ئەحمەدی خانی و دڵسۆزیی ئەو بۆ گەلەکەی

سۆلین ورمێ

ئەحمەد خانی کوڕی ئیلیاس کوڕی ڕۆستەم بەگە لە عەشیرەتی خانی، ساڵی ١٦٥١ لە شاری بازید لەدایک بووە. ناوی "خانی" ناوی دایکی شێخ ئەحمەد خانییە، هەروەها ناوی گوند و عەشیرەتەکەیەتی.

ئەحمەدی خانی لە مەدرەسەی مورادییە لە بازید دەستی بە خوێندن کردووە، بۆ تەواوکردنی خوێندن چووەتە "ئەخلات، بدلیس، ڕحا و جزیری بۆتان" و لەوێش چووەتە "سووریە، میسر و ئەستەنبوڵ" و دوای تەواوکردنی خوێندن گەڕاوەتەوە بۆ بازید و لەوێ وانەی گوتووەتەوە و دەستی کردووە بە نووسین. ئەحمەدی خانی قوتابخانەیەکی بۆ پەروەردەی منداڵانی کورد کردەوە و لەوێ وانەی دەگوتەوە. ئەحمەدی خانی نەک هەر وانەی ئایینی و زانستیی بە منداڵان دەگوتەوە، بەڵکوو "فەلسەفە، مێژوو، ئەدەب، جوگرافیا و فەلەکناسی"ی فێر دەکردن.

ئەفلاتوون، فەیلەسوفی بەناوبانگ دەڵێت: "شیعر ڕەنگ و حاڵەتێکی وەحی و ئیلهامی ئیلاهییە لە سەرچاوە ڕۆحی و سروشتییەکانەوە." شیعرەکانی "ئەحمەد خانی"ش گەوهەرێکی ناوازەن و وەک دەریایەکی بێبنن و ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ئەحمەدی خانی فەیلەسوفی ئەدەبی نەتەوەیی کوردە. دەڵێن لە بەهەشتدا درەختێکی پڕ خێر و بەرەکەت هەیە، ناوی تووبایە. لە هەموو لایەکەوە چڵی داوە، لەگەڵ هەر لق و چڵێکی هەموو جۆرە میوەیەکی بە تام و بەنرخی گرتووە، هەر کەسێکی بەهەشتی دەتوانێت ئەو میوانە هەڵبگرێت و لە هەر کاتێکدا ویستی بیخوات. ئەحمەدی خانی درەختی تووبای بەهەشتی کوردستانە، چەندین لقی پیرۆز و پڕبەرەکەتی هەیە کە نەک هەر نەتەوەی کورد، بەڵکوو هەموو جیهان دەتوانن لەو میوە بەنرخانە سوود وەربگرن.

چوار لقە بەنرخەکەی بریتین لە:

١- لقی شیعر و ئەدەبیاتەکەی

٢. لقی ناسیۆنالیزم و نیشتمانپەروەرییەکەی

٣- لقی تەسەوف و بەهاکەی

٤- لقی فەلسەفە و یەکڕیزییەکەی

بەرهەمەکانی ئەحمەدی خانی بریتین لە:

فەرهەنگی عەرەبی و کوردی یان کتێبی "نووبهارا پچووکان" لە ساڵی ١٦٨٣ نووسراوە. ئەحمەدی خانی گوتوویەتی: "من ئەم کتێبەم بۆ منداڵانی کورد نووسیوە، بۆ ئەوەی لە خوێندندا تووشی هیچ ئاستەنگییەک نەبن." "نووبهارا پچووکان" یەکەم فەرهەنگی کوردییە لە مێژووی کورددا. کتێبی "عەقیدەیا ئیمانێ" لە ساڵی ١٦٨٧ نووسراوە. ئەم کتێبە لەسەر مەرجەکانی ئیسلام نووسراوە. زانستە ئیسلامییەکانی بە زمانی کوردی شرۆڤە کردووە. ئەحمەدی خانی زمانی کوردیی گەیاندووەتە ئاستێک کە خەڵک بتوانن لە پەروەردەی ئایینیشدا بەکاری بهێنن.

