محەممەد قازی باوکی وەڕگێڕانی ئێران

 

محەممەد قازی لە ناودارترین وەرگێڕەکانی ئێران بوو. ١٢ی گەلاوێژی ساڵی ١٢٩٢ی کۆچی ھەتاوی (١٩١٣ی زایینی) لە شاری مھابادی ڕۆژھەڵاتی کوردستان لە دایک بوو. لە خزمەت مامۆستا گیوی موکریانیدا دارەدارەی زمانی فەڕەنسیی کرد. بۆ خوێندن ڕووی کردە تاران و زۆربەی ژیانی لەوێ بەسەر برد. ساڵی ١٣١٥ی کۆچیی هەتاوی، لە دارولفنوون کە بەناوبانگترین خوێندنگەی تاران بوو خوێندنی بەر لە زانستگەی تەواو کرد و سێ ساڵ دواتر، لە ١٣١٨دا بڕوانامەی "یاسا"ی لە زانستگەی تاران وەرگرت.

 ساڵی ١٣٢٠ لە وەزارەتی دارایی دامەزرا. ١٣٢٣ ژیانی هاوبەشی پێکھێنا و دوو منداڵیان بە ناوەکانی مریەم و فەرھاد بوو. ساڵی ١٣٣٧ لە لایەن زانستگەی تارانەوە خەڵاتی باشترین وەرگێڕی درایە. هەر هەمان ساڵ خێزانی کۆچی دواییی کرد. ساڵی ١٣٤٩ بۆ جاری دووهەم ژیانی هاوبەشی پێکھێنایەوە. ساڵی ١٣٥٤ تووشی شێرپەنجەی قورگ بوو و بۆ چارەسەری ڕووی لە وڵاتی ئاڵمان کرد. پاش گەڕانەوەی ئیتر بەبێ میکڕۆفۆنێکی سەر قوڕگ کەس دەنگی نەدەبیست. ساڵێک دواتر، لە ١٣٥