محەممەد ڕەمەزانی، چیرۆکنووس و وەرگێڕ، مامۆستای چیرۆکنووسانی رۆژهەڵاتی کوردستان

 

-کوردشۆپ

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٢ی ڕەزبەر بەرابەر لەگەڵ ١٤ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣، ناوەندی ڕۆشنبیریی "مەم و زین" لە هۆڵی "میدیا"ی هەولێر، بە بەشداریی بەشێک لە نووسەران و ڕووناکبیرانی هەر چوار بەشی کوردستان، چوارەمین فێستیڤاڵی مەم و زینی بەڕێوە برد و چوارەمین خەڵاتی ئەم فێستیڤاڵەی پێشکەشی نووسەر و وەرگێڕی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، محەممەد ڕەمەزانی، کرد.

..................

محەمەد ڕەمەزانی ساڵی 1960 لە گەڕەکی جوولەکەکانی بۆکان لەدایک بووە. خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی سەعدیی بۆکان دەست پێ کردووە. هەر لە مناڵییەوە قوتابییەکی زیرەک بووە و بەوە بەناوبانگ بووە لەو کاتەدا کە قوتابیی پۆلی یەک بووە، کتێبەکانی پۆلی پێنج و شەشی زۆر بە ڕەوانی خوێندووەتەوە.

لە پۆلی چواری سەرەتایییەوە لە لای مەلایەک کە خزمی خۆیان بووە و گوڵستانی سەعدیی خوێندووە و ئەوەش هانی داوە بۆ ئەوەی لە دەرەوەی وانەکانی قوتابخانەش دەست بکات بە خوێندنەوەی کتێب و بە تایبەتیش کتێبی ئەدەبی.

لە تەمەنی پێنج ساڵیدا باوکی لەدەست داوە و دایکی بۆ گەورە کردنی مناڵەکانی یەکەم کارگەی شیرینیسازیی لە شاری بۆکان کردووەتەوە. محەممەدیش هەر لە منداڵییەوە لە لای دایکی کاری کردووە.

پۆلی هەشتی لە شاری بانە خوێند و لەوێ دەستی بە چیرۆکنووسی کرد. ساڵی دواتر ماڵیان گەڕایەوە بۆ بۆکان و لەسەر نووسینی چیرۆک هەر بەردەوام بوو. ئەو یەکەم چیرۆکەکانی خۆی بۆ هاوپۆلەکانی دەخوێندەوە. هەر لەو ساڵەدا بەهرەی ناوازەی محەممەد لە فێر بوونی زماندا دەرکەوت و خۆی دەستی کرد بە فێر بوونی زمانی ئینگلیسی. ساڵی دواتر ماڵیان گواستەوە بۆ مهاباد و لەوێ بوو بە ئەندامی کتێبخانەی گشتیی شار. ئەمە دەرفەتێکی ناوازەی بۆ محەممەد رەخساند و دەیان کتێبی ڕۆمان و چیرۆک و شانۆ و شیعری بە زمانی ئینگلیسی خستە بەر دەستی.

یەکەم ڕۆمانێک کە بە ئینگلیسی خوێندیەوە the pearl ی "جان شتاینبەک" نووسەری ئەمریکی بوو. ڕەمەزانێ پێش ئەوەی قۆناغی دواناوەندیی تەواو بکات، لە قوتابخانەی محەمەد ڕەزاشای مهاباد کە دوایە بوو بە ئوستاد شاریکەندی، دەیان ڕۆمان و شێعر وشانۆی بە ئینگلیسی خوێندبۆوە. بەرنامەکانی ڕادیۆ bbcو voa لەسەر کاسێت تۆمار دەکرد و زۆر زوو گوێی کراوەو لە جیاوازی دوو زاراوەی British english و American english حاڵی بوو. هاوکات هەر خۆی دەستی کرد بە فێر بوونی زمانی فەڕەنسی و ئەو زمانەش زۆر بە باشی فێر بوو.

ساڵی1979 چووە زانکۆی تاران و خوێندنی ئەدەبی ئینگلیسیی لەوێ دەست پێ کرد. دوای ساڵێک حکوومەتی کۆماری ئیسلامی بەناوی ئێنقلابی فرهەنگی سێ چوار ساڵان هەموو زانکۆکانی ئێرانی داخست. ڕەمەزانی نەگەڕایەوە بۆ شارەکەی و تا ئەو کاتەی جارێکی دیکە زانکۆکان کرانەوە، لە تاران، کرێکاریی دەکرد. ڕەمەزانی هەر لە یەکەم ساڵی زانکۆ دا یەکەم وەرگێڕانی خۆی بەناوی (ئایا چین دەیهەوێ ئاسیا هەڵلووشێ؟) نووسراوەی "ئێرنێست هێنڕی" لە چاپەمەنیی سپیدار لە تاران بەچاپ گەیاند و ئەو پارەیەی وەریگرت هەمووی دا بە کتێبی ئینگلیسی.