"مەم و زین"، بەرهەمێکی تری خانییە و چیرۆکێکی خۆشەویستی و نیشتمانپەروەرییە، هەروەها فۆلکلۆری نەتەوەی کوردە. بابەتی مەم و زین ئەویندارییە، هەروەها ئاستی بەرزی ئەدەبی کوردی نیشان دەدات.

ئەمە بەشێکی کورتە لە شیعری ئەحمەدی خانی لە "مەم و زین"دا:

"ساقی بدە من شەرابێ گولگوون

بێ دەنگێ دەف و سەدایێ قانوون

دا شەهنە و موهتەسیب نەبینین

شاهی ب جڤن چو خەم نەمینن

تەشبیهێ نەیێ بکم تەرەننوم

تووتی سفەت، ئەز بکم تەکەڵوم

شەرها خەمێ دل بکم فەسانە

زینێ و مەمێ بکم بەهانە

نەخمێ وی ژ پەردەیێ دەرینم

زینێ و مەمێ ژ نوو ڤەژینم

دەرمان بکم ئەز، ئەوان دەواکم

وان بێ مەدەدان ژ نوو ڤە راکم

ئەڤ رەنگە بکم ژ نوو سەرەفراز

دا بێنە تەماشەیێ نەزەرباز"

ئەحمەدی خانی هەمیشە سەرنجی لەسەر پرسی کۆمەڵگە و جوگرافیای کوردستان بووە و لە شیعرەکانیدا شارەزایانە باسی ئازایەتیی کوردی کردووە و هەمیشە داوای یەکڕیزی و یەکگرتوویی کوردی کردووە. خەم و پەژارەی ئەحمەدی خانی ئەوە بوو کە بۆچی هەموو نەتەوەیەک دەوڵەت و دەسەڵاتی خۆی هەیە، بەڵام میللەتی کورد ئێستاش ئازاد نییە. ئەحمەدی خانی لە شیعرەکەیدا لەو بارەیەوە دەڵێت:

"ئەز مامە د هیکمەتا خوەدێ دا

کورمانجێ د دەولەتا دنێ دا

ئایا ب چ وەچی مانە مەهرووم؟

بل جوملە ژ بۆ چ بوونە مەهکووم؟"

شرۆڤەی ئەم شیعرە بەم شێوەیەیە:

دەڵێت: من سەرسامم بە حوکمی خودا، هۆکار چییە کە کورد لە دەوڵەت و سەروەریی جیهان بێبەش کراوە، بۆچی تا ئێستاش مەحکووم و چەوساوەیە؟

ئەحمەدی خانی لە شیعرێکی تردا دەڵێت:

"هەر میرەکی وان ب بەزلێ هاتەم

هەر مێرەکی وان ب رەزمێ رۆستەم

هندی ژ جەسارەتێ خەیوورن

ئەو چەندی ژ مننەتێ نەفوورن

ئەڤ خیرەت و ئەڤ ئوولووووێ هیممەت

بۆ مان`ێ هەملێ بارێ مننەت

لەو پێکڤە هەمیشە بێ تفاقن

دائیم ب تەممەرود و شقاقن"

شرۆڤەی ئەم شیعرە بەم شێوەیەیە: هەر میر و خانێکی کورد لە ئازایەتیدا وەک "حاتەمی تای" وایە و لە ئازایەتی و زیرەکیدا وەک ڕۆستەمی کوڕی زاڵ وان. ئەوەندە بەغیرەتن کە ڕقیان لە منەتکردنە و کڕنۆش بۆ کەس نابەن و ئیرادەی بەرزیشیان بووەتە هۆی ڕێک نەکەوتنیان.

ژیانی شێخ ئەحمەدی خانی، خەباتێکی سەخت بووە. بۆ ئازادیی گەلەکەی خەباتی زۆری کردووە. ئەحمەدی خانی لە ساڵی ١٧٠٧ لە ناوچەی بازید لە نزیک شاری ئاگری کۆچی دوایی کردووە. گڵکۆکەی بۆ گەلی کورد وەک مەزارگەیەکی پیرۆزە و خەڵکی کوردستان لە هەموو پارچەکانی کوردستانەوە سەردانی گڵکۆکەی دەکەن.

KURDŞOP
1458 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!