مەسعود محەممەد، یاساناس، بیرمەند، زمانزان و ڕەخنەگری ناوداری کورد

 

مەسعود محەممەد، نووسەرو توێژەرو بیرمەندی گەورەی كورده کە ساڵی 1919 لە شاری كۆیە لە بنەماڵەیەكی ئایینی‌ لەدایكبووە. کوڕی مەلا محەممەدی جەلیزادە ناسراو بە مەلای گەورەی کۆیە بووە.

 قۆناغی ناوەندی‌و ئامادەیی لە هەولێر ساڵی 1940 تەواوكردووەو ساڵی 1945یش خوێندنی كۆلیژی مافی لە بەغدا وەرگرتووەو بووەتە پارێزەرێكی یاساناس. لە زانکۆ هاوپۆلی و هاوڕێی نزیکی دڵداری شاعیر، هۆنەری سروودی نێشتمانیی ئەی ڕەقیب بووە.

مامۆستا مەسعوو محەممەد لە ماوەی ژیانی خۆیدا گەلێک ئەرک و بەرپرسیارێتیی سیاسیی لە ئەستۆ بووە و لەوانەش نوێنەری خەڵکی ناوچەی کۆیە لە پەرلەمانی عێراق لە ھەردوو دەورەی ساڵانی ١٩٥٣ و ١٩٥٤ و لەدوای شۆڕشی ١٤ی تەممووزی ١٩٥٨یش کرا بە ئەندامی لیژنەی چاکسازیی کشتوکاڵ لە عێراقدا و لەگەڵ چەند یاساناسێکی دیکەدا یاسای چاککردنی کشتوکاڵ و ئاودێریی داناو ئەو یاسایە لە ٣٠ی ئەیلوولی ١٩٥٨دا بەناوی (یاسای چاککردنی کشتوکاڵ لە کۆماری عێراق) دا بڵاوکرایەوە.

 مامۆستا مەسعوود محەممەد لە ساڵی ١٩٦٤دا بەناوی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان کرایە وەزیری دەوڵەت لە کابینەی (تاھیر یەحیا) دا، تاکو ساڵی ١٩٦٥ و لە کۆتایی شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا کرا بە ئەندام لە (ئەنجومەنی گشتی خدمە) و لەپاش دامەزراندنی (کۆڕی زانیاری کورد) لە ٢٩ی ئابی ١٩٧٠ دا لە شاری بەغدا کرا بە ئەندامی کارای ئەو کۆڕەو بەجێگری سەرۆکی دەستەی کۆڕ و کاتێکیس لە دوای ھەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا (کۆڕی زانیاری عێراق - دەستەی کورد) دامەزرا، وەک سەرۆکێکی کارا لە کۆڕ مایەوە.

مەسعوود محەممەد وەک بیرمەندێکی گەورەی کورد ناسراوە بەڵام زۆربەی بەرهەمەکانی لە بواری زمانی و ئەدەبی کوردیدا بوون. کتێبەکانی ئەو لەسەر حاجی قادری کۆیی و نالی و هەروەها ئەو کتێبانەی لەسەر ڕێزمانی کوردی و زاراوەسازیی کوردی نووسیونی تا ئێستاش لە ڕیزی باشترین کتێبەکاندان کە لەم بوارانەدا نووسراون.

کاراکتێر دیزاینێر: هێمن قارەمانی

 

مامۆستا مەسعوود محەممەد لەدوای ڕاپەڕینی باشووری کوردستان لە بەھاری ساڵی ١٩٩١و کشانەوەی دەسەڵاتی ناوەندیی عێراق لە کوردستان، گەڕایەوە کوردستان تاکوو دوا ڕۆژی ژیانی لە کوردستان مایەوە. ناوبراو لە ڕۆژی ١ی نیسانی ٢٠٠٢ لە نەخۆشخانەی ڕزگاری ھەولێر کۆچی دواییی کرد ڕۆژی ٢ی نیسانی ٢٠٠٢ لە گۆڕستانی دەروێش خدر لە کۆیە، لە تەنیشت گۆڕی مەلای گەورەی باوکی بە خاکی کوردستان سپێردرا.

 

کتێبە کوردییەکان

حاجی قادری کۆیی بەشی یەکەم - بەغدا - کۆڕی زانیاری کورد ١٩٧٣

حاجی قادری کۆیی - بەشی دووەم - بەغدا - کۆڕی زانیاری کورد ١٩٧٤

حاجی قادری کۆیی - بەشی سێیەم - بەغدا - کۆڕی زانیاری کورد ١٩٧٦

وردبوونەوەیەک لە چەند باسێکی ڕێزمانی کوردی - کۆڕی زانیاری کورد ١٩٧٤

چەپکێک لەگوڵزاری نالی - کۆڕی زانیاری کورد بەغدا ١٩٧٦

چەند حەشارگەیەکی ڕێزمانی کوردی - بەغدا - کۆڕی زانیاری کورد ١٩٧٦

مرۆڤ و دەوروبەر - بەغدا - کۆڕی زانیاری عێراق - دەستەی کورد ١٩٨٤

بەرەو شەقامی ئاخاوتنی کوردی - بەغدا - کۆڕی زانیاری کورد ١٩٧٨

زاراوەسازیی پێوانە - وەشانی یەکەم: «گۆڤاری ڕۆشنبیری نوێ»، ژمارە ١١١، ١١٢، ساڵی ١٩٨٦ - وەشانی دوەم: «زاراوەسازیی پێوانە»، ژمارەی سپاردنی بە کتێبخانەی میللی ٣٨٠، بەغدا، ١٩٨٨

بۆ ئەمیری حەسەنپوور لە ھەر کوێیەک بێت! دەزگای ڕۆشنبیری و بڵاوکردنەوەی کوردی، وەزارەتی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن، کۆماری عیراق، بەغدا ١٩٨٤

حەماغای گەورە - بەغدا ١٩٨٦

دەستەو دامانی نالی - سوێد - ستۆکھۆڵم - ١٩٩٧ چاپی یەکەم

گەشتی ژیانم - سوێد - ستۆکھۆڵم - ١٩٩٢ چاپی یەکەم

 

کتێبە عەرەبییەکان

اعادة التوازن الی میزان - مختل - المجمع العلمی الکردی - بغداد ١٩٧٧

الی غورباتشوف العظیم

لسان الکرد

التفسیر البشری للتأریخ

المجتمع البشری لماذا یشبە مستشفی المجانین - اربیل ١٩٩٩

KURDŞOP
787 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!