قەناتی کوردۆ و کورتەیەک لە ژیاننامەی

سۆلین ورمێ

زۆرێک لە کوردانی ئێزدی کە بەهۆی زوڵم و زۆرداریی عوسمانییەکانەوە بەرەو یەکێتیی سۆڤییەت هەڵهاتن و لە وڵاتانی ئەرمەنستان و گۆرجستان نیشتەجێ بوون، لە دەرفەتەکانی ئەو وڵاتانە بۆ پەرەپێدانی زمان و کەلتووری نەتەوەییی خۆیان، کەڵکیان وەرگرت.

لەنێویاندا چەندین زانا و نووسەری ناودار هەڵکەوتن، یەکێکیان زانای بەناوبانگی کورد، "قەناتی کوردۆ" بوو. ئەو یەکێک بوو لەو کەسانەی کە بناغەکانی کوردناسیی لە یەکێتیی سۆڤییەت دانا.

قەناتی کوردۆ لە ١٢ی ئەیلوولی ساڵی ١٩٠٩ لە گوندی "سووسز" سەر بە ناوچەی "دیگۆرا" لە "قەرس"، لە بنەماڵەیەکی جووتیار لەدایک بوو. لە سەردەمی جەنگی جیهانیی یەکەمدا بنەماڵەی قەناتی کوردۆ وەک هەزاران بنەماڵەی کوردی ئێزدی لە باکووری کوردستان، ماڵ و وڵاتی خۆیان بەجێ هێشت و بەهۆی زوڵمی داگیرکەرانەوە چوونە ئەرمەنستان.

دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەر، سوپای ڕووسیا لە قەفقاز دەکشێتەوە و سوپای تورکیا بەشێک لە ئەرمەنستان داگیر دەکات و هەزاران کوردی ئێزدی لەلایەن سوپای تورکیاوە کۆمەڵکوژ دەکرێن. بنەماڵەی "قەناتی کوردۆ"ش لەو کۆمەڵکوژییەدا بوون بە قوربانی و تەنیا چەند کەسێک لە بنەماڵەکەی لەو کۆمەڵکوژییە ڕزگاریان بوو. ئەوان ناچار بوون کۆچ بکەن بۆ گۆرجستان و لە شاری تفلیس نیشتەجێ بوون.

قەناتی کوردۆ خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەکانی ئەو ناوچەیە تەواو کردووە. ساڵی ١٩٢٨ بە هەوڵی "عەرەبی شەمۆ"، کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئەرمەنستان ٨ گەنجی کوردی نارد بۆ خوێندن لە شاری لێنینگرادی ڕووسیا کە یەکێک لەوانە قەناتی کوردۆ بوو.

ناوبراو لەبارەی زمانی کوردی زۆر خۆی ماندوو دەکرد و زۆر بەباشی ڕێزمان و ڕێنووسی کوردیی دەزانی. لەو کاتەدا زیرەکیی خۆی نیشان دەدات و سەرەڕای درێژەدان بە خوێندن لە زانکۆ، لە فاکەڵتی کرێکاران دەبێتە مامۆستای زمانی کوردی.

دوای تەواوکردنی خوێندنی باڵا، قەناتی کوردۆ بە مۆڵەتی سەرۆکی زانکۆ لە زانکۆ دەمێنێتەوە و لەسەر زمانی کوردی توێژینەوە ئەنجام دەدات.

ساڵی ١٩٤١ کاتێک ئاڵمانیا هێرشی کردە سەر یەکێتیی سۆڤییەت، قەناتی کوردۆ وەک فەرماندەی یەکەی تۆپخانە، خۆبەخشانە بەشداریی لە بەرەی جەنگدا کرد و هەتا کۆتایی جەنگ مایەوە و چەندین میداڵیای پێ بەخشرا. دوای شەڕەکە لە زانکۆی لێنینگراد بوو بە مامۆستای زمانی کوردی. ئەو خوێندکارانی وەک "مارگاریتا ڕوودێنکۆ"، "ڕووسلان سابۆلۆڤ" و "زارا عەلی یووسپۆڤا"ی بە زمانی کوردی ناساند، کە دواتر بوون بە کوردناسی گەورە.

