بەرزەنجیزادە سەید ئەحمەد عارف

سەعید ڤەرۆژ

بەرزەنجیزادە ئەحمەد عارف کوڕی سەید عەبدولقادر نووری ئەلبەرزەنجییە و لە ساڵی ١٨٨٥ لەدایک بووە. چوار خوشک و برا بوون؛ ئەو، گوڵ، مەلیهات و سایدە. ئەو تەنانەت دوای دامەزراندنی کۆماریش لە تورکیا مایەوە. ساڵی ١٩٣٤ دوای دەرچوونی یاسای پاشناوەوە، پاشناوی "İyicil"ی وەرگرتووە و ناوی تەواوی ئەو بە تورکی " ئەحمەد عارف ئیجیل"ە.

خوشکەکەی بە ناوی گوڵ خانم، لەگەڵ محەممەد شەفیق ئارواسیزادە، سەرنووسەری گۆڤاری کوردستان، هاوسەرگیریی کردووە. ئەحمەد عارف لە سەردەمی ئیمپراتۆرییەتدا وەک "وەکیل دەعوا" کاری کردووە و دوای ڕاگەیاندنی کۆمار، وەک پارێزەر کاری کردووە.

یەکەم بابەتی کە ئێمە دەیزانین، لە ژمارەی پێنجەمی گۆڤاری "تەئاڤوون و تەراقییا کوردان"دا لەژێر ناوی "ژ مەجلیسا مەبووسان را پێشکێشکرنا تەشەککورێن کوردا" بڵاو کرایەوە. لە سەرەتای ئەم بابەتەدا دەڵێت: "لە هاتنی حەزرەتی پێغەمبەرەوە دوو جەژنمان هەبووە، ئەمساڵیش هەموو عوسمانییەکان سێ جەژنیان بەڕێوە برد، ئیدی 'مەجلیسی مەبووسان'یشمان هەیە." لە درێژەی ئەم بابەتە ئاماژەپێکراوەدا دەڵێت: "ئەی مەجلیسی باڵای مەبووسان، ئەی شوێنی ڕاوێژی خاندانە باڵاکانی عوسمانی! هەموو باوەڕداران و خاوەن کتێب و بەرگریکارانی حەقیقەت، بەتایبەتی کوردانی مێرخاس و ئازا، سڵاو و ڕێزی خۆیان پێشکەش دەکەن، ئەوانیش لە دڵەوە ستایش و سپاسی خۆیانتان پێشکەش دەکەن."

 

بەرزەنجیزادە سەید ئەحمەد عارف

بە ناوی "بەرزەنجیزادە سەید ئەحمەد عارف"، سێ لە وتارەکانی لە گۆڤاری کوردستاندا بڵاو کراونەتەوە کە بریتین لە: "کورد و کوردستان -١"، "کورد و کوردستان- ٢" و "تار‌هـ". ئەو لە وتاری پێشوویدا هۆکاری دەستپێکردنی نووسین لەسەر ئەم بابەتە وەها ڕوون دەکاتەوە: "هەتا ئەمڕۆ کەمترین باس و لێکۆڵینەوە لەسەر ژیانی تایبەتیی کورد و کوردستان و وڵاتی نیشتەجێبوونیان کراوە. لە هەموو قۆناغەکانی مێژووی جیهاندا و لە زۆر بارودۆخی گرینگدا جێیان گرتووە، بەڵام زۆر ئیهمال کراون. کورد هەرچەند نەتەوەیەکی نەجیب و ڕەسەنە، بەڵام پێویستە بە شێوەیەکی گرینگ باسی لێوە بکرێت؛ دەزانم زۆر پێویستە مێژوویان، کەسایەتییە بەناوبانگەکانیان، داب و نەریتی ئایینی و ژیانی تایبەتی و گشتی و هەروەها شوێن و پێگەیان لە گەردووندا دیاری بکرێن. من بە هەموو خولیای خۆمەوە ئەم ئەرکەم لە ئەستۆ گرتووە، بەڵام داوای پشتیوانیی ماددی و مەعنەوی لەو کەسانە دەکەم کە پێش من ئەم پێویستییەیان ناسیوە و دەستیان پێ کردووە." نووسەر لە ناوەڕۆکی دەقی ئاماژەپێکراودا باس لە پێشینییانی کورد دەکات و دەڵێت: "لە مێژوودا کورد لە ئەولادی حەزرەتی نوح و نەوەی سامن." لە درێژەی بابەتەکەیدا باس لەوە دەکات کە هەرچەندە هەندێک لە مێژوونووسان بانگەشەی "ئاریایی"بوونی کورد دەکەن، بەڵام ئەم بانگەشەیە پشتڕاست نەکراوەتەوە. "کوردێ بتلیسی" لە گۆڤاری "ژین"دا وەها وڵامی ئیدیعاکانی ئەو دەداتەوە: "هەرچەندە ئەم تیۆرییە ئیتر باو نییە، سەید عارف بەگ لە نووسینەکانیدا دەڵێت کورد لە نەسڵی 'سام'ی کوڕی حەزرەتی نووحە...". بە ڕای من لێرەدا هەڵەیەک هەیە، هەتا ئەم دواییانە واماندەزانی کورد لە ڕەچەڵەکی "یاسەف"ن. با بپەرژێینە سەر لێکۆڵینەوەی توێژەرانی ڕۆژاوایی و بەتایبەت ئەوانەی کە کاریان لەسەر مێژووی کۆنی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی نزیک کردووە. کەس ناڵێت کورد لە ڕەچەڵەکی سامن. یان، ئەگەر ڕەچەڵەکی کورد بگاتەوە "یاسەف"، ئەمە کورد بەرەو دیوی "ئێرانی" دەبات.