کاراکتێر دیزاینێر: هێمن قارەمانی

 

ساڵی1983 گەڕایەوە زانکۆ وخوێندنی زمان و ئەدەبی ئینگلیسیی لە زانکۆی تاران دەست پێ کردەوە. بەر لەوەی خوێندنی زانکۆ تەواو کات، چەن کتێبی لە بواری هونەر و ئەدەب دا لە زمانی ئینگلیسیەوە وەرگێڕا سەر زمانی فارسی کە لە لایەن خوێنەرانەوە پێشوازیی گەرمگوڕیان لێ کرا. بۆ وێنە کتێبی "شکست وسەرکەوتنی پیکاسۆ" نووسراوەی "جان مێیجێڕ" کە ناوەندی چاپ و پەخشی شەباهەنگی تاران چاپی کرد. ئەم کتێبانە لە لایەن خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆکانی تارانەوە پێشوازییەکی بەرچاویان لێ کرا و مامۆستایانی زانکۆکانی تاران خوێندکارانیان بۆ خوێندنەوەی ئەم وەرگێڕانانە هان دەدا.

ڕەمەزانی پاش گەڕانەوەی بۆ کوردستان لە ساڵی 1989 بڕیار دەدا بزاڤێکی ئەدەبی لە ڕۆژهەڵات وەڕێ بخات. کۆڕی فیرکاریی ئەدەبیی لە ماڵی خۆی دادەنا. شەوانە سی چل کەس لە ماڵی ڕەمەزانی هەتا بەیانی دادەنیشن و هەر یەک بەرهەمی خۆی دەخوێندەوە، لە شیعر و کورتە چیرۆک یان بەشێک لە ڕۆمان و وتار و هەتد..

ڕەمەزانی و حازران گوێیان ڕادەگرت و تێبینیی خۆیان دەگوت. ئەم پڕۆژەیە ئاکامی زۆر باشی لێ کەوتەوە و ئەم شەپۆلە زۆربەی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی گرتەوە و دوایەش ئەنجومەنە ئەدەبییەکان لە زۆربەی شارەکان دامەزرا. وەرگێڕاوەکان و کورتە چیرۆکەکانی ڕەمەزانی لە گۆڤاری سروە و گۆڤارە خوێندکارییەکانی زانکۆکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها لە گۆڤارەکانی کوردستانی باشوور بەتایبەت لە هەولێر و سلێمانی چاپ کران.

محەممەد ڕەمەزانی وەک مامۆستای بەرەی سێهەمی چیرۆکنووسانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دێتە ئەژمار. ئەو لە کۆتاییی نەوەدەکاندا یەکەم کۆمەڵە چیرۆکی خۆی بە ناوی "مزگێنی" چاپ و بڵاو کردەوە کە پێشوازییەکی شایانی لێ کرا و شەپۆلێکی نوێی چیرۆکنووسیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەگەڕ خست و ئەم شەپۆلە تا ئێستاش بەردەوامە. کۆمەڵە چیرکۆی "مزگێنی" ئێستا دوو جار چاپ کراوەتەوە. ئێستاش پاش زیاتر لە بیست ساڵ کۆمەڵە چیرۆکێکی دیکەی بە ناوی "جێژنی لە دایکبوونی شەیتان" ئامادەی چاپە و بەم زووانە بڵاو دەبێتەوە.

چەن ساڵێکە ڕەمەزانی دەستی کردووە بە وەرگێڕانی بەرهەمی ئەدەبیاتی جیهانی وەک کورتە چیرۆک و ڕۆمان لە زمانی ئینگلیسییەوە بۆ سەر زمانی کوردی. گرینگترین ئەو بەرهەمانەی لە چەند ساڵی ڕابردوودا وەریگێڕاون بریتین لە:

- "دەنگی هەرمان" کە وەرگێڕاوی کۆمەڵێک کورتە چیرۆکن و تا ئێستا دوو جار چاپ بووەتەوە.

- "هەروا و تووڕەیی"ی "ڤیلیام ڤاکنێر"ی ئەمریکیی لە ئینگلیزییەوە کردووەتە کوردی و تەواوی سیمبول و ئاماژە مێژوویی و ئەدەبی و ئایینی و تەکنیکەکانی ئەو ڕۆمانەی لە پەڕاوێزدا شەرح وتەفسیر کردووە. (هەر ئەم رۆمانەی بە فاریش وەرگیڕاوە و لە ئێران چاپ و بڵاو کراوەتەوە)

ڕەمەزانی زیاتر لە دە ساڵە خەریکی وەرگێڕانی ڕۆمانی "یۆلیسنوو"(یۆلیسز یا ئۆلیس) نووسراوەی جێمز جۆیسە. ئەو ڕۆمانە کە هەژدە بەشە، وەک مەزنترین ڕۆمانی ئەدەبی لە دنیادا دێتە ژومار. ئەو هەژدە بەشە هەژدە شێوازی جیا لە نەسردا دەگرێتە خۆ. ڕەمەزانی تا ئێستا شەش بەش لەم ڕۆمانەی کردووەتە کوردی.

KURDŞOP
858 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!