هێمن، شاعیری نەتەوەیی

 

هێمن شاعیری نیشتیمانپەروەر ناوی "سەید محەممەدئەمینی کوڕی سەید حەسەنی شێخەلئیسلامیی موکری" و لە بنەماڵەی مەلا جامی چۆڕی بووە. دایکی ناوی زێنەب و کچی شێخی بورھان بووە کە ئێستا بنەماڵەیەکی گەورەی موکریانن. ھێمن بەھاری ساڵی ١٣٠٠ی کۆچی ھەتاوی لە گوندی لاچینی سەر بە شاری مەھاباد چاوی بە دنیا ھەڵێنا.

لە سەردەمی منداڵیدا گوێ لە حەکایەتەکانی دایە مرۆت دەگرێ کە پیرێژنێکی دنیادیتوو‌ بووە و زۆر شتی بەنرخی لێ فێر بووە. ئەلفوبێ لای "سەعید ناکام" دەخوێنێ و پێش ئەوەی ئەلفوبێی فێر بکا، بزنۆکێ و مەڕۆکێی "حوسێن حوزنی موکریانی"ی بۆ دەخوێنێتەوە و ھێمن لە بەری دەکا و ھەروەھا شیعرەکانی شاعیرانی کلاسیک و زۆر شتی دیکەی لێ فێر دەبێ و پاشان بۆ درێژەدانی خوێندن، باوکی دەینێرێتە مھاباد و لە قوتابخانەی سەعادەتی ئەو شارە دەست بە خوێندن دەکا.

ھێمن ئەو ساڵە خوێندنی بە سەرکەوتوویی تێپەڕ دەکا و ھاوین دەگەڕێتەوە بۆ ئاوایی و لە لای مەلای دێ و باوکی دەرس دەخوێنێ و تەمرینی خەت نووسین دەکا. باوکی کە دەزانێ خەتی خۆش بووە، دەستی پێ لە خوێندن ھەڵدەگرێ و دەڵێ: بڕۆ دەرسی مەلایەتی بخوێنە و بۆ ئەو مەبەستەش دەینێرێتە خانەقای شێخی بورهان. هێمن لەوێ هەژار دەناسێ و چوار ساڵ لە خانەقای شێخی بورھان دەخوێنێ، بەڵام ئەو خوێندنە ھیچ کەڵکێکی نابێ. چونکە ئەو چوار ساڵە بە گاڵتە دەباتە سەرێ. لە خانەقای شێخی بورھان ٨-٩ نەفەر هاوڕێ دەبن، جگە لە ھەژار ئەوانی دیکە هەموویان خاڵۆزا و پوورزای هێمن و نەوەکانی شێخی بورهان دەبن، هەر بۆیە لەبەر ماڵی شێخ کەس لێیان تووڕە نابێ.

کاراکتێر دیزاینێر: هێمن قارەمانی

 پاشان دەچێتە لای مامۆستا فەوزی و ساڵ و نیوێک لە لای ئەو دەرس دەخوێنێ. مامۆستا فەوزی دەرگای زانست و زانینی بۆ هێمن کردووەتەوه و ڕێگەی ژیانی پێشان داوە و تێی گەیاندوە که ڕۆڵەی کورده و کوردیش نەتەوەیەکی بێبەش و چارەڕەش و زوڵم لێ کراوه.  فێری کرد چۆن وڵاتەکەی خۆش بوێت و چۆن بنوسێ و چۆن شیعر بڵێ. فێری کرد کورد زمانێکی دەوڵەمەندی هەیه و دەکرێ ئەدیبی گەورە و دنیا پەسەندی هەبێ.

ھێمن لە ڕۆژگارێکدا لە دایک دەبێ کە ڕەزا خان کە لاسایی ئاتاتورکی دەکردەوە جڵەوی حکوومەتی پێیە. جلوبەرگی کوردەواری بە تەواوی قەدەغە دەکرێ و ئەوەندەی لە دەستی ھات، سووکایەتیی بە خەڵک کرد و شەپکە و تەپڵەی ھێنا نێو بازاڕەوە. ھێمن لەم کەشوھەوایەدا گەورە دەبێ، بەشخوراوی و کۆیلەتیی ئینسان وەکوو خوێن لە مێشک ودەمار و ئێسک و پێستی دا دەگەڕێ و دەبێتە سەربەندی ژیانی.

ناوی ھێمن دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سەردەمە کە لە کۆمەڵەی ژ-کاف دەبێتە ئەندام و لە گۆڤارەکانی کۆماری کوردستاندا شیعر بڵاو دەکاتەوە و لە بۆنەکاندا شیعر دەخوێنێتەوە و لە لایەن پێشەوا قازی محەممەدەوە نازناوی شاعیری نەتەوەیی وەردەگرێ.