بەر لە ڕاگەیاندنی جەمهورییەت، لە ژمارەی ٨٢٧٠ی ڕۆژنامەی "ئیکدام" لە ٧ی ئازاری ١٩١٩دا، بابەتێک بە سەردێڕی Kürdler ve Osmanlılık بە واژۆی ئەو و لەلایەن زانایانی کورد، "سەعید کوردی و سادات-ی کرام" و بە سەرپەرشتیی محەممەد سدیق بڵاو کرایەوە کە لە ناوەڕۆکدا، بەهۆی هاوپەیمانیی کورد و ئەرمەنی، شەریف پاشای کورد ناڕەزایەتیی دەربڕی.

دواتر سەید ئەحمەد عارف بەگ پەیوەندیی بە پارتی "جەهەپە"وە کرد و لە ساڵی ١٩٣٨ وەک ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانیی بەشیکتاشی ستەنبوڵ هەڵبژێردرا. کۆشکی بەناوبانگی ئەدیب ئەفەندی لە ستەنبوڵ هی ئەو بوو. بەگوێرەی لێدوانی نەوەکەی، Muarra İyicil Doğramacı، باپیرەی لە ساڵی ١٩٣٧دا ئەم کۆشکەی دروست کردووە. ئەو هاوسەرگیریی لەگەڵ "سایمە ئیجیل" کردووە، خاوەنی دوو کوڕە بە ناوەکانی "ڕاگپ و غالب" و هەردووکیان بوونەتە پارێزەر. "ڕاگپ" لە ١٣ی ئەیلوولی ١٩٦٣ بەهۆی نەخۆشیی شێرپەنجە وەکۆچی دواییی کرد. ئەحمەد عارف بەگ لە ٢٤ی ئەیلوولی ١٩٥١ لە ستەنبوڵ کۆچی دواییی کرد.

وێنەی ماڵباتەکە: ئەو کچەی جلی سپیی لەبەردایە کچی سەید ئەحمەد موارا ئیجیلە و لای ڕاستی سەرەوی ئەو سەید ئەحمەد عارفە.

سەرچاوەکان (تورکی):

- Berzencîzade Seyyîd Ahmet Arif, Mesclis-i Mebûsan’a İthaf-ı Teşekkürat-ı Kürdane, Kürd Teavün ve Terakki Gazetesi, Numro: 5, 20ê Kanuna Ewel 2324 (2yê Kanûna Pêşî ya 1909)

- Berzencîzade Seyyîd Ahmet Arif, Kürd Teavün ve Terakki Gazetesi, Numro: 5, 20ê Kanuna Ewel 2324

- Berzencizade Seyyid Ahmed Arif, Kürdistan ve Kürdler-1, Kurdistan, No: 4, 15 Mart 1335 (15 Mart 1919)

- Berzencizade Seyyid Ahmed Arif, Kürdistan ve Kürdler-1, Kurdistan, No: 6, 22 Nisan1335 (22 Nisan 1919)

- Berzencizade Seyyid Ahmed Arif, J. b.

- Berzencizade Seyyid Ahmed Arif, Kürdistan ve Kürdler, Kurdistan, No: 4, 15 Mart 1335 (15 Mart 1919)

- Kurdê Bitlîsî, Kürdler “Îranî” değil midir? Jîn, kovara kurdî-tirkî (1918-1919), cild: IV, Wergera M. Emîn Bozarslan, Weşanxana Deng, Sweden, 1985, r. 800

 

KURDŞOP
266 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!