بەسەرهاتی عەگید جمۆ، میری نایەی کوردی

کوردشۆپ - عەگید جمۆ کە وەک میری نایەی کوردی ناوبانگی دەرکردووە، لە ساڵی ١٩٣٢ لە گوندی ئەردەشێر لە ناوچەی ئارماڤیری ئەرمینیا لەدایک بووە. لە ساڵی ١٩١٨ بنەماڵەی عەگید جمۆ لە ناوچەی بێگری شاری وان لە باکووری کوردستانەوە ڕوویان لە شاری یەریڤانی پایتەختی ئەرمینیا کردبوو.

لە ساڵی ١٩٦٠ میری نایە، کچێک بە ناوی ڕندێ دەناسێت و هەڵیدەگرێت (دەیڕفێنێت). ڕوو دەکاتە گوندێکی دیکە و دەیکات بە هاوژینی خۆی و بوونەتە خاوەنی پێنج مناڵ. لەبەر ئەوەی ژنەکەی زۆر خۆش ویستووە، دوای مردنی ژن ناهێنێتەوە.

عەگید جمۆ لە تەمەنی ٨ ساڵییەوە دەستی بە ژەنینی نایە کردووە و دوای ئەوە فێری ژەنینی زرنە و دووزەلە و تەمووریش بووە.

کاتێک ڕادیۆی یەریڤان لە ساڵی ١٩٥٥ کرایەوە، عەگید جمۆ لە دروستکردنیدا بەشداریی کرد و یەکەم مۆسیقاژەنی کورد بوو کە لەو ڕادیۆیە کاری کرد.

لەسەر داوای قاسم جەلیل کە بەرپرسی بەشی کوردیی ڕادیۆ بوو، میری نایەی کوردی، لە گوندێکەوە بۆ گوندێکی تر، ماڵ بە ماڵ و گەڕەک بە گەڕەک، بەدوای گۆرانیبێژ و ئاوازدانەری کورددا دەگەڕێت بۆ ئەوەی هەموویان ببات بۆ ڕادیۆ.

عەگید جمۆ جیا لە ژەنینی نایە و دووزەلە و نەی و زێرنە و تەموور، ساڵانێکی دوور و دریژ، بە هونەر و ئەزموونی خۆی لە پشت دەنگبێژە دیارەکانەوە، چ ژن بن و چ پیاو، جێ دەگرێ و لەسەر بینای مۆسیقای کوردی ناوی خۆی بە خەتتی زێڕین تۆمار دەکات. ئەو هونەرمەندە کوردە ماوەی ٣٧ ساڵ بە نایە و دووزەلەی خۆی وەک ژەنیار و ئاوازدانەر لە رادیۆی یەریڤان چالاکی دەکات.

عەگید جمۆ لە ساڵی ١٩٦٧ لە پەیمانگای مۆسیقای مەلیکیان ڕۆمانۆس لە شاری یەریڤان بەشداری دەکات و بڕوانامەی دیپلۆم وەردەگرێت و دەبێتە مۆسیقاژەنێکی پرۆفیشناڵ. میری نایە، لە بەرهەمە موزیکییەکانی ئارام تیگران، کارابێت خاچۆ، ئەفرۆیێ ئەسعەد، ئەسلیکا قادر، سوسیکا سمۆ، خانا زازێ و دەیان مۆسیقاری دیکە بەشاری دەکات.

ئەلبۆمێکی ئەو هونەرمەندە بە ناوی "ئاوازی هەناسەی خاک" لە باکوور و لە لایەن کۆما میوزیکەوە تۆمار دەکرێ. هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا بە نایەەکەی خۆی  لە زۆر ئەلبوومی دیکەدا بەشداری دەکات. جمۆ بە نایەەکەی، لە زۆر شار و بە پلەی یەکەم لە ئامەد و ئەستەنبوڵ، کۆنسێرت ساز دەکات و کوردەکانی دەوروبەری کۆدەکاتەوە و دڵخۆشیان دەکات.

جمۆ لە فیلمی "ڤۆدکا لیمۆ"ی هونەر سەلیم و فیلمی دیکیۆمێنتاریی "عەڤدال زەینیکێ" بەرهەمی "بولەنت گوندوز"یشدا ڕۆڵ دەگێڕێت.

جیا لەمانەش فیلمێکی دیکیۆمێنتاری لەسەر ژیانی عەگید جمۆ بە ناوی "وڵاتەکەم کوردستانە" لە ژێر چاودێریی کۆنسێرڤاتۆری ئارام تیگران و دەرهێنانی "ئیبراهیم یەڵدرم" بەرهەم هاتووە.

هونەرمەندی کورد عەگید جمۆ لە تەمەنی ٨٧ ساڵیدا لە ٣١ی ژانویەی ٢٠١٩ لە شاری یەریڤانی پایتەختی ئەرمینیا کۆچی دواییی کرد.

KURDŞOP
619 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!