جەماڵ نەبەز، نووسەر، ڕۆژنامەنووس، زمانزان و بیرمەندی نەتەوەیی

پرۆفیسۆر جەمال نەبەز، نووسەر، زمانزان ، بیرمه‌ند و  ئه‌كادیمیستی ناسراوی کورد و لە دامەزرێنەرانی کاژیک بووە.

ساڵی ١٩٣٣ لە شاری سلێمانی لە دایک بووە. هاوکات لەگەڵ خوێندنی ئیسلامی، لە زانکۆی بەغدا فیزیا و ماتماتیکی خوێندووە. ماوەیەک لە کەرکووک و هەولێر و بەغدا و بەسرە مامۆستا بووە و وانەی وتووەتەوە. لە ساڵی ١٩٦٢ لە زانکۆکانی میونیخ و ئۆزبۆرگ لە لقی خوێندنی ئیسلامی و ئێرانناسی درێژەی خوێندن داوە.

جەماڵ نەبەز لە نێوان ساڵانی ١٩٦٧ تا ١٩٧٠ کاتێ خوێندکاری زانکۆی هامبۆرگ بووە لە گەڵ چەند هاوڕێیەکی یەکێتی نەتەوەیی خوێندکارانی کورد دادەمەزرێنێت و پاشان لە نێوان ساڵانی ١٩٧٠ تا ١٩٧٩ لە زانکۆی بەرلین دوکتۆرای لە زانستە سیاسییەکان، رۆژنامەنووسی و یاسا وەرگرتووە.

ناوبراو هاوکات یەکێکە لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی کاژیک (کۆمەڵەی ئازادیی و ژیانەوە و یەکێتیی کورد) کە ساڵی ١٩٥٩ لە باشووری کوردستان لەسەر بنچینەی قوتابخانەی کوردیی سۆسیالیزم دامەزرا و کامیل ژیر، ئەحمەد ھەردی و فایەق عارف لە ئەندامانی بەرچاوی دیکەی ئەو کۆمەڵەیە بوون.

کاراکتێر دیزاینێر: هێمن قارەمانی

 

 

بەرهەمەکانی جەماڵ نەبەز:

 چیرۆکی گەرداوەکە (بە ئینگلیزی: "The Tempest") ھی نووسەری ئینگلیز ویلیام شێکسپیر، وەرگێڕدراوی جەمال نەبەز ساڵی ١٩٥٥

لالۆ کەریم؛ ڕۆمانێکی کوردییە لە ساڵی ١٩٨٦ لە ھەولێر

خوێندەواری بە زمانی کوردی لە ساڵی ١٩٨٧

نووسینی کوردی بە لاتینی

وەرگێران ھونەرە، چاپخانەی ژین

پالتۆ (بە ئینگلیزی: "The Coat") لە ساڵی ١٩٥٨ ھی نووسەری بەناوبانگ نیکۆڵای گۆگۆل

سەرەتای میکانیک و خۆمالەکانی ماددە

زمانی یەکگرتووی کوردی، ساڵی ١٩٧٩

ھەندێک لە کێشە بنەڕەتییەکانی قوتابخانەی کوردی سۆسیالزم لە ساڵی ٢٠٠١

ڕۆژانی ئاوارەییم، لە سویس

کاژیک پێشخان و پاشخانەکانی، ساڵی ٢٠١٥

شایانی باسە دوایین بەرهەمی پڕۆفیسۆر نەبەز، كتێبێکە لە ژێر ناوی "بیره‌وه‌رینامه‌ى ئه‌و رۆژانه‌ى جارێكى دی ناگه‌ڕێنه‌وه" کە لە دووتوێی ‌۶۴۰ لاپەڕە له ‌سلێمانى بڵاكرایه‌وەتەوە .

پرۆفیسۆر جەماڵ نەبەز لە ساڵی 1963 و لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوولدا نامەیەک بۆ فەیلەسووفی بەناوبانگ، بێرتراند ڕاسێل دەنێرێ و تێیدا باس لە ئەو ستەم و نەهامەتییانە دەکات کە لەسەر دەستی حکوومەتی عێراق و حکوومەتەکانی دیکەی داگیرکەری کوردستان، بەسەر کوردی باشووری کوردستان و پارچەکانی دیکەی کوردستان هاتووە و داوای لێ دەکات دەنگی کورد بە گوێی جیهان بگەیەنێت. بێرتراند ڕاسێلیش لە وڵامدا ئەم نامەیەی خوارەوە بۆ جەماڵ نەبەز دەنێرێت:

 

نامەی بێرتراند ڕاسێل فەیلەسووفی بەناوبانگ بۆ دوکتۆر جەماڵ نەبەز:

وەرگێڕان: سەحەر ساڵحیان

 

لە برتراند ڕاسێڵەوە بۆ بەڕێز جەماڵ نەبەز

۵ی ژوولای ۱۹۶۳

بەڕێز جەماڵ نەبەز

زۆر سپاس بۆ نامەکەت لە ۲۵ی ژووئەن. من زۆر نیگەرانم لەو هەڵسووکەوتە دڕندە و بێ بەزییانەی حکومەتی عێراق بەرانبەر بە گەلەکەت و هەموو ئەوانەی کە ڕقیان لێیانە، کردوویانە و ئاگاداری ئەو هەموو ڕەنج و نەهامەتییە ڕۆحپڕووکێنەرانە هەم کە خەڵکی کورد لە هەموو ئەو وڵاتانەی کە ئێوە ئاماژەی پێ دەکەن، بینیویانە.

بێگومان هەموو هەوڵی خۆم ئەدەم بۆ ئەوەی ئەو دڕندەیی و توندوتیژییەی بەرانبەر گەلەکەت کردوویانە، لە بەر سەرنج و ئاگاداریی هەموو ئەوانەی خوازیار و تامەزرۆی بیستنن دابنێم و سپاسبژێریشت دەبم گەر هەر زانیارییەکتان لەمەڕ شەڕی هەنووکەی کوردستان پێ دەگات، بۆم بینێرن.

هیوادارم لە داهاتوویەکی نزیکدا نوێنەرانێک بۆ عێراق بنێرم بۆ لێکۆڵینەوەی ڕاستەوخۆی بارودۆخی ئەو وڵاتە.

لەگەڵ ڕێز و حورمەت

برتراند ڕاسێڵ

.....

ئەم نامەیە دەریدەخات جەماڵ نەبەز لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا، چ تێکۆشان و تەقەلایەکی بووە بۆ ئەوەی پرسی کورد لە ئاستی جیھاندا بگەیەنێت بە گوێی کەسە ناودارەکان.

پڕۆفیسور "جەماڵ نەبەز"، نووسەری لێهاتووی کورد، ڕۆژی ۱۷ی سەرماوەزی ۹۷ی هەتاوی لە تەمەنی ٨۵ ساڵیدا لە ئەڵمانیا ماڵئاواییی لە ژیان کرد.

KURDŞOP
583 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!