عارف حسۆ، گەنجینەیەک لە فۆلکلۆر و کەلتووری کوردی بوو

ئاراس حسۆ

عارف حسۆ، مامۆستای زمان و ئەدەبی کوردی، هەروەها ئاشقی زمان و فەرهەنگ و فۆلکلۆری کوردی بوو. مامۆستا عارف حسۆ لە 15.05.1965 لە گوندی چەلەبی نزیک شاری کۆبانی کە دەکەوێتە ڕۆژاوای کوردستان، لەدایک بووە. قوتابخانەی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەییی لە کۆبانی خوێندووە، دواتر لە زانکۆی حەلەب ئابووریی خوێندووە، بەڵام بەهۆی سەختیی بارودۆخی ژیانەوە نەیتوانی درێژە بە خوێندن بدات.

بەهۆی خۆشەویستی بۆ کەلتوور و زمانی کوردی، شوێن مامۆستایانی زمان و ئەدەبی کوردی وەک جەلادەت بەدرخان، عوسمان سەبری و نوورەدین زارا کەوت. لە خەمی نەتەوەی کورد، بۆ خۆی، خۆی فێری زمانی کوردی کردووە و سەدان خوێندکاری فێری زمان، کەلتوور و ئەدەبی کوردی کردووە.

لە ساڵی ٢٠١٢ بەدواوە لەگەڵ پەرەسەندنی پریشکی شۆڕش لە ڕۆژاوای کوردستان و هەروەها لەگەڵ کردنەوەی دەزگای زمان و فێربوون، زیاتر خەمی زمانی کوردیی بووە و سەدان خوێندکاری پەروەردە کردووە و پێیگەیاندوون.

لەسەر ئەو بنەمایانە، بە ئیمکاناتە سنووردارەکانی، کتێبێکی لەسەر زمانی کوردی ئامادە کردووە و خاوەن کتێبێکی گوتەی پێشینییانە بە شێوەزاری کۆبانی کە لەژێر ناوی "گۆتنێن بەرێ" چاپ کراوە. لە ساڵی ٢٠١٨ لە زانکۆی ڕۆژاوا دەستی بە وانەگوتنەوەی ڕێزمان کرد و دواجاریش لە زانکۆی کۆبانی دامەزرا و وانەی لەسەر فۆلکلۆر و ڕۆژنامەگەریی کوردی پێشکەش کرد. عارف حسۆ تایبەتمەندییەکی وای هەبوو کە خەڵک نەیاندەزانی خەڵکی کۆبانی یان عەفرین یان جزیرییە، زۆرینەی شێوەزارە کوردییەکانی دەزانی و بە زۆرێک لە زاراوە کوردییەکان شارەزا بوو. ئەمە دەگەڕایەوە بۆ سەفەری ئەو بۆ گوند و شارەکانی کوردستان. لە بواری ئیتیمۆلۆژیی وشەی کوردیدا خاوەن گەنجینە بوو و زانیاریی زۆری لەسەر ڕەگی هەر وشەیەک هەبوو. جگە لەوانە، ئەو سەدان مەتەڵۆک و چیرۆک و پەندی لەبەر بوو. هەر خوێندکارێک، عارف حسۆیان وەک سەرچاوەیەک بۆ خۆیان دەبینی. ساڵانێکی زۆر خۆی بۆ زمانی کوردی ماندوو کردبوو و دواجار خەریکی ئامادەکردنی بەرهەمێک بوو لەسەر فەرهەنگ و فۆلکلۆری ناوچەی کۆبانی.

لە ڕۆژانی کۆتاییی ژیانیدا کاتێک چووە نەخۆشخانە و نەشتەرگەریی بۆ کرا، قەدەر قسەیەکی تری بۆ گوتن پێ بوو. لە ئەنجامدا لە 19.12.2022 بە جەڵتەی مێشک ژیانی لەدەست دا.

نەمر مامۆستا عارف حسۆ، هەستی بەوە کردبوو کە دەمرێت، بۆیە لە زۆر ڕووەوە ویستی یادی بە زیندوویی بمێنێتەوە. یەکێک لەو ڕێگایانە ئەم کتێبەی خۆیەتی، زۆرجار باسی ئەم کتێبەی دەکرد و بە دڵێکی گەشاوە و جوان و بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە چاوەڕێی تەواوبوونی ئەم کتێبە بوو.

بەسەرهاتی بەرهەمی "بەرهەڤۆکەک ژ فۆلکلۆرا کۆبانییێ"

ئەم بەرهەمە بە ناوی "بەرهەڤۆکەک ژ فۆلکلۆرا کۆبانییێ" لە مژاری جۆراوجۆردا باس لە بابەتگەلی جۆراوجۆر دەکات لەبارەی: "سەردان، خەڵک، ناوی گوندەکان، یاریی منداڵان، ئامێری تەون و مەشکە، پەند و چیرۆک و...". لەبەر ئەوەیکە ئەم بەرهەمەی نەمر عارف حسۆ بە تەواونەکراوی مایەوە، بەهۆی خۆبەخشی و ساڵانێک ماندووبوونی بۆ زمان و فەرهەنگی کوردی، ناوەندی لێکۆڵینەوەی فۆلکلۆری زانکۆی کۆبانی، ئەم بەرهەمەی بڵاو کردەوە.

نەمر عارف حسۆ بەهۆی گەنجینەی لە فەرهەنگ و فۆلکلۆری کوردی، لەوبارەوە هەر پرسیارێکی لێ کرابا، دەیزانی وڵام بداتەوە. ئەو نەتەنیا لەو بوارانەدا خاوەن گەنجینەیەکی دەوڵەمەند بوو، بەڵکوو بە شێواز و کەسایەتییەکەی، ڕۆحێکی فۆلکلۆریکی لەنێو خوێندکار و مامۆستا و لایەنگرانیدا هەبوو.

بۆیە ئەم بەرهەمە وێڕای ئەوەی زانیاریی باش بە بەردەنگەکانی دەگەیەنێت، دەتوانێت بۆ زۆر بەرهەمی تریش وەک سەرچاوە بێت. بەداخەوە چارەنووس قسەی تری هەبوو و خوالێخۆشبوو عارف حسۆ بەجێی هێشتین. ئەو دەیویست ئەم بەرهەمە بخرێتە نێو کتێبخانەی کوردییەوە بۆ ئەوەی گەنجینەی ناوچەی کۆبانی لە لەنێوچوون بپارێزرێت.

KURDŞOP
966 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!