زەینەلعابدین زنار، خاوەنی ١٣٦ بەرهەم، کێیە؟

کەیهان محەممەدی‌نژاد

لەنێو نەتەوەی کورددا زۆر کەسی کاریگەر و توێژەر هەڵکەوتوون کە لەسەر مێژوو، فەرهەنگ و زمانی کوردی هەم لێکۆڵینەوەیان کردووە و هەمیش نەیانهێشتووە بەشێکی گەورەی مێژوو و کەلتووری کورد لەنێو بچێت و بە هەوڵ و قەڵەمەکەیان هێناویانەتە سەر کاغەز و کردوویانە بە کتێب.

یەکێک لەو کەسانەی کە لە بواری فەرهەنگ و کەلەپووری کوردی کاری زۆری کردووە و خۆی ماندوو کردووە، "زەینەلعابدین زنار"، نووسەر و وەرگێڕ و لێکۆڵەری کوردە؛ ئەو خەڵکی باکووری کوردستانە و ساڵی ١٩٥٣ لە گوندی "هادهەدک" سەر بە ناوچەی قووبین لەدایک بووە.

باوکی خەڵکی ناوچەی خەرزانی خواروو و لە عەشیرەتی "پەنجینار" و دایکیشی لە عەشیرەتی "ڕەشکۆتان"ە. لەبەر ئەوەی باب و باپیرانی هەموویان مەلا بوون، بنەماڵەکەیان پێی دەگوترێت "ماڵی مەلایان".

زەینەلعابدین زنار لەلای باوکی لە قوتابخانەیەکی کوردی خوێندوویەتی. لەژێر دەستی چەندین مامۆستای بەناوبانگی وەک "مەلا سەدرەدین یوکسەل، مەلا عەبدولڕەحمان نوسرا و خەلیفە یووسڤ" خوێندوویەتی.

زەینەلعابدین زنار ساڵی ١٩٦٨ دەستی بە ئیمام- خەتیبی کردووە و هەروەها لە ساڵی ١٩٧١ لە سەردەمی "جونتا"دا لە ئیمام- خەتیبی دوور خراوەتەوە. ناوبراو ساڵی ١٩٧٥ بوو بە فەرمانبەر (مەموورتی). قۆناغی ئامادەییی لە شاری باتمان خوێندووە. دوای ئەوە زنار بۆ ماوەی یازدە ساڵ لە شارەوانیی "ئێلهێ"دا کاری داراییی کردووە.

لە ١٢ی ئەیلوولی ١٩٨٠ کە "جونتای لەشکەری" هات، تا مانگی شوباتی ١٩٨٤، زنار هەشت جار دەسبەسەر کرا و زۆر ئەشکەنجە درا. هەروەها زیندانیکردن و دوورخستنەوەی بەسەردا سەپێنراوە. ئەو ئەشکەنجانەی کە بینیویەتی وەک بەسەرهات لە کتێبی "١٧٨ ڕۆژ ئەشکەنجە" بە زمانی تورکی نووسیویەتی.

دادگای لەشکریی دیاربەکر لە ١ی ئازاری ساڵی ١٩٨٤، سەرەتا سزای ١٦ ساڵ زیندان و دواتر ٥ ساڵ دوورخستنەوەی بەسەردا سەپاند. بەڵام ئەم حوکمە لە دادگای تاوانەکان بۆ ٥ ساڵ زیندان و ٢٠ مانگ دوورخستنەوە کەم کرایەوە.

زەینەلعابدین زنار بەهۆی ئەو گوشارانەی سەری و ئەو ئەشکەنجەیەی بینیبووی، لە کۆتایی ساڵی ١٩٨٤ ناچار بوو بچێتە سوید. بەهۆی ئەو ئەشکەنجانەی کە بینیبووی، لە نەخۆشخانەی "خاچی سوور" لە بەشی ئەشکەنجەدیتووانی "ستۆکهۆڵم" لە شوباتی ساڵی ١٩٨٥ هەتا ساڵی ١٩٩٥ لەژێر چاوەدێریدا بووە.

