حاجی جندی و ژیانی پڕ لە هەوراز و نشێوی

کەیهان محەممەدی‌نژاد

کوردە ئێزدییەکان کە نەیاندەویست دەستبەرداری ڕێبازی ئایینی و ڕێوڕەسم و بیر و باوەڕی دێرینیان بن، لەلایەن دەوڵەتی عوسمانییەوە فەرمانی کوشتنیان دەرکرا. ئەو کوردانەی بەهۆی جینۆسایدی عوسمانییەکانەوە لە چیاکانی شنگالەوە کۆچیان کرد، ڕوویان لە شاری دیلۆک لە باکووری کوردستان کرد و لەوێشەوە کۆچیان کرد بۆ قەرس و پاشان بۆ ئەرمەنستان. زۆرێک لە کوردە ئێزدییەکان کە بەهۆی زوڵمی عوسمانییەکانەوە بەرەو ئەرمەنستان هەڵهاتن، لەوێش وازیان لە کاری فەرهەنگی و مەدەنییانە نەهێنا و چەندین کەسی ناودار لەنێویاندا هەڵکەوتن و تەنانەت لەسەر هۆشیارکردنەوەی کورد زۆر کاریگەر بوون.

یەکێک لەو کوردانەی کە ژیانی لە کۆچەری و هەژاری و بێ ماڵی دەرباز کرد، "حاجی جندی" بوو. حاجی جندی کەسێک بوو کە ژیانی بە دەربەدەری و کۆچکردن دەست پێ کردووە، بەڵام بووە دەریایەکی زانست بۆ گەلەکەی.

حاجی جندی ساڵی ١٩٠٨ لە گوندی ئەمانچاییر لە نزیک دیگۆر یان تێکۆر لە قەرس لە باکووری کوردستان لە بنەماڵەیەکی ئێزدی لەدایک بووە. تەمەنی منداڵیی لە گوندی ئەمانچاییر بەسەر بردووە. لە دەوروبەری ساڵی ١٩١٨ بوو کە عوسمانییەکان دەستیان کرد بە کۆمەڵکوژکردنی کوردانی ئێزدی و ناچار بوون بەرەو سۆڤییەت هەڵبێن. لەوێ حاجی جندی بێ ماڵ و حاڵ دەمێنێتەوە و لە هەتیوخانەدا بەخێو دەکرێت.

لەو سەردەمەدا سەدان منداڵی بێ باوکی کورد لە هەتیوخانەدا بوون؛ ئەو لەوێ خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی تەواو دەکات. لەوێ زۆر بە باشی ڕاهێنانی کردووە، بە جۆرێک لە ساڵی ١٩٢٩، چووەتە خولی ئامادەکاریی مامۆستا. لە ٢٥ی ئازاری ١٩٣٠ ڕۆژنامەی "ڕێیا تازە" دەستی بە چاپ و بڵاوکردنەوە کرد. هەروەها حاجی جندی لە هەمان ساڵدا لە بەشی ڕۆشنبیری و ئەدەبی دامەزراوە. حاجی جندی لەگەڵ هاوسەرەکەی بە ناوی "ئەینەڤا ئیڤۆ" لە ڕادیۆی ئێریڤان پێکەوە کاریان کردووە و بۆ یەکەمجار دەنگی ئەوان لە ڕادیۆ پەخش کرا و بەم شێوەیە بانگی گوێگرانی ڕادیۆیان کرد: "گوێگرانی خۆشەویست، بە دەنگی کوردی گوێ لە ڕادیۆ بگرن، ئەمە ڕادیۆی ئێریڤانە". ساڵی ١٩٣٠ بە هەوڵی حاجی جندی و هاوسەرەکەی ڕادیۆی ئێریڤان چالاک بوو. هەر لە ساڵی ١٩٣٠دا بە هەوڵی حاجی جندی، لە ئەنجومەنی نووسەرانی ئەرمەنستاندا، بەشێک بۆ نووسەرانی کورد دانرا و و خۆی بووە بەرپرسی ئەو بەشە.

لە مانگی یەکی ساڵی ١٩٣١ لە شاری ئێریڤان قوتابخانەیەک کرایەوە و خولێکی یەک ساڵە لەم قوتابخانەیەدا هەبوو. حاجی جندی هەر لەو ساڵەدا بوو بە مامۆستای زمانی کوردی و هەتا مانگی ئازاری ساڵی ١٩٣٨، منداڵانی کوردی فێری زمانی کوردی کردووە و ئەمەش کارێکی گەورەی ناوبراو بووە. حاجی جندی لەوێ کتێبی ئەلفوبێی کوردیی ئامادە کردووە، هەروەها کتێبی بیرکاریی لە زمانی ئەرمەنییەوە وەرگێڕاوە بۆ زمانی کوردی بۆ قوتابییانی بەشی یەکەم.