هەر لەو ساڵانەدا قەناتی کوردۆ لە ئەنستیتۆی زانیاریی مرۆڤناسی کاری کرد و دواتر بوو بە هاوکاری ئەنستیتۆی ڕۆژهەڵاتناسی.

قەڵەمی قەناتی کوردۆ زۆر دەوڵەمەند بوو، نزیکەی ٨٥ کتێب و گوتاری زانستیی چاپ و بڵاو کردەوە. زۆربەی بەرهەمەکانی لەسەر کوردناسی بوون. هەروەها چەندین بابەتی قەناتی کوردۆ لەسەر پرسی زمانی کوردی لە ڕۆژنامەی "ڕێیا تەزە"دا بڵاو کراونەتەوە.

ساڵی ١٩٣٦، کتێبی "گراماتیکا زمانێ کوردی یا کورت"ی قەناتی کوردۆ لە شاری ئێریڤان بە زمانی کوردی چاپ و بڵاو کرایەوە. منداڵانی کورد لە ئەرمەنستان و وڵاتانی دیکەی یەکێتیی سۆڤییەت بە کتێبی قەناتی کوردۆ فێری ڕێزمانی زمانی کوردی دەبوون. ئەو کتێبە هەتا ساڵی ١٩٨٥ بۆ قۆناغی سەرەتایی و پۆلی ٣ تا ٨ چاپ دەکرا.

کوردناس و زمانزانى کورد، "سووکێرمان"، لەسەر ئەم کتێبەی قەناتی کوردۆ نووسیویەتی: "سەرکەوتنی ئەم کتێبە لەوەدایە کە بە شێوەیەکی زانستی نووسراوە. قەناتی کوردۆ تەنیا لێکۆڵینەوەی لەسەر زمانی کوردی نەکردووە، بەڵکوو ڕێگای بۆ لێکۆڵینەوە و فێربوون داناوە."

شاعیری ناودار "عەبدوڵڵا پەشێو" سەبارەت بە قەناتی کوردۆ نووسیویەتی: "مامۆستا قەناتی کوردۆ، چ وەک کەسایەتی، چ وەک زانا و چ وەک ناسیۆنالیستێکی کورد، یەکێک لە گەورەترین پیاوەکانی کورد بوو."

قەناتی کوردۆ خزمەتێکی زۆری بە نەتەوەکەی و زمانی کوردی کرد. بە درێژایی تەمەنی کاری بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی گەلی کورد و زمان و مێژوو و کەلتووری کوردی کردووە.

قەناتی کوردۆ ساڵی ١٩٨٥دا کۆچی دوایی کرد و میراتێکی گەورەی بۆ گەلەکەی بەجێ هێشت.

بەرهەمەکانی قەناتی کوردۆ:

- زمانی کوردی (ڕێزمانی کورمانجی)، لە ساڵی ١٩٥٧دا چاپ و بڵاو کراوەتەوە.

- فەرهەنگی کوردیی کورمانجی لە ساڵی ١٩٦٠دا بە زمانی ڕووسی چاپ کراوە.

- فەرهەنگی کوردیی سۆرانی لە ساڵی ١٩٨٣ بە زمانی ڕووسی بڵاو کراوەتەوە.

- کورمانجیی ژوور و کورمانجیی خواروو، ساڵی ١٩٧٣دا چاپ کراون.

- مێژووی ئەدەبی کوردی، بەرگی یەکەم لە ساڵی ١٩٨٣ و بەرگی دووەم لە ساڵی ١٩٨٥ چاپ کراون.

- ڕێزمانی زمانی کوردی لە ساڵی ١٩٩٠ چاپ و بڵاو کراوەتەوە.

 

KURDŞOP
636 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!