زەینەلعابدین زنار دەستی لە خەباتی خۆی هەڵنەگرت و لە ساڵی ١٩٨٥دا لە ستۆکهۆڵم دەزگایەکی چاپ و بڵاوکردنەوە بە ناوی "پەنجینار" دامەزراند، کە وەشانگەیەکی فەرهەنگی کوردییە و چاپخانەیەکی بچووکیشی دامەزراند. چاپخانەکە ساڵی ٢٠٠٤ داخرا، بەڵام تا ئێستاش وەشانگەکەی بەردەوامە.

زەینەلعابدین زنار لە ساڵی ٢٠٠٢ ئاگادار دەبێت کە دادگای باڵای سەربازی لە ئانکارا سزای زیندانیکردن و دوورخستنەوەی ڕەت کردووەتەوە، بۆیە گەڕایەوە بۆ تورکیا و سەردانی ئەو وڵاتە و کوردستانی کردووە.

سەرەتای نووسینی زەینەلعابدین زنار بە زمانی کوردی لە ساڵانی ١٩٦٣-٦٤ بووە، ئەو سەردەمە بە پیتی عەرەبی (کوردیی ئارامی) دەینووسی، بەڵام لە ساڵی ١٩٨٥ بە شێوەیەکی ڕێکوپێک لە سوید بەردەوام بوو. سەرەتا دەستی کرد بە تیپگۆڕینی کلاسیکی کورمانجی و لێکۆڵینەوەی لەسەر فۆلکلۆری کوردیی کورمانجی کردووە.

زەینەلعابدین زنار هەتا ئێستا زۆر بەرهەمی پڕناوەڕۆکی بۆ گەلەکەی نووسیوە و تا ئێستا (واتە هەتا ساڵی ٢٠٢٣) ١٣٦ کتێبی چاپ کردووە.

زەینەلعابدین زنار ئەندامی ئەم دامەزراوانەیە:

- یەکێتیی نووسەرانی سویدی.

- سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی بێ سنوور.

- پێنی سویدی.

- کۆمەڵەی نووسەرانی کوردی سوید.

لەم دواییانەدا بەرهەمێکی لەسەر "کۆمەڵکوژییەکان لە دۆڵی زیلان" نووسیوە و ئەو بەرهەمەشی تازەیی چاپ کراوە.

توێژەر و نووسەری وەها جێگای شانازیی گەلەکەیانن و پێویستە گەلی کورد بیانناسێت. بەداخەوە ئەو کەسایەتییانە هەتاکوو لە ژیاندان، بەدەگمەن ئاوڕیان لێ دەدرێتەوە، بەڵام کاتێک کۆچی دوایی دەکەن، ئەوکات سەدان خاوەنیان لێ پەیدا دەبێت. ئەوان موڵک و سەرمایەی گەلن و پێویستە ڕێز لە کارەکانیان بگیردرێت و تا لە ژیاندا ماون بەرهەمەکانیان بە باشی بناسرێن.

جارێکیان لە چاوپێکەوتنێکدا پرسیارم لە زەینەلعابدین زنار کرد، بۆ هەر بەرهەمێک چەندە خۆت ماندوو کردووە، لە وڵامدا گوتی: "من بۆ هەندێک چڵی چیرۆک، چەندین ساڵ خۆم ماندوو کردووە و گوند بە گوند و شار بە شار گەڕاوم و دوای گەورەکان کەوتووم تاکوو توانیومە زانیاریی دروست کۆ بکەمەوە." ئەمەش بۆمان دەسەلمێنێت کە بەرهەمی وەها ئەوەندە بە ئاسانی کۆ نەکراونەتەوە و زەحمەتی زۆری بۆ کێشراوە.

زەینەلعابدین زنار لە ئێستادا لە وڵاتی سوید دەژی و لە لێکۆڵینەوە و ئامادەکردنی کتێب سەبارەت بە فەرهەنگ و کەلتووری کوردی بەردەوامە.

KURDŞOP
609 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!