دەنگبێژی کورد نەسرین شێروان

شادی

 

کوردشۆپ- خانمە هونەرمەند و گۆرانیبێژی کورد، نەسرین ئۆمەر شێروان، کە بە نەسرین شێروان ناسراوە، ساڵی 1929 لە گوندێکی سەر بە پارێزگای شرناخی باکووری کوردستان لە بنەماڵەیەکی کۆچەری لەدایک بووە.

نەسرین، هونەرمەند و گۆرانیبێژی کورد، بەهۆی کێشەی داراییەوە لەگەڵ خێزانەکەی بۆ زۆرێک لە شار و ناوچەی باکوری کوردستان گەشتیان کردووە و دواجار لە ساڵی 1932دا ڕوویان لە باشووری کوردستان کردووە و لە ناوچەکانی دارھۆزان و قەدیاو و زاخۆ دەمێننەوە. دوای ماوەیەک خێزانەکەی ڕوویان لە بەغدای پایتەختی عێراق کرد، بەڵام نەسرین ماوەیەک لە شاری زاخۆ مایەوە، دواتر ئەویش بەهەمان شێوە دەچێتە بەغدا.

لەو کاتەدا نەسرین شێروان لە ماڵی پیاوێکی دەوڵەمەند بە ناوی غەریب پووەز کار دەکات کە پێشتر یەکتریان ناسیبوو و لەو کاتەدا لەگەڵ ڕۆشنبیرانی وەک عەلی مەردان و حەسەن جزیری ئاشنا بوو و بە پێشنیاری عەلی مەردان، لە ٢٥ی ئازاری ١٩٤٤ ، لە ڕادیۆی بەغدا دەست بە کارکردن دەکات. دوای ئەو قۆناغ و پڕۆسەیە، ئەو گۆرانییانە دەڵێتەوە کە لە تەمەنی گەنجیدا فێری بووە. هەروەها شیعری هەندێک شاعیری وه ک جگەرخوێن و شێخ سەلام دەڵێتەوه و لەگەڵ زۆرێک له هونەرمەندانی ئەو قۆناغه هاوکارەی وەک محەممەد عارف جزیری، عیسا بەرواری، حه سه ن زیره ک، تاهیر تۆفیق، ڕه سووڵ گەردی، شەماڵ سائیب، کاوەیس ئاغا و بەرهەمه هاوبەشه کان و... گۆرانی دوو کەسی دووانەیان لەگەڵ دەڵێت.

نەسرین شێروان، جگە لە ئاواز و گۆرانییە فۆلکلۆرییەکان، خاوەنی چەندین ئاواز و گۆرانیی تایبەتی خۆیەتی، کە لەسەر قەوان تۆمارکراون. ئەو خانمە گۆرانیبێژە کوردە لە ساڵی 1975 نەخۆش کەوت و ئەویش وەک زۆرێک لە هونەرمەندانی ئەو سەردەمە بە بێبەشی و تەنیایی مایەوە. نەسرین ئۆمەر شێروان، دوای نەخۆشکەوتن، دوا ساڵەکانی لە شەقامەکانی بەغدا بەسەر دەبات، لەگەڵ دەرمانەکەی.

نەسرین شێروان گۆرانیبێژی کورد لە 10ی تشرینی یەکەمی ساڵی 1990 لە شەقامەکانی بەغدای پایتەختی عێراق کۆچی دواییی کرد. هونەرمەند و گۆرانیبێژی کورد نەسرین شێروان هەموو ماڵ و کەلوپەلەکانی تەنها چەند جلوبەرگێک و ڕەچەتەی دەرمانەکەی بوو کە لە پاش خۆی بەجێی هێشتووە.

KURDŞOP
566 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!