ساڵی ١٩٣٣ بە بڕیاری کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئەرمەنستان، حاجی جندی پەیوەندیی بە یەکێتیی نووسەرانی کۆماری ئەرمەنستان و یەکێتیی سۆڤییەتی پێشووەوە کرد. لە پاییزی ساڵی ١٩٣٣دا، حاجی جندی زانکۆی تەواو کرد و لە پەیمانگای مێژووی کولتووریی ئەرمەنستان لە بەشی لێکۆڵینەوەی فۆلکلۆر دامەزرا. لە ساڵی ١٩٣٤ وەک ئەندامی پەرلەمانی ئێریڤان هەڵبژێردرا.

زەینەڤا ئیڤۆ، هاوسەری حاجی جندی سەبارەت بە کارەکانی هاوسەرەکەی لە بیرەوەرییەکانیدا دەڵێت: "حاجی خەباتکارێکی زۆر گەورە بوو. ڕۆژانێک هەبوو حاجی ١٤ یان ١٦ کاتژمێر کاری دەکرد و هەندێکجاریش زۆرتر کاری دەکرد، چونکە زۆر حەزی لە کارکردن بوو بۆ گەلەکەی. خەڵکێکی زۆر سەردانی ماڵەکەمانیان دەکرد. هەموو ڕۆژێک سەردانکەرمان هەبوو. کەسانێک هەبوون کە دەهاتن و داوای هاوکاری و پاڵپشتییان دەکرد، حاجیش یارمەتییانی دەدا. جاری وابوو، حاجی تا درەنگانی شەو سەرقاڵی کار بوو و دەینووسی؛ هەندێک جار تا بەرەبەیان سەرقاڵی کار بوو، تەنانەت کاتی خواردنی نەبوو، دەیگوت: نانەکەم لە گیرفانم بخە، دواتر دەیخۆم. درەنگانی ئێوارە ماندوو و برسی بوو و نانەکەی لە جانتاکەیدا بوو و گوتم: کەمتر کار بکە، گوتی: تۆ مردنی منت دەوێت؟"

حاجی جندی لە ساڵی ١٩٣٠ تا ١٩٦٨ بەرپرسی بەشی نووسەرانی کورد بووە؛ لە ساڵی ١٩٣٣ وەک ئەندامی کۆمیتەی ئامادەکاریی یەکێتیی نووسەرانی ئەرمەنستان هەڵبژێردرا، پاشان لە ساڵانی ١٩٣٤ و ١٩٦٨، بووە سەرۆکی یەکێتیی نووسەرانی ئەرمەنستان.

ساڵی ١٩٣٦ بەرهەمی "zargotina kurmancan" وەک کتێبێکی گەورە بە ناوی "Folklora Kurmanca" چاپ و بڵاو کردەوە. حاجی جندی لە ساڵی ١٩٤١ کتێبێکی بە ناوی "Ker û Kulikê Silêmanê Silîvî" بۆ تێزی دوکتۆرا ئامادە کرد و ئەو کتێبەش بە زمانی کوردیی کیریلی چاپ و بڵاو کرایەوە.

لە ساڵی ١٩٦٥ دوکتۆرای پلەی دووەمی بەدەست هێنا. لەو کاتەدا ڕۆژنامەی ئەدەبیی مۆسکۆ بە ناوی "لیتێراتوورنایا گازێتا" لە ١٢ی حوزەیرانی ١٩٦٥ وێنەیەکی حاجی جندی و بنەماڵەکەی بڵاو کردەوە و لە خوارەوەی نووسیبووی: "خێزانی حاجی جندی دوکتۆرایان لە زانیاریدا وەرگرتووە."

حاجی جندی لە ساڵی ١٩٦٨ تا ١٩٧٤ وەک مامۆستای زمان و ئەدەب و فۆلکلۆری کوردی لە بەشی ڕۆژهەڵاتناسی و کوردناسی لە زانکۆی ئێریڤان کاری کردووە. ساڵی ١٩٧٢ بە ئەندامی ئەکادیمیای کوردی لە عێراق هەڵبژێردرا.

ناوبراو چەندین کتێبی خوێندنی بۆ قوتابخانەکان نووسیوە، چەند کتێبێکی لە زمانەکانی دیکەوە وەرگێڕاوە بۆ زمانی کوردی؛ چەندین کتێبی چاپ کردووە. لەلایەکی دیکەوە لە یەکێتیی ڕۆشنبیرانی کورد، یەکیەتیی نووسەرانی کورد، ئەکادیمیای کوردناسی، ڕۆژنامە و کۆمیسیۆنەکانی زمان، ڕۆڵێکی باڵای هەبووە.

حاجی جندی، باوکی فۆلکلۆری کوردی لە ١ی ئایاری ١٩٩٠ کۆچی دوایی کرد. ئەو میراتێکی دەوڵەمەندی زانستیی لە دوای خۆی بەجێ هێشتووە. لەگەڵ ژن و منداڵەکانیدا نەک هەر بە زمانی کوردی بۆ گەلەکەی لە تاراوگە کاریان کردووە، بەڵکوو بە دڵ و گیان بۆ کولتوور و فۆلکلۆری کورد کاریان کردووە.

لە مێژووی زمان و فۆلکلۆری کوردیدا، حاجی جندی ناوی خۆی بە پیتی زێڕین تۆمار کردووە.

 

KURDŞOP
770 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!