حوزنیی موکریانی، یەکەم نووسەری مێژووی کورد بە زمانی کوردی

 

سەید حوسێن حوزنی حەسەنی یان حوزنی موکریانی لە ساڵی(١٨٩٣) و لە شاری مهاباد لە دایک بوو. هێندێک سەرچاوەی دیکەش ئاماژە بەوە دەکەن لە گوندی بوغدەکەندیی نێوان بۆکان و سەقز لە دایک بووە. لەسەردەمی منداڵی لای بابی و خاڵەکانی فێری خوێندن و نووسینی سەرەتایی دەبێت و پاش مەرگی باوکی و بە هۆی باری سەخڵەتی ژیانەوە لەتەمەنی دوانزە ساڵاندا ڕوو لە شارەکانی مەراغە و تەورێز دەکات و لەوێوە دەچێت بۆ «یەریوان»  و دەبێت بە مامۆستای سەرماڵان. پاش دوو ساڵ مانەوە لە یەرەوانی پەێتەختی ئەرمەنستان ڕوولە تفلێسی پەێتەختی جۆرجیا دەکات و پاش مانەوەیەکی کورت دەچێتەشاری باکۆ.

حوزنی پاش مانەوەیەکی کورت لە باکۆ دەچێت بۆ ئەستەمووڵ و لەوشارە چوار ساڵ دەمینێتەوە و سەرقاڵی خوێندنی بەرهەمە مێژووییەکان دەبێت و لە ڕێگەی "مۆرچیتی و خۆشنووسی"یەوە ژیانی دابین دەکات وهاوکات بە زمانی فارسی وتار بۆ دوو گۆڤاری «خاوەر» و «چیهرەنامە» دەنووسێت.

حوزنی لە ئەستەمووڵ شارەزای کاری ڕۆژنامەوانی و چاپخانە دەبێت و جیا لەوەش کەشوهەوای ئەو سەردەمەی ئەستەمووڵ کاریگەریی لە سەر بیری وهزر و ڕوانینی دەبێت و پاش ماوەیەک ڕوودەکاتە شاری «حەلەب» و لەساڵی (١٩١٢) چاپخانەیەک لە ئاڵمان دەکڕێت و پاش سێ ساڵ واتە لە ساڵی (١٩١٥) چاپخانەکە دەگاتە حەلەب و پێدەچێت ئەو کاتە حوزنی تەمەنی نزیکی (٣٣) ساڵ بووبێت.

حوزنی لە  شاری حەلەب یەکەمین بەرهەمی مێژوویی خۆی چاپ دەکات و ساڵی (١٩٢٥) دێتە بەغدا و ساڵی دواتر دەچێتە «ڕواندز» و ساڵی (١٩٣٢) ئیمتیازی ڕۆژنامە «زاری کرمانجی» و هەروەهالە ساڵی (١٩٣٥) مۆڵەتی دووەم ڕۆژنامەی واتە ڕۆژنامەی «ڕووناکی» لەهەولێر وەردەگرێت و پاش ماوەیەک بە  هۆی دوژمنایەتی هەندێ کەسەوە دەگەڕێتەوە ڕواندز و دواتر ڕوو دەکاتە  کەرکووک وهەولێر و دووبارە ڕواندز و تەنانەت لە ساڵی (١٩٤١) دەسبەسەر دەکرێت و دەرنجام بە ناچاری بۆ هەمیشە کوردستان بەجێ دەهێڵێت و ڕوو لە بەغدا دەکات وتا مەرگی لە ساڵی(١٩٤٧) لەوێ دەمێنیتەوە.

کاراکتێر دیزاینێر: هێمن قارەمانی

 

حوزنی پاش نیشتەجێبوون لە باشووری کوردستان و بە کاریگەری لە کەشوهەوای سیاسیی ئەو سەردەمە گەیشتبووە ئەو قەناعەتەی مێژوونووسی، ناوەندی وشیاریی نەتەوەییە و لە ڕێگەی مێژوونووسیەوە دەکرێ بەربەستەکانی بە نەتەوەبوونی کورد بسڕێتەوە بۆیە حوزنی سەرەڕای ژیانی تاڵ و پڕ لە ئێش و ئازاری بەردەوام بوو لە کاری مێژوونووسی و ڕۆژنامەوانی، وەک دوو زەرەورەتی سەرەکی نەتەوەسازی.

"غونچەی بەهارستان" یەکەم کتێبی مێژووی کورد و کوردستانە کە  بە زمانی کوردی و لە لایەن حوزنیی موکریانییەوە لە ساڵی (١٩٢٥) بڵاوبووتەوە. ئەم کتێبە سەرەڕای هەندێ هەڵەی مێژوویی و گرفتی میتودی، تەرخان کراوە بۆ باس کردن لە مێژووی ڕەگەز، زمان، شارستانییەت وسەلماندنی کۆن بوون و میژوویی بوونی کورد، سەرەتای مێژوونووسینە تەوەر تەوەر و دابڕانە لە سوننەتی پێشووی مێژوونووسی کە لە ڕاستیدا هەمان ڕووداونووسی و ستایشی بنەماڵە دەسەڵاتدار و میرەکانی کوردستان بوو کە بە زمانی فارسی نووسراوبوون.

بە پێچەوانەی سونەتی پێشووی مێژوونووسی واتە شەرعییەت بەخشین و ستایشی میرەکوردەکان و هەروەها گێڕانەوەی ڕووداوی سیاسی، کورد و شوناسی  کوردی و ژیانەوەی ڕابردوو لە پێناو نەتەوەسازی دەبێتە ناوەندی سەرەکیی غونچەی بەهارستان.

بەم وەسفە دەکرێت بڵێین بە ناوەندکردنی کورد و کوردستان و پەردەهەڵدانەوە لە ڕابردوووی کوردستان بە مەبەستی بە مەزن و کەونارا نیشاندانی کورد و نیشتمانی کوردان بۆ یەکەمجار لە غونچەی بەهارستانی حوزنی موکریانییەوە دێتە ناوەندی گوتاری مێژوونووسیی کوردی و دەبێتە سەرەتای دەسپێکردنی گوتاری میژوونووسانەی کوردی و بەم بۆنەیەوە دەکرێ "غونچەی بەهارستان" وەک سەرەتای گوتاری مێژوونووسانەی کوردی پێناسەبکرێت.

KURDŞOP
672 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!