ئاراس حسۆ
ژنی کورد، نووسەر، شاعیر و زمانزانی هێژا ئەمینە عەمەر (ئەمینا عومەر)، ساڵی ١٩٤٨ لە گوندی "ئابرێ" سەر بە شاری قامیشلۆی ڕۆژاوای کوردستان، لەدایک بووە.
ساڵانی منداڵێتی و فێربوونی زمانی کوردی
ئەویش وەک زۆرێک لە ژنانی کورد لە بنەماڵەیەکی گوندنشین و نەخوێنەواردا گەورە بووە. لە سەرەتای تەمەنی منداڵیدا سەرەتا پیتەکانی ئەلفبێی کوردیی (زاراوەی کورمانجی) لە کوڕخاڵی خۆی، دەروێش، فێر دەبێت. لە دنیای کتێبی کوردیدا بۆ یەکەمجار بەرەوڕووی وێنە و دەق لە کتێبی داستانی "مەمێ ئالان" و ڕۆمانی "شڤانێ کورمانجا" و پاشان شیعرەکانی "جەگەرخوێن" دەبێتەوە. لەو سەردەمەدا و لە دوای ئەو، ئیدی لەنێو دەریای کەلتوور و زمانی کوردیدا نوقم بووە و لەو دەریایەوە هێدی هێدی ئاوی کەلتوور و زمانی کوردی دەخواتەوە و لەگەڵیدا گەورە بووە.
خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی لە گوندەکەی خۆی تەواو کردووە. ساڵی ١٩٧١ "دیپلۆم"ی بەدەست هێناوە و دواتر بە قاچاخ پەڕیوەی شاری سلێمانی دەبێت. لەنێوان ساڵانی ١٩٧٢ بۆ ١٩٧٤ لە زانکۆی سلێمانی بەشی زمانی کوردی دەخوێنێت.
ئەزموون لەگەڵ شیعرەکانی جەگەرخوێن
لە تەمەنی گەنجیدا زۆر لەژێر کاریگەریی شاعیرانی وەک "جەگەرخوێن" بووە. لە دەقی شیعرەکانیدا ڕۆحی وڵات، ئازادی، ئازار و ژانی بندەستی بە ڕوونی دەبینرێت.
گوندی "ئابرێ" وەک زۆرێک لە گوندە کوردییەکان لەو سەردەمانەدا لە دونیای دەرەوە دابڕابوو. بۆیە بۆ یەکەمین جار ئازار و ناخۆشییەکانی کوردان، زوڵم و زۆرداریی دەسەڵاتی تورکەکان، ئەو کۆمەڵکوژی و تاڵانکردنانەی بەسەر کورددا هاتوون، سەردەمی میرایەتی و عەشیرەتی، برسێتی و نەزانینی نەتەوەی کورد، پارچەپارچەبوون و نایەکسانی و هتد، هەموویان لە ڕێگەی شیعرەکانی جەگەرخوێنەوە ناسراون و کەوتووەتە ژێر کاریگەرییانەوە. ئەمینە عەمەر لە نووسینێکدا لە ماڵپەڕی تایبەتی خۆیدا وەها دەڵێت: "کاتێک من 'شاهنامەیا شەهیدان' و 'پیرا تۆری'م خوێندەوە، زۆر گریام، دووبارە ئازاری بندەستیم ناسی و بووم بە خەباتکارێکی وڵاتپارێز."
بە خوێندنەوەی شیعر لەنێو کۆڕی ڕۆشنبیران و زانایانی وەک "مەلە ئەحمەدی نامی، مەلە ئەحمەد شۆزی، مەلە تاهیر و ئەڤدە تێلۆ"دا ژیاوە و لەنێویاندا ڕێز و حورمەتێکی زۆری هەبووە. پاشان جەگەرخوێن و کچەکەی، "بەنیێ"، دەناسێت و دەبێتە دۆست و هاوڕێیان. جەگەرخوێن زۆرجار کچەکەی و ئەمینەی دەبردە سینەما و زۆر فیلمیان پێکەوە دەبینی، وەک فیلمی "دیا هندێ" و هتد.