دانیشتوو لە ڕاستەوە: هەژار - پێشەوا قازی محەممەد - هێمن

لە ٢٥ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٢١ی کۆچی ھەتاوی لە شاری مەھاباد کۆمەڵەی ژ-کاف بە دەستی ڕەحمانی زەبیحی وچەند کەسی دیکە دادەمەزرێ. ھێمن دەبێتە ئەندامی ئەو کۆمەڵەیە و شەو و رۆژ لە بیری ئەوە‌دا دەبێ کە چی بۆ ئەو کۆمەڵەیە بکا کە کاری ڕزگاری کوردستانە، ھێمن لەو کۆمەڵەیەدا دەبێتە دەستەی نووسەرانی گۆڤاری نیشتمان و دوایەش گۆڤاری ئاوات. لە ساڵی ١٣٢٤ی کۆچی ھەتاوی کە لە سەر بناغەی ژ-کاف، حیزبی دێموکراتی کوردستان بە رێبەرایەتیی قازی محەممەد دادەمەزرێ. ھێمن بۆ یەکەم جار لە مزگەوتی سووری مھاباد لە بەرانبەر خەڵکدا شیعر دەخوێنێتەوە و دەبێتە سکرتێری ھەیئەت ڕەئیسەی میللیی دێموکڕات و دوایە لە کۆمیسیۆنی تەبلیغاتی حیزبدا دەست بەکار دەکا. لەو کۆمارەدا بۆ دانانی کتێبی کوردی بۆ فێرگەکانی کوردستان کاری کردووە. لە گۆڤارەکانی ئەودەم وەک کوردستان، ھاواری کورد، ھاواری نیشتمان، گڕوگاڵی منداڵان و ھەڵاڵەدا شیعر و وتاری بڵاو کردووەتەوە.

لە ٢٥ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٣٢ی کۆچی ھەتاوی کۆبوونەوەیەک لە شاری مەھاباد پێک دی وھێمن شیعری "دەبڕۆ ئەی شاھی خائین، بەغدا نیوەی رێت بێ" دەخوێنێتەوە. لە کودەتای ٢٨ی گەلاوێژی ئەو ساڵە ھێمن بە تەواوی قاچاغ دەبێ و ماوەیەکی زۆر خۆی دەشارێتەوە. چەند ساڵ دواتر ڕوو دەکاتە باشووری کوردستان و پەیوستی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران دەبێت. ماوەیەکیش میوانی شۆڕشی ئەیلوول دەبێت و لەوێ دوای چەندین ساڵ هەژاری هاوڕێی دەبینێتەوە.

هێمن لە چەند کۆنگرەی حزبی دێموکرات وەک ئەندامی فەخریی کۆمیتەی ناوەندی هەڵدەبژێردرێ. بەڵام ناو و ناوبانگی هێمن هەر بە هۆی شیعرەکانییەوەیە کە بۆ خەڵکی کوردستان و خەم و ئاواتەکانیانی نووسیوە.

مامۆستا هێمن لە گوندی شیلاناوێ - ساڵی 1981

هێمن هەم لە بواری نوێ کردنەوەی شیعردا و بەکارهێنانی قاڵب و فۆرمی جۆراوجۆری جگە لە غەزەل و مەسنەوی لە پێشەنگەکانی شێعری کلاسیکی هاوچەرخی کوردییە و هەم لە بواری پەتی کردنەوەی زمان و بەکارهێنانی زمانی خەڵکی گوندەکان لە شیعردا یەکێک لە سەرقافڵەکانی ئەم بوارەیە کە بە گوتەی خۆی، سەیفولقوزاتی شاعیر داهێنەری ئەم ڕچەیە و مامۆستای شاعیرانی موکریان بووە.

وەک ناوەرۆکی شیعریش، هێمن لەو شاعیرانە بووە کە لەچاو شاعیرانی پێش خۆی و زۆربەی شاعیرانی هاوچەرخی خۆی زیاتر ئاوڕی لە پرسە کۆمەڵایەتییەکانی خەڵکی کوردستان و ڕووداوە سیاسی و مێژووییەکان داوەتەوە و خەم و ئاواتەکانی خەڵکی کوردستان و پرسی ژن و مافەکانی ژن لە ناو کۆمەڵگادا، ڕەنگدانەوەی تایبەتیان لە شیعری هێمندا هەبووە.

مامۆستا هێمن لە پاش شۆڕشی گەلانی ئێران لە حزبی دێموکرات جیابوویەوە و لە شاری ورمێ ناوەندی چاپ و پەخشی سەلاحەددینی ئەیووبیی دامەزراند کە تایبەت بوو بە چاپ و پەخشی کتێبی کوردی و گۆڤارێکی بە ناوی سروەش دەردەکرد کە مامۆستا هێمن تەنیا سەرنووسەری چوار ژمارەی بوو.

هێمن لە رۆژی 29ی خاکەلێوەی ساڵی 1365 (18ی نیسانی 1986) لە شاری ورمێ کۆچی دواییی کرد و تەرمەکەی لە گۆڕستانی بوداغ سوڵتانی مهاباد بە خاک سپێردرا.

بەرهەمەکانی مامۆستا هێمن:

تاریک و روون – کۆمەڵە شیعر

ناڵەی جودایی – کۆمەڵە شیعر

پاشەرۆک – شیعر و پەخشان و وەرگێڕان

هەواری خاڵی – پەخشان و وەرگیڕان

چەپکێ گوڵ چەپکێ نێرگز – شیعر و پەخشان (دوای مەرگی چاپ کراوە)

توحفەی موزەففەرییەی ئوسکارمانی هێناوەتە سەر ڕێنووسی کوردیی ئارامی

وەرگیرانی کتێبی شازدە و گەدا  بە کوردی (چاپ نەبووە)

وەرگێڕانی ئەفسانە کوردییەکان (بەرهەمی قەناتی کوردۆ) بە فارسی

ماڵی مامۆستا هێمن کە پاش مەرگی کراوەتە مۆزەخانە

KURDŞOP
765 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!