی، ٢ جلد، Tüm zamanlar yayincilik، ستەنبۆڵ (ئانتۆلۆژی، ١٩٩٥)

- بیرا قەدەرێ، ستۆکهۆڵم/ ئاڤەستا، ستەنبۆڵ (ڕۆمان، ١٩٩٥)

- نار چچەکلەر (کولیلکێن هنارێ)، (پەخشان، ب ترکی، ١٩٩٦)

- زمان و ڕۆمان، وەشانێن نووژەن (هەڤپەیڤین، ١٩٩٦)

- بر دل یاراتماک (ئافراندانا زمانەکی)، (هەڤپەیڤین، ١٩٩٧)

- رۆنی مینا ئەڤنێ تاری منا مرنێ، وەشانێن ئاڤەستا (رۆمان، ١٩٩٨)

- دەنگبێژلەرم (دەنگبێژێن من)، (پەخشان، تورکی، ١٩٩٨)

- هاوارا دیجلەیێ ١، ئاڤەستا، ستەنبۆڵ (ڕۆمان، ٢٠٠١)

- دەمێن زنجرکری پەیڤێن زنجرکری، (پەخشان، تورکی، ٢٠٠٢)

- هاوارا دجلەیێ ٢، ئاڤەستا، ستەنبوڵ (ڕۆمان، ٢٠٠٣)

- کەسکەسۆرا تینێ (ڤەگۆتن، ٢٠٠٥)

سەرچاوە:

گۆڤاری W، دۆسیە لەسەر محەممەد ئوزون

 

 

 

 

KURDŞOP
483 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!