سۆهراب محەممەدی، چریکەی چیرۆکە ئەویندارییەکانی کوردستانی خۆراسان

 

کوردشۆپ: شارێ جان ناوی ئەوینێکە کە چیرۆکی لە گەڵ ئەویندارە جەنگاوەرەکەی لەناو لاپەڕەکانی مێژوودا بزر بووە. لە سەردەمانی هێرشی ئوزبەک و تورکەمەنەکان بۆ سەر سنووری باکووری خوراسان، دەنگۆی ئەوە دەبێت کە ئەویندار لە هێڵی پێشەوە خەریکی شەڕە و دوژمن لە ڕێگەیێکی ترەوە خۆیان گەیاندووەتە عیمارەتی زەنگلانلوو، شوێنێک کە شارێ، لەوێ دەژی و چاوەڕوانی ئەویندارەکەی دەکات.

بە درێژایی مێژووی پڕ لە کیشە و شەڕ و داگیرکاری لەلایەن دژبەرانی ئەودیوی سنوورەکانی باکووری خۆراسانەوە، کاتێک دڵدارەکان لە گەرمەی شەڕدا لێک دەترازێن و دوور دەکەونەوە، ئەم بڵێسەی ئاگری دووریە دەبێتە ڕستە و بەند و گۆرانییەکی مێژوویی کە مامۆستا سۆهراب بۆمانی بە دیاری بەجێ دێڵێ و "شارێ جان" دەبێتە چیرۆکی شەوان وڕۆژانی خەڵکی کرمانج.

چریکەی ئاوازی شارێ جان دەبێتە تیشکی ئاگری ئەم هەستە پاراو و خاوێنە و ئاگر بەردەداتە دڵ و دەروونی لاوان و ئەوینداران و دڵۆڤانی دەپڕژێنێتە سەر هەمووان.

مامۆستا سۆهراب بلاوێن و بێژەری ئەوێنێکی بزر کراوی مێژووی ئەم هەرێمە بوو. کۆچ لە خاکی باب  و باپیران و پەرتەوازەبوونیان لە دووروڵات. بەڵام تین و گڕی قوڕگی مامۆستا هەتاهەتایە شارێ جان و سەدان چیرۆک و بەسەرهاتی بۆ ئێمە گێڕاوە و لاواندینیەوە.

کاراکتێر دیزاینێر: هێمن قارەمانی

 

مامۆستا سۆهراب موحەممەدی لە ساڵی 1317ی هەتاوی واتە 1938ی زایینی لە مانە و سملەقانی  باکووری خۆراسان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئێران لە دایک بووە. بە "سۆرابی بەخشی"یش ناوبانگی دەرکردووە و یەکێک لە بەناوبانگترین ژەنیارەکانی دووتاری کوردی بووە و ئەستێرەی درەوشاوی ئاسمانی هونەر ومۆسیقای ئەم دەڤەرە بووە.

مامۆستا سۆهراب لە بنەماڵەیەکی هونەردۆست وهونەرپەروەر لە دایک بووە و وەک دەگێڕنەوە باب و باپیریشی لە دنیای هونەر و شیعر و گۆرانی ومۆسیقادا نازناو و ناوبانگیان هەبووە. یەکەم هونەرمەندی کرمانج بووە کە لەڕادیۆ کارەکانی تۆمار کراوە. کارە ناسراوەکانی بریتین لە: شارێ جان. تۆفان، شەهید، لێ یارێ، گولا من و ...

مامۆستا سۆهراب یەکەم کەس بووە لە مۆسیقای ئیتنیکیی ئێراندا دوکتۆرای فەخریی لە بواری ژەنیاری و بێژەری پێ بەخشراوە.

بەپێی وتەی منداڵەکانی، تا کۆتا هەناسەکانی دووتارەکەی لە خۆی دوور نەکردبووەوە و هەمیشە لەگەڵیدابوو.

مامۆستا سۆهراب، دوای تەمەنێک پڕ لەچالاکی و تۆماری مێژووی بزرکراوی کوردانی خۆراسان، لە کاتێکدا کە لە  بارودۆخێکی زۆر دژواری هەژاری و تەنگانەدا دەژیا و تەنانەت پارەی دەوا ودەرمانی نەبوو، لە تەمەنی 82 ساڵیدا لەساڵی 1399ی کۆچی یان 2020ی زایینی، دڵە گەورەکەی لە لێدان وەستا و ماڵئاواییی لە ژیان کرد.

 

KURDŞOP
620 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!