کاتێک مرۆڤ سەیری یادەوەری و ئەزموونەکانی ئەمینە دەکات، دەبینێت چۆن لە کۆمەڵگەیەکی نەخوێندەوارەوە بەرەو بواری زمان، ئەدەب و ڕۆشنبیرییەوە چووە.
ئەمینە عەمەر یەکێکە لەو ژنە کوردانەی کە بە قەڵەمی پاراوی خۆی لە بواری زمان، فەرهەنگ و ئەدەبی کوردیدا پێشەنگ بووە. هەروەها لە بوارەکانی شیعری کوردی، فێستیڤاڵی شیعر و چالاکیی ئەدەبی لە ڕۆژاوا، ڕووخساری وەک ژنێک لەم بزووتنەوەیەدا دەبینرا. چەندین جار بەهۆی کار و چالاکییەکانییەوە خەڵاتی پێ بەخشراوە و یەکێکیان خەڵاتی جەگەرخوێن بۆ ئافراندنی شیعر بوو کە لەلایەن یەکیەتیی گشتیی نووسەران و ڕۆژنامەنووسانی کورد لە سووریا لە ساڵی ٢٠١٩دا پێی بەخشرا.
لەلایەکی دیکەوە بە وتار و نووسینەکانی بەشداریی لە زۆر گۆڤار و ڕۆژنامەدا کردووە و لەنێویاندا لە گۆڤارەکانی وەک "گەلاوێژ، پێنووس و پێل" کاری کردووە. هەروەها لەم ڕۆژانەدا ڕێکخراوی "کوردشۆپ" (کوردشۆپ ڕێکخراوێکە خزمەتی زمان و کەلتووری کوردی دەکات و ساڵانە خەڵاتێک بە ناوی "خەڵاتی زارا" پێشکەش بە خەباتکارێکی زمان و فەرهەنگی کوردی دەکات)، لەبەر کارەکانی ئەمینە عەمەر کە ساڵانێکی زۆرە بۆ زمان و کەلتووری کوردی کاری کردووە، دووەم "خەڵاتی زارا بۆ زمانی کوردی"ی پێ بەخشی. ئەو ژنە کوردە کە ئێستا تەمەنی ٧٦ ساڵە، نزیکەی ١٥ بەرهەمی لەسەر زمان، کەلتوور، شیعر و ئەدەبی کوردی هەیە.
بەرهەمەکانی ئەمینە عەمەر
- چیرۆکی هەڵبژێردراو، عەزیز نێسین، وەرگێڕان لە عەرەبییەوە، ١٩٩٠.
- خۆییبوون، کۆمەڵگەی سەربەخۆبوون، ١٩٩٣.
- ڕەگەزی مێ و نێر، لێکۆڵینەوەیەک لەسەر ڕێزمانی زمانی کوردی، ٢٠٠١.
- پەلا داوی، دیوانی شیعر، ٢٠٠٢.
- خوێندنەوەیەک لەژێر ناوی "چارچرایێن مژابادێ" لەسەر ڕۆمانی "مژاباد"ی جان دۆست.
- توێژینەوەیەک لەسەر ناوەڕۆکی کتێبی مامۆستا جەماڵ نەبەز کە لەسەر "زمانی ئیتیمۆلۆژیای کوردییە".
- لە بابەتی زمانی کوردیدا.
- فەرهەنگی ئیتیمۆلۆژیی کوردی لەسەر زاراوەی کورمانجی، بڵاوکراوەی وەشانگەی نووبهار، ٢٠١٤.
- بەژنا خەمێن من، شیعر.
- نووبهارا بچووک و مەزنان، فەرهەنگۆکی شیعر.
- بازێ هێڤیێن من، شیعر.
- لە ڕووی فۆلکلۆرەوە چیرۆکی "ئێشێ و بلۆدۆ"، چیرۆکی "شەنگێ و پەنگێ"، ٢٠٠٣.
- بۆ منداڵان: کێزا کێزەران خوەدیا شمکا خێزەران – پیرێ و ڕۆڤی.
- برتاتیا قولنگ و ڕۆڤی – گور، ڕۆڤی و بەرگیل.
سەرچاوە و وێنە:
ماڵپەڕی کەچا کورد (ئەمینە عەمەر)