جەلال مەلەکشا، شاعیری نیشتمانی خوێن و کوێستان و تفەنگ

نووسەر، ڕەخنەگر، چالاکی سیاسی و کۆمەڵایەتی، شاعیری نوێخواز و پێشەنگی کورد، جەلال مەلەکشا، لە 19-03-1951 لە گوندی مەلەکشان سەربە شاری سنە لە پارێزگای سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاتووەتە دونیاوە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندیی هەر لە شاری سنە تەواو کردووە. لە منداڵییەوە هۆگری هۆنراوە و نووسین بووە.

مەلەکشا لە دیارترین و کاریگەرترین دەنگەکانی ڕەوتی نوێخوازیی شیعری کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و یەکێک لە دیارترین شاعیرانی ئەدەبی بەرگری لەم بەشەی کوردستانە کە بە هەردوو زمانی فارسی و کوردی شیعر و چیرۆکی نووسیوە.

جەلال مەلەکشا لە سەرەتاوە بە فارسی شیعر و پەخشان و چیرۆکی دەنووسی و بەرهەمەکانی لە گۆڤارە بەناوبانگە ئەدەبییەکانی ئەوکاتی ئێراندا بڵاو دەکرایەوە. لەبەر هێز و پێزی لە نووسیندا، بە بێ ئەوەی پەرتووکی چاپکراوی ببێ، دەبێتە ئەندامی "کانوونی نووسەرانی ئێران".

لە پاش سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و دامەزرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و سەرهەڵدانی شۆڕش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هێرشی هێزە چەکدارەکانی ئێران بۆ سەر خەڵکی کوردستان، جەلال واز لە نووسینی فارسی دەهێنی و دەست دەکا بە نووسین بە زمانی کوردی و تا کۆتاییی تەمەنی هەر بە کوردی شیعر و چیرۆک و وتار و ڕەخنەی ئەدەبیی نووسی. مەلەکشا بە تایبەت لە ساڵی 1986 بەملاوە کە وەک یەکێک لە ئەندامانی دەستەی نووسەران و دەستەی بەڕێوەبەریی گۆڤاری سروە لە شاری ورمێ چالاکیی هەبوو، کاریگەرییەکی یەکجار زۆری لە پێگەیاندنی دوو بەرە لە نووسەرانی لاوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەبوو.

کاراکتێر دیزاینێر: هێمن قارەمانی

 

مەلەکشا لە نووسینە فارسییەکانی لەژێر کاریگەریی نیما یووشیج، مەهدیی ئەخەوان سالیس و ئەحمەدی شاملوو و لە نووسینە کوردییەکانیشیدا کاریگەریی نووسینەکانی عەبدوڵڵا گۆران، لەتیف هەڵمەت، عەبدوڵڵا پەشێو و شێرکۆ بێکەسی لەسەر بووە.

ئەو لە سەرەتاوە ئەندامی کانوونی نووسەرانی ئێران بووە و دواتر دەبێتە ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری سروە، کە سەرەتا بە سەرپەرشتیی هێمنی شاعیر دەستی بە وەشان کرد پاش کۆچی دواییی هێمن، بە سەرپەرشتیی ئەحمەد قازی، بەردەوام بوو. مەلەکشا پاش زیاتر لە بیست ساڵ کار کردن لە گۆڤاری سروە لە شاری ورمێ، گەڕایەوە بۆ سنە و  ئەنیستیتۆی زمانی کوردی، وەک مامۆستای زمانی کوردی دەستبەکار بوو.

جەلال مەلەکشا وەکوو مروڤێکی ئاشتیخواز و شۆڕشگێڕ هیچکات نەیتوانی لە بەرانبەر ستەم و زۆرداریدا چاو بنووقێنی و ئەسپی قەڵەمی لە مەیدانی خەبات دژ بە ستەمدا تاو داوە و لە سۆنگەی ئەم نووسینانەوە چەند جار دەستبەسەر و زیندان کرا و لە زینداندا ڕووبەڕووی ئازار و ئەشکەنجەیەکی زۆر بووەوە. بەڵام ئەو تا کۆتاییی تەمەنی لەسەر ڕێچکەی نووسینی شیعری نیشتمانی و بەرەنگاری بەردەوام بوو. ئەو لە شیعرێکیدا خۆی وەک شاعیری نیشتمانی خوێن و کوێستان و تفەنگ ناودێر دەکات. هەر ئەو شیعرە نیشتمانییانەش بوونە بە هۆی ئەوەی دیوانی شیعرەکانی بە ناوی "زڕەی زنجیری وشە دیلەکان"، لە لایەن خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە پێشوازییەکی بێ وێنەی لێ بکرێ و هەر لە یەکەم ساڵی چاپ بوونیدا چەندین جار دووبارە چاپ بکرێتەوە.

مەلەکشا جیا لە شیعر لە بواری چیرۆکنووسینیشدا قەڵەمێکی بە بڕشتی هەبووە و هەڵبژاردەیەک لە چیرۆکەکانی لە کاتێبێکدا بە ناوی "کارەسات" چاپ و بڵاو کراونەتەوە. هەروەها کۆی شیعرە کوردی و فارسییەکانیشی لە پاش کۆچی دواییی خۆی بە ناوی کۆی بەرهەمە شیعرییەکانی جەلالی مەلەکشا چاپ و بڵاو کراوەتەوە.

شیعرەکانی ئەم شاعیرە، تا ئێستا بە زمانەکانی فارسی، عەرەبی، ئینگلیزی، لیبیایی، سویدی و... وەرگێڕدراون.

جەلال مەلەکشا لە ڕۆژی 31-10-2020 لە شاری سنە کۆچی دوایی کرد و لەسەر داوای خۆی لە زێدەکەی واتا گوندی مەلەکشانی سنە بە خاکی نیشتمان سپێردرا.

 

 

 

KURDŞOP
857 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!