ژیانی دەنگبێژ باقی خدۆ

شادی

دەنگبێژ باقی خدۆ، ساڵی ١٩١٣ لە ناوچەی شێران لە نزیک شاری کۆبانێ لە ڕۆژاوای کوردستان لەدایک بووە و دەنگبێژی دەشتی سرووجە.

ناوی باوکی، خدۆی هنداوی و ناوی دایکیشی ئەمشا مەستۆ بووە. باقی خدۆ دووجار هاوسەرگیریی کردووە، خاوەنی ١٢ کوڕ و ٨ کچە لە هەردوو ژنەکەی و منداڵەکانی تا ئێستاش لە شاری کۆبانێ دەژین.

دەنگبێژ باقی خدۆ، وەک زۆرێک لە دەنگبێژە بەناوبانگەکانی کورد، بووەتە دەنگبێژێکی گەورە و لەنێو خەڵکدا ڕێزی تایبەتی هەبووە. یەکێکە لەو دەنگبێژانەی کە بە دەنگی خۆی داستانە کلاسیکەکان و ئەزموونە کوردییەکانی پاراستووە.

ئەو دەنگبێژە کوردە ساڵی ١٩٩٥ بەهۆی نەخۆشییەوە وازی لە گۆرانی‌گوتن هێنا. ژیانی دەنگبێژ باقی خدۆ لە هەژاری و نەهامەتیدا بەسەر چوو. لە کاتی گۆرانی‌گوتنی باقی خدۆدا محەممەد دوومان کەمانچەی دەژەند و محەممەد گولی تەمبوری لێ دەدا.

دەنگبێژ باقی خدۆ خاوەنی هونەرێکی دەوڵەمەندە و خاوەنی چەندین ئەڵبومی مۆسیقایە و چەندین شریتی تۆمار کردووە.

گۆرانیبێژ باقی خدۆ بە گۆرانییەکانی وەک "دەلالێ ئەدوولێ، دەورێشێ ئەڤدی، بێمال، مەم و زین، تەیار، دەلالی قیزکان و لۆ دلۆ" و چەندین گۆرانیی دیکە کە گوتویەتی، بەناوبانگە و دەنگی بە هەموو کوردستاندا بڵاو بووەتەوە.

دەنگبێژی کورد باقی خدۆ کە لە ڕۆژاوای کوردستان لەدایک بووە، لە سەرتاسەری دەشتی سرووج، ڕحا، دیلۆک و جزیری باکووری کوردستان بەناوبانگ بووە.

هەرچەند لە سەردەمی باقی خدۆدا ئیمکاناتی میدیایی کوردی و دەرفەتە پێویستەکان کەم بووە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش بەرهەمەکانی ئەو گۆرانیبێژە کوردە تا ئێستا ماون و خەڵک هێشتا گوێیان لێ دەگرن. گۆرانییەکانی باقی خدۆ لەلایەن نەوە و منداڵەکانییەوە دەگوترێنەوە.

جگە لە کورد، گەلانی دیکەش لە ڕێگەی باقی خدۆوە گوێیان لە فەرهەنگ و مێژووی کورد ڕادەگرت. بۆ نموونە خانمێکی سویسی، تێزی دوکتۆراکەی بە زمانی ئینگلیزی لەسەر ئەفسانەی "دەورێشێ ئەڤدی" ئامادە کردووە کە لەلایەن باقی خدۆوە نووسراوە.

باقی خدۆ ٥ زمانی زانیوە، ئەوانیش بریتین لە: "کوردی، عەرەبی، تورکی، ئەرمەنی و فەڕەنسی" و گەشتی هەر ٤ وڵاتی سووریا، تورکیا، عێراق و لوبنانی کردووە و جارێکیش خۆی و کەمانچەژەن محەممەد خەلیل غازی، لەلایەن کۆمەڵەی "ئەلئەرز"ەوە بانگهێشتی لوبنان کران.

بەر لەوەی باقی خدۆ وەفات بکات، بە ئامادەبوونی نزیکەی ٦٠٠ ڕۆشنبیر، نووسەر و خوێندکار لەلایەن قوتابییانی زانکۆی حەلەبەوە ڕێزی لێ گیرا.

باقی خدۆ لە ٧ی شوباتی ٢٠٠٩ لە شاری کۆبانێ کۆچی دوایی کرد و خەڵکی کۆبانێ لە ڕێوڕەسمێکی بەشکۆدا دوایین ماڵاواییان لێ کرد و لە گۆڕستانی گوندی تەرمک بەخاک سپێردرا.

 

 

KURDŞOP
655 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!