ئیسماعیل خەیات، شێوەکاری دەمامکەکان

ئیسماعیل خەیات لە ساڵی 1944 لە خانەقین لەدایكبووە، دەرچووی خانەی ‏مامۆستایانی بەعقوبەیە، لە 1992 - 1998 بەڕێوەبەری هونەری ‏شێوەكاری بووە لە وەزارەتی رۆشنبیریی حكومەتی هەرێمی كوردستان.

ئەو هونەرمەندە کە ئەندامی کۆمەڵەی شێوەکارانی جیهان بوو، لە ژیانی هونەریی خۆیدا 45 پێشانگەی کردووەتەوە. یەکێک لە کارە بەنێوبانگەکانی رەنگکردنی گاشەبەردەکانی گو ندی پیرەر (شوێنی شەڕی نێوان پارتی و یەکێتی لە سنووری شارەدێی دێگەڵە) بوو، وەک ناڕەزایەتییەک دژی شەڕی نێوخۆ و پاڵپشتیکردن لە ئاشتەوایی.

ئیسماعیل خەیات هونەرمەندی شێوەکار لەگەڵ مێژووە دێرینەکەیدا، لە هونەری شێوەکاریدا خاوەنی داهێنان و تایبەتمەندیی خۆیشی بوو؛ بە شێوەیەک لەناو سەدان تابلۆدا، تابلۆی ئەم هونەرمەندە ناسنامەی خۆیت پێشکەش دەکات.

لە پێشانگاکانیدا جا لە هەر شوێنێک بووبا، دواترین تابلۆ پڕ داهێنەکانی خۆی نمایش دەکرد و داستانی ماسییە ڕەش و سپیییەکان و چیرۆکی بەردی ئەو بنار و ئەو گوێ ئاوانە و سەفەری باڵندەکانی دەخستە بەر دیدی بینەرانی. هەر بۆیەش بەردەوام تابلۆکانی ئەم هونەرمەندە جێی سەرنج و سەرسامی بینەرانی.

کاراکتێر دیزاینێر: هێمن قارەمانی

 

ئیسماعیل خەیات، بەردەوام لەگەڵ خەونە هونەرییەکانیدا ژیاوە، خەونێک سنورە کوردانەکەشی بۆ مەودایەکی دوورتر تێپەڕاندووە و لە دەروازەکانی هونەرەوە بە خەم و کارەسات و خۆشی و سروشتی کوردستانەکەیەوە چووەتە ناو بەجیهانی بوونەوە.

کاتێک لە هێڵکارییە ڕەش و سپییەکانی ئیسماعیل خەیات ورد دەبینەوە دەکەوینە بەردەم ژمارەیەک خوێندنەوەی جیاواز کە هەر هەموو ئەو خوێندنەوانە لەسەر بنەمای دوو ڕەهەندی جیاواز لەگەڵ هزری بینەرانیدا دەکەونە دیالۆگ، یەکەمیان ئەوەیە ئایا ئەم هونەرمەندە دەخوازێت بە هێڵە سپییەکان ڕووی ڕەنگی ڕەش پێناسە بکات؟! دووهەمیشیان ناکرێت لەسەر پانتاییە سپییەکان ڕەنگی رەش فەرامۆش بکرێت.

دەمامک لای ئیسماعیل خەیات یەکێک بوو لەو تەکنیکانەی ئامادەییەکی زۆری لە هونەرەکەیدا هەبوو و لە هەر یەکێکیاندا ڕووداوێک و دەموچاوێکی نیشان دەداین، ئاشتییەکی پی دەناساندین و شەڕێکی بۆ بە نەفرەت دەکردین، لەو دەمامکانەدا هەر جارە و باسی لە دۆستێک یان لە دوژمنێک دەکرد و هەر هەمووشیان پێکەوە ژیانیان بۆ دەخوێندینەوە.

تەمەنی هونەریی ئەم هونەرمەندە زیاتر لە نیو سەدە بوو و لە زۆر وڵاتی جیهاندا پێشانگای کردەوە و جیهانە هونەرییەکەی خۆی نمایش کرد کە لە هەر یەکێکیاندا لە ڕێی بەکارهێنانی ئامرازە جۆراوجۆرەکانی دەربڕینەوە، داهێنەرانە باسی لە نۆژەنکردنەوەی ژیان کردووە.

ئیسماعیل خەیات زۆر بەبێدەنگی، دەنگێک ببوو پڕ لە هاوار. لە شەڕی براکاندا ئەو لوولەی فڵچەکەی کردە سەنگەر و سنوورە دابڕاوەکانی پڕ کرد لە ڕەنگ و تابلۆ. دنیایەک کۆتری ئاشتیی لەسەر بەردەکانی " پیرەر" جێهێشت تا چاودێریی برا بەشەڕهاتووەکان بکەن.

ئیسماعیل خەیات بەو بێدەنگیەی خۆی، پەیام و هونەرەکەی گەیشتە ئاسیا و ژاپۆنییەکان بە تامەزرۆییەوە تابلۆکانیان لە گەلەرییەکانی خۆیاندا نمایش دەکرد. نەک هەر ئەوە بەڵکو لەسەر بلوس و تیشێرتەکانیان چاپیان دەکرد!

ئەو هونەرمەندە ڕۆژی پێنج شیەممە 2022/10/20 لە شاری سلێمانی كۆچی دواییی كرد.

ئیسماعیل خەیات خەڵکی خانەقینی باشووری کوردستان بوو. ئاوی ئەڵوەن لە خانەقینەوە هێنای، لە سلێمانی گیرسایەوەو بوو بە یەکپارچە فڵچە و بۆیە و پەیام. ئیسماعیلی کورد بۆ هەمیشە جێی شانازییە.

 

KURDŞOP
607 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!