شێرکۆ بێکەس، ئیمپراتۆری شیعری جیهان

شێرکۆ بێکەس کوڕی شاعیری ناودار و نیشتمانپەروەری کورد فایەق بێکەسە و ڕۆژی ٢ی ئایاری ساڵی ١٩۴٠ لە گەڕەکی گۆیژەی شاری سلێمانی لە دایک بوو. تەمەنی هەشت ساڵان بووە کە بێکەسی باوکی ساڵی ١٩۴٨ کۆچی دواییی کردووە.

یەکەمین شیعری خۆی لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا لە رۆژنامەی ژیندا بڵاوکردەوە. ئەو شاعیرە لە ساڵی ١٩۶٩ لەگەڵ نەسرین میرزا ژیانی هاوبەشی پێک هێنا.

ساڵی ١٩۶۵ بوو بە پێشمەرگە و لە رادیۆی دەنگی کوردستانی عێراق لە ئەشکەوتی سەردێمان لە باشوری کوردستان دەستی بە کار کرد. ئەو ئەشکەوتە زیاتر لە کیلۆمەترێک لە ڕێگەی نێودەوڵەتیی هامڵتۆنەوە دوورە، بە دیاریکراویش دەکەوێتە گوندی شیناوە و لە ڕووی ئیدارییەوە سەر بە شارەدێی قەسرێی سەر بە شارۆچکەی چۆمانی پارێزگای هەولێرە.

ساڵی ١٩۶٨، یەکەمین پەرتووکی شیعری خۆی بە ناوی "تریفەی ھەڵبەست"ی لە بەغدا چاپ کرد. لە ساڵی ١٩٧٠ لەگەڵ کۆمەڵێک لە شاعیرانی بەناوبانگی ئەو سەردەمە بانگەوازێکیان بۆ گۆڕانکاری لە شیعری کوردی و نوێکردنەوەی شیعری کوردی بڵاوکردەوە کە بە بزووتنەوەی "ڕوانگە" ناوی دەرکرد.

شێرکۆ بێکەس لە ساڵی ١٩٨٧ لە سوید "خەڵاتی تۆخۆڵسکی"، وەرگرت و خەڵاتەکەی لە لایەن سەرۆکوەزیرانی ئەو دەمی سوێد "ئیگڤار کالرسۆن"ەوە پێشکەش کرا.

دواتر و ١٩٩٢ لە سویدەوە گەڕایەوە بۆ کوردستان و لە هەمان ساڵدا بوو بە وەزیری ڕۆشنبیری لە یەکەم کابینەی حکومەتی ھەرێمی کوردستاندا. بە هۆی بڕیاری داخستنی ڕۆژنامەی وڵات لە لایەن سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی حکوومەتی هەرێمەوە، شێرکۆ بێکەس لە ساڵی ١٩٩٣دا دەستی لە کار کێشایەوە و وازی لە وەزارەت هێنا.

شێرکۆ بێکەس، ئەندامی ئەنتەلۆجیای خوێندنی پۆلەکانی ئەمریکا و کەنەدا بوو. لە ساڵی ١٩٩٨ بە یارمەتیی کۆمەڵێک کەس و ھاوڕێی و بە پشتیوانیی جەلال تاڵەبانی، سکرتێری ئەوکاتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، "دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم"ی لە شاری سلێمانی دامەزراند کە هەتا ئێستا لە بواری چاپ و پەخشدا خزمەت بە نوسەران دەکات و شوێنی تایبەتی شێرکۆ بێکەس لە ناو دەزگای سەردەمدا وەک خۆی ماوەتەوە و دەستکاری نەکراوە.

لە ساڵی ٢٠٠١ ناوەندی چاپ و راگەیاندنی "خاک"، خەڵاتی پیرەمێردی شاعیری بە شێرکۆ بێکەس بەخشی. لە ساڵی ٢٠٠٩دا کۆی بەرھەمەکانی کە تا ئەو ساڵە نووسیبووی، لە ھەشت ھەزار لاپەڕەدا چاپ کران.

کاراکتێر دیزاینێر: هێمن قارەمانی

 

شێرکۆ بێکەس بە یەکێک لە شاعیرە نوێخوازەکانی ھاوچەرخی کورد دادەنرێت و خاوەنی چەندین نامیلکە و دیوانی شیعرییە و زۆرێک لە شیعرەکانی بۆ چەندین زمانی زیندووی جیھانی وەرگێڕدراون و نازناوی ئیمپراتۆری شیعری جیهانی پێ دراوە. شیعرەکانی شێرکۆ زۆرجار باس لە نیشتمانپەروەری و خۆشەویستی ئاو و خاک و مەینتەییەکانی هەژاران دەکات.

شێرکۆ خاوەنی چەندین ئەزموونی جۆراوجۆرە لە نووسین و شیعردا، ئەو بە شیعر، شانۆنامەشیعر، پۆستەر، چیرۆکەشیعر، ڕۆمانەشیعر دەقی واڵا و .... گەلێ بەرهەمی ئەدەبی نووسیوە، بەشێکی زۆریان وەرگێڕدراونەتە سەر زمانەکانی دیکە.

