ژیاننامەی حوسەین محەممەد عەلی و "نیشتمانی ئاو و حاجی لەقلەقەکان"

ئاراس حسۆ

هەر شارێک بە دەوڵەمەندیی خۆی، هەر شارێک بە خێر و بەرەکەتی خۆی، هەر شارێک بە ئاو و هەوای خۆی و هەر شارێک بە مرۆڤ و پێشەنگی خۆی، لە یادی منداڵانی ئەو شارەدا دەمێنێتەوە. وەرن پێکەوە باسی ژیان، کار، خەبات و یادەوەرییەکانی مامۆستای مامۆستایان، "حوسەین محەممەد عەلی" بکەین. بە سەدان مامۆستا و خوێندکار دەرچووی مامۆستایەتیی ئەون. بۆیە بە یەکەم مامۆستای کۆبانیش ناسراوە.

مامۆستا حوسەین محەممەد عەلی، ساڵی ١٩٥٠ لە گوندی "شەهینکێ"ی سەر بە شاری کۆبانی لەدایک بووە و لە عەشیرەتی "میران"ە. ئەو دوو برا و خوشکێکی هەیە؛ بۆزان، مچۆ و مەقبوولە. وەک هەر کوردێکی تر لە بنەماڵەیەکی کوردپەروەر و هەژار پەروەردە بووە. مامۆستا حوسەین لە سەردەمی جەنگی جیهانیی دووەمدا گەورە بووە. لەگەڵ منداڵانی دراوسێکان، وەک ئەرمەنییەکان گەورە بووە. خاوەن خێزانێکە کە هەمیشە خەریکی هزر و سیاسەت بوون. هەروەها یەکێک لە ئەندامانی "حیزبی کۆمۆنیست" بووە.

لە ساڵی ١٩٥٦دا دەستی بە خوێندنی سەرەتایی دەکات. ئەو قوتابخانەیە کە لە ساڵی ١٩٤٩ دروست کراوە، هەتا ئێستاش هەر ناوی "ش. ئازاد"ە. دواتر خوێندنی ناوەندیی لە قوتابخانەی "ش. دیجلە و فیرات" خوێندووە. کاتێک خوێندنی ناوەندیی لە کۆبانی تەواو کرد، بەهۆی نەبوونی خوێندنی ئامادەیی لەو شارە و سەرەڕای هەژاری و بێ‌دەرەتانیی بنەماڵەکەی، ناچار بوو بچێتە شاری "حەلەب" بۆ ئەوەی درێژە بە خوێندن بدات. لە ساڵانی ١٩٦٨-١٩٦٩ ڕووی لە شاری حەلەب کردووە و پۆلی ١٠ی لە قوتابخانەی "کەواکبی" خوێندووە. لەوێ تا بەکالۆریۆس خوێندوویەتی و لە ساڵی ١٩٧٠ خوێندنی تەواو کردووە.

مامۆستا حوسەین محەممەد عەلی زۆر حەزی لە خوێندن بووە و هەمیشە هەوڵی پەروەردەکردنی خۆی داوە. چونکە حەلەب شارێکی گەورە بوو و هەموو جۆرە کەلتوور، دەوڵەمەندی و خۆگەشەپێدانی تێدا بوو، بۆ ئەو ئەزموونێکی زۆر باش بوو. کەسێکی وەک مامۆستا حوسەین کە خەڵکی ناوچەیەکی کوردی و گوندنشین بوو، کات پێویست بوو کە خۆی لەگەڵ شارێکی گەورەی وەک حەلەب بگونجێنێت.

دوای تەواوکردنی خوێندنی ئامادەیی، لە زانکۆ لە فاکەڵتی ئەدەبی عەرەبی خوێندوویەتی. لە منداڵیدا دوو مامۆستا کاریگەریی زۆریان لەسەر هەبوو. یەکێکیان "عەبدولقادر حافز"، مامۆستای پۆلی ٧-٨ بوو و ئەوی دیکەیان "محەممەد هەمۆیی" بوو. ئەم مامۆستایانە هانیان دا ئەم بەشەی ئەدەبی عەرەبی هەڵبژێرێت و هەمیشە لەودا سەرکەوتوو بمێنێتەوە، چونکە ئەوان بە شێوەیەکی زۆر سەرسووڕهێنەر وانەیان بە قوتابییان گوتووەتەوە و کاریگەرییان هەبووە.

