جگەرخوێن، شاعیرێک پڕ لە خەمی کوردستان

 

ناوی "شێخمووس کوڕی حەسەنی کوڕی محەمەد"ە. لە ساڵی ١٩٠٣ لە گوندی "حەسار" کە دەکەوێتە ڕۆژئاوای باژێری "حەسەنکێف" لە کوردستانی باکوور لە دایک بووە.

جگەرخوێن خۆی دبێژیت:

سالا هەزار و نەهسەد و سێ ئەز هاتم دنیایێ

بناڤێ سوڵتان شێخ مووس ئەز چێ بوومە ژ دایێ

هەتا بووم سێزدە ساڵی لگوندێ مەی هەسارێ

ژینا خوە من بۆراند پاشی ژوێ مەدا رێ

جگەرخوێن هێشتا بچووک بوو بابی دەمرێ، لە گەڵ دایک و خوشک و براکانی بەرەو شاری "عاموودێ" چوون، لەوێ دایکیشی دەمرێت.

هەوراز و نشێوێکی زۆری لە ژیانی خۆیدا بینوە، وەک دەڵێت "بەهۆی کەمیی سەرچاوەکانی فێربوونی شیعر ئازاری زۆرم چەشت، تاوەکوو بتوانم ببمە شاعیر، بەڵام بەردەوام بووم لە هەوڵەکانم تا ئەو کاتەی شیعرم نووسی و کتێبم بڵاوکردەوە، بۆیە نەوەی داهاتووی دوای من بەدەست نەبوونی سەرچاوەوە نا ناڵێنن".

لە ساڵی ١٩١٧ دەچێتە بەرخوێندن و لە ساڵی ١٩٣٢ خوێندن تەواو دەکات، ماوەیەک مەلایەتیی کردووە، لەگەڵ کۆمەڵێک جوتیاری کورد دەچنە جزیرێ لە سووریا و دوو گوند ئاوەدان دەکەنەوە.

جگەرخوێن پشکداری لە شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران کردووە، تێکشکاندنی شۆڕشەکە بە شێوەیەکی دڕندانە کارێکی مەزنی کردە سەر هەستی نەتەوایەتیی شێخمووس و برینێکی گەورەی لە دڵی ویدا پەیدا کرد، لەوکاتەوە نازناوی خۆی کرد بە "جگەرخوێن". پاش ئەم کارەساتە هەموو شیعری خۆی بۆ کوردستان تەرخانکرد. خامەی خۆی کردبووە خەنجەر بۆ سینگی دوژمن و زەنگ بۆ هۆشیارکردنەوەی میللەت:

بەسە میللەت لتە شەرمە   هەتا کەنگی دخەو دابی؟

دبن دەستێن نەیاران دە     هەژار و دیل و کۆلابی

کاراکتێر دیزاینێر: هێمن قارەمانی

لە ساڵی 1946 قامیشلۆ پێشوازی لە نووسەر و شاعیری بەنێوبانگ جگەرخوێن کرد، لەکاتێکدا لە باکووری کوردستانەوە بەرەو رۆژئاوای کوردستان گەڕایەوە. سەرەتای ژیانی جگەرخوێن لە ڕؤژئاوای کوردستان لە شاری عاموودێ دەستی پێ کرد، دواتر چووە شاری قامشلۆ و تاوەکو کۆتایی ژیانی لەو شارە مایەوە.

جگەرخوێن گەشتی بۆ چەند وڵاتێکی ئەوروپی کردووە، خاوەن 8 دیوانی شیعر، هەندێک کتێبی چیرۆکی، کولتووری و مێژووییە. پاش گەشتە دوورودرێژەکەی بۆ ئەوروپا، جارێکی دیکە گەڕایەوە شاری قامیشلۆ.

هاونیشتمانیانی قامیشلۆ چێژیان لە شێوازی شیعری جگەرخوێن بینیوە، بەو هۆیەوە زۆرینەی خەڵکی ئەو شارە شیعرەکانیان لەبەرکردووە.

پاش شۆرشی ١٤ی تەمووزی ١٩٥٨ دێتە عێراق و ماوەیەک لە ئێزەگەی کوردی کار دەکات، ماوەیەکیش لە زانکۆی بەغداد لە کۆلێژی ئاداب- بەشی کوردی، دەبێتە وانەبێژ.

جگەرخوێن بیروڕای سیاسیی خۆی لە ڕێگای ئەدەب و نووسین دەربڕیوە، بەجۆرێک زۆر لە بەرهەمەکانی  رەنگدانەوەی ئەو بوارانە بوونە، یاخود لەسەر بیروبۆچوونی دۆسیەی کورد بوونە. هەر لەم ڕێگایە گەلێک گرتن و بەندیی و ئازار و ئەشکەنجەی دیوە.

.لە ٢٢/١٠/١٩٨٤ لە ستۆکهۆڵم'ی پایتەختی سوید دڵی مەزنی لە لێدان دەوەستێت و لە باژیری "قامیشلۆ" لە ڕۆژئاوای کوردستان دەنێژرێت.

 

بەرهەمەکانی جگەرخوێن:

١-هەڵبەست: (بریسک و پێتی، سەورا ئازادی، کیمە ئەز، ڕۆناک، زەند ئاڤێستا، شەفەق، هێڤی).

٢-چیرۆک: (جیم و گول پەری، ڕەشویێ داری، سالار و میدیا).

٣-زمان و ڕێزمان: ( گۆتنێن پێشان، ئاواو دەستورا زمانێ کوردی، فەرهەنگا کوردی بەرگێ ١-٢).

٤-چەندین بەرهەمی تری نووسیبوو، پاش مردنی چاپ کران وەک: ئاشتی(هەڵبەست)، تاریخا کورد بەرگێ ١-٢، فۆلکلۆری کوردی، ژینە نیگەریا من، نڤیسارەک لە سەر دیباجا ئەحمەدێ خانی.

 

KURDŞOP
790 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!