وەسیەت نامەی شێرکۆ بێکەس 

من نامەوێت لە هیچ كام لە گرد و گردۆڵەكەكاندا بنێژرێم كە دیارن و ناویان ئەبرێ، یەكەم لەبەرئەوەی پڕبونەتەوەو دوەم لەبەرئەوەی من حەز بە قەرەباڵغی زۆر ناكەم، من ئەمەوێ ئەگەر سەرۆكی شارەوانی و ئەنجومەنی شارەوانی شارەكەم رێگەم پێبدا و ئەوەم پێ رەوا ببینن كە لە پاركی ئازادیداو بە تەنیشت مۆنۆمێنتەكەی شەهیدانی (١٩٦٣)ی سلێمانیەوە بمنێژن، ئەوێ خۆشترە و تەنگەنەفەس نابم، من حەز ئەكەم بە مردوییش نزیكی ئەو خەڵكە‌و ژن ‌و پیاو‌ی شارەكەم‌ و دەنگی مۆسیقا ‌و گۆرانی ‌و هەڵپەڕكێ‌ و یانە جوانەكانی ئەو پاركە بم. با كتێبخانەكەم‌و دیوانەكانم و وێنەكانم ببرێن بۆ شوێن مەزارەكەم، با كافتریایەك‌ و باخچەیەكی بچكۆلانە لەو شوێنەدا هەبێت بۆئەوەی شاعیران‌ و نو‌سەران‌ و كچ ‌و كوڕی دڵدار ببنە میوانم، من ئەمەوێ لە ئێستاوە بەچاوی خەیاڵ تەماشای ئەو پاركە بكەم‌ و دوای مردنی خۆم ببینم، ئەمەوێ بەدەم چریكەی دیلان ‌و ئەڵڵا وەیسیەكەی مەردان ‌و سرودی (خوایە وەتەن ئاواكەی)ـەوە ئاڵای كوردستانم تێوە پێچرابێ ‌و بنێژرێم، من ئەمەوێ لە پرسەكەمدا مۆسیقا لێبدرێت، لەناو مەزارەكەمدا تابلۆی جوانی هونەرمەندانی شارەكەم هەڵبواسن، من ئەمەوێ دوای خۆم‌ و بەناوی (بێكەس)ەوە خەڵاتێكی ساڵانە تەرخان بكرێ ‌و بدرێت بە جوانترین دیوانە شیعری هەڵبژێردراوی ئەو ساڵەو خەرجی ئەم خەڵاتەیش لەو میراتە بدرێ كە جێیدەهێڵم

شێرکۆ ڕۆژی ۴-٨-٢٠١٣ لە ستۆکهۆڵمی پایتەخی سوید بەھۆی شێرپەنجەوە کۆچی دوایی کرد و لەسەر وەسێتی خۆی، لە پارکی ئازادی لە شاری سلێمانی بە خاک سپێردراوە.

 

بەرھەمەکانی شێرکۆ بێکەس:

 

شیعر

تریفەی ھەڵبەست (١٩٦٨)

کەژاوەی گریان (١٩٦٩)

من تینوێتیم بە گڕ ئەشکێ (١٩٧٤)

کازیوە (١٩٧٨)

دوو سروودی کێوی (١٩٨٠)

ڕەنگاڵە (١٩٨٠)

ڕووبار (١٩٨٤)

داستانی ھەڵۆی سوور (١٩٨٥)

کەشکۆڵی پێشمەرگە (١٩٨٥)

شایی شەھید (١٩٨٥)

ئاوێنە بچکۆلەکان (١٩٨٦)

داڵ (١٩٨٧)

تەمتوومان (١٩٨٩)

دەربەندی پەپوولە (١٩٩١)

ئافات (١٩٩٣)

یادداشتی ماکەوێکی ڕەشپۆش (١٩٩٣)

مێرگی زام، مێرگی ھەتاو (١٩٩٦)

بۆننامە (١٩٩٨)

خاچ و مار و ڕۆژژمێری شاعیرێ (١٩٩٨)

چراکانی سەر ھەڵەمووت (١٩٩٩)

نسێ (١٩٩٩)

پیاوێ لە دارسێو (٢٠٠٠)

ژن و باران (٢٠٠٠)

ڕەنگدان (٢٠٠١)

ئەزموون (٢٠٠١)

لە چلەی چلچرایەکدا (٢٠٠١)

خۆم، ئەو وەختەی باڵندەم (٢٠٠٢)

پاییزە میوان (٢٠٠٢)

گۆڕستانی چراکان (٢٠٠٤)

ئێوە بە خۆشەویستیم ئەسپێرن (٢٠٠٤)

سروودە بەردینەکان (٢٠٠٥)

کورسی (٢٠٠٥)

لە گوڵەوە ھەتا سووتوو (٢٠٠٦)

حەفتا پەنجەرەی گەڕۆک (٢٠٠٧)

کتێبی ملوانکە (٢٠٠٧)

تۆ ئەتوانی بە قومێ ماچ بمخەیتەوە ھەڵقوڵین (٢٠٠٧)

زێ و زنە (٢٠٠٨)

تەون (٢٠٠٩)

ھەست و نەست (٢٠١٠)

ئێستا کچێک نیشتمانمە (٢٠١١)

ئەسپێک لە پەڕەی گوڵاڵە (٢٠١٢)

خێراکە مردن خەریکە بگات (٢٠١٣)

 

 

شانۆنامە

کاوەی ئاسنگەر (١٩٧١)

ئاسک (١٩٧٨)

 

وەرگێڕان

پیرەمێرد و زەریا (١٩٨٢)

ژنێک و دوو پیاو (٢٠٠٠)

 

ئەدەبی منداڵان

کوکوختیە بزێوەکە (٢٠٠٣)

 

بیرەوەری

نووسین بە ئاوی خۆڵەمێش (٢٠١٣)

KURDŞOP
570 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!