هونەرمەندی دەنگخۆش، میری بزقێ سەعید یووسف

ئاراس حسۆ

"سەعید یووسف"، هونەرمەندێکی دەنگخۆشی کوردە کە بە دەنگی تایبەتی خۆی هەستێکی خۆشی لە دڵی هەزاران کورددا دروست کرد، ئەو یەکێک لە هونەرمەندە ناودار و دەنگخۆشەکانی کوردستانە.

هونەرمەند "سەعید یووسف" کە بە "میری بزقێ" ناسراوە، یەکەم کەس بوو کە بزقێی هێنایە شاری "قامشلۆ" و بە هونەرمەندانی کوردی ناساند و دەیان کەسی فێری بەکارهێنانی ئەم ئامێرە کرد. ئەو هەر لە تەمەنی گەنجییەوە دەستی بە کاری مۆسیقا و گۆرانی کرد و لە ماوەیەکی کورتدا ناو و دەنگی لە سەرانسەری کوردستاندا بڵاو بووەوە و بوو بە یەکێک لە ئەستێرەکانی مۆسیقای کوردی و وێڕای ئەوەیکە کۆچی دواییی کردووە، بەڵام هەتا ئێستاش دەدرەوشێتەوە.

سەعید یووسف ساڵی ١٩٤٧ لە شاری قامشلۆ لە گەڕەکی "قودوور بەگ" لەدایک بووە. لە تەمەنی گەنجیدا بە "بزقێ" دەستی بە مۆسیقای خۆی کردووە و دواتر زۆربەی وشە و ئاوازی گۆرانییەکانی، بۆ خۆی ئامادەی کردوون. ئەو هونەرمەندە ناودارە لە ماوەی ژیانی هونەریی خۆیدا نزیکەی ٧٠٠ گۆرانیی ئامادە کردووە کە وشە و ئاوازەکانی زۆربەیان، هی خۆیەتی.

ئەو نەتەنیا بە سازڤانی و هونەرمەندی ناسراوبوو، بەڵکوو شاعیر و ئاوازژەنیش بووە. هەروەها ئەو بە سەدان ڕستە و ئاوازی گۆرانیی دروست کردووە و پێشکەشی سەدان هونەرمەندی کوردی کردووە.

لە ساڵەکانی ١٩٦٠دا، ڕووی لە بەیرووتی پایتەختی لوبنان کرد و لەوێ "گرووپی نەورۆز"ی دامەزراند و دەستی کرد بە بڵاوکردنەوەی مۆسیقا و چاندی کوردی و ئەمە سەرنجی هونەرمەندان و سیاسەتمەدارانی لوبنانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا، وەک "کەماڵ جانپۆلات" و "ساب سەلام."

ئاواز و گۆرانییەکانی "سەعید یووسف" لە سەرانسەری کوردستاندا بڵاو بوونەتەوە و هەتا ئەمڕۆش دەگوترێنەوە و وەک بەشێک لە کەلتوورەکەمان لە یادەوەریماندا ماونەتەوە. لەو کاتەدا واتە لە شەستەکاندا، گۆرانییەکانی وەک "ئەز کەچم کەچا کوردا مە" و "ئەی فەلەک" و هەندێک لە گۆرانییە بەناوبانگەکانی، لە هەموو کوردستاندا بڵاو بوونەوە.

سەعید یووسف لە ماوەیچیرۆکی ژیانی خۆی و دۆستایەتیی خۆی لەگەڵ مۆسیقای کوردیدا، چەندین خەڵاتی بەنرخی وەرگرتووە، هەروەها وەک زۆرێک لە هونەرمەندانی کورد، ئازار و مەینەتیی زۆری بینیوە. وێڕای چەندین خەڵاتی هونەری، ڕێکخراوی "یوونسکۆ" لە ساڵی ١٩٧٣ لە پاریسدا، پلاکی زێڕینی ئاوازەکانی سەعید یووسفی تۆمار کرد.

ڕاستە هونەرمەندەکەمان لە ڕووی فیزیکییەوە جێی هێشتووین، بەڵام ناو و دەنگەکەی، مۆسیقا و گۆرانییەکانی بۆ سەدان ساڵ وەک گەنجینەیەک دەمێننەوە و چەندین نەوەی نوێی کورد بەو مۆسیقایە گەورە دەبن. لەوانەیە موڵک و ماڵی زۆری بۆ منداڵ و خێزانەکەی بەجێ نەهێشتبێت، بەڵام گەنجینەیەک لە گۆرانی و مۆسیقای بۆ گەلەکەی بەجێ هێشتووە.

هونەرمەندی ناودار و دەنگخۆش، سەعید یووسف، کە هەموو تەمەنی لە خزمەت مۆسیقا و گۆرانیی کوردیدا بوو، بەهۆی نەخۆشیی شێرپەنجەوە چووبووە تورکیا و لە نەخۆشخانەیەکی شاری ستەنبۆڵ چارەسەری بۆ دەکرا. بەڵام بەداخەوە لە ٢٦ی شوباتی ٢٠٢٠ کۆچی دوایی کرد.

هونەرمەندی بەناوبانگ، سەعید یووسف، لە وڵاتێکی بێگانە کۆچی دوایی کرد، بەڵام دوای ماوەیەک تەرمەکەی گەڕێندرایەوە بۆ شارە خۆشەویستەکەی، واتە قامشلۆ.

ئێستاش کە گوێ لە گۆرانییەکانی دەگیردرێت؛ دیمەنی کوردەواری، شار، بیرەوەرییەکان، خەون و خەیاڵ و ڕۆحی کۆمەڵگە دێنەوە بیری خەڵک. بەهۆی ئەو خولیا و هەست و سۆزانەی مۆسیقاکەیەوە، ئەمڕۆ هەر لەلای گەلەکەی و ئازیزانیدا یاد و ناوی زیندووە.

KURDŞOP
531 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!