لە ساڵی ١٩٧٥دا، خوێندنی زانکۆی تەواو کردووە. لەو ساڵەوە هەتا ساڵی ٢٠١٠، بۆ ماوەی ٢٥ ساڵ، بەبێ ڕاوەستان، خەریکی پەروەردە بە زمانی عەرەبی بووە. ئەو زۆر حەزی لە مامۆستایەتییە و کەسایەتیی خۆی تێیدا دەبینێتەوە. ئیدی لە کاری مامۆستایەتی و ئەدەبی عەرەبیدا دەگاتە ئاستی بەهرەمەندی و ئافراندن. لە شاری کۆبانی مامۆستایانی کورد زۆر بە دەگمەن لەلایەن ڕێژیمی سووریاوە دادەمەزران، مامۆستایانی عەرەب لە شوێنە دوورەکانەوە دەهێنران و لە قوتابخانەکانی ئەو شارەدا دادەمەزران. بەڵام مامۆستا حوسەین وەک هاووڵاتییەکی کۆبانی و خاوەن هەستی نیشتمانپەروەری، خۆی بە مامۆستایەکی ئاسایی نەدەزانی کە تەنیا قوتابییان فێری زمان بکات.

مامۆستا حوسەین هەمیشە ئەم قسەیەی دەکرد: "شانازی بە منداڵەکانمەوە ناکەم، چونکە من ئەوانم هەڵنەبژاردووە. بەڵام گرینگترین و سەرنجڕاکێشترین هەڵبژاردن بۆ من خوێندکارەکانمن. چونکە ئەوان بەرهەمداری منن.''

مامۆستا حوسەین خوێندکاری پۆلی ٨ بوو و لە ساڵی ١٩٦٨ پەیوەندیی بە حیزبی کۆمۆنیستی سووری (شیوعی) کردووە. لەم حیزبەدا خەباتیان بۆ بڵاوکردنەوەی هزر و کەلتوور لەنێو میللەتدا کردووە. هەروه‌ها به‌هۆی چالاکییه ڕۆشنبیری و ئه‌ده‌بییه‌کانی، توانی کاریگه‌رییه‌کی گه‌وره له‌سه‌ر هاوڕێ خوێندکارەکانی و گەلەکەی دابنێت. ئەندامیەتیی ئەو لەو حیزبەدا تا ساڵی ٢٠٠١ بەردەوام بوو. وەک خۆی دەڵێت: "پرسی حیزبیبوون بۆ من، پرسێکی کەلتووری و گەشەپێدانە."

ساڵی ٢٠١٦ کتێبێکی ناوبراو بە ناوی "نیشتمانی ئاو و حاجی لەقلەقەکان" لەلایەن یەکیەتیی ڕۆشنبیرانی کانتۆنی کۆبانییەوە چاپ و بڵاو کرایەوە. لە ئەنجامی ئەو ڕووداوانەی لە مێژووی کۆبانیدا ڕوویانداوە، ئەو ڕووداوانەی لەگەڵیدا ژیاوە و ئەو یادەوەرییانەی لە یادەوەرییدا ماونەتەوە، ساڵی ٢٠١٢ دەستی بە نووسینی ئەم بەرهەمە کردووە. ئەمە بەرهەمێکە لەنێوان مێژوو و بەسەرهاتدا. ئەم کتێبە زیاتر تیشک دەخاتە سەر ئەو یادەوەرییانەی کە بۆ خۆی ئەزموونی کردوون یان هاوتەمەنەکانی و ئەوانەی پێش خۆی، ئەزموونیان کردووە.

سەبارەت بە ناوی کتێبی "نیشتمانی ئاو و حاجی لەقلەقەکان"، مامۆستا حوسەین دەڵێت: "چونکە پێشتر ئاوی زۆر لە کۆبانی هەبووە، کانیاوەکانی وەک کانیاوی مشدێ و عەرەبان، دەوڵەمەندییەکی زۆریان بە شارەکە بەخشیبوو و شاریان خۆشتر کردبوو. هەروەها، چونکە لەم ناوچانەی ئێمە ئاو و کانیاو زۆر بوون، لەقلەقی زۆریشی تێدا بوون. لەقلەق باڵندەیەکی زۆر دڵسۆزە و لەلایەن خەڵکەوە خۆشەویستە. لە ئەدەبیاتی قەفقازیدا لەقلەق شەهیدن، سەمبولی شەهیدانن، ڕۆحی شەهیدان دەبنە حاجی لەقلەق. هەر بۆیە ویستم پەیوەندییەک لەنێوان کۆبانیی کۆن لەگەڵ ئاو و کۆبانیی ئێستای شەهیدان، دروست بکەم."

مامۆستا حوسەین محەممەد عەلی، خاوەنی دڵێکی نەرم و نیانە، خاوەنی ویژدانێکی ڕاستەقینە و دروستە. بۆ خەڵکی کۆبانی جێگەی شانازییە. تاجێکی زێڕینە کە هەمیشە لەسەر سەری نەوەی نوێ دەدرەوشێتەوە.

سەرچاوە: چاوپێکەوتن لەگەڵ مامۆستا حوسەین محەممەد عەلی

 

KURDŞOP
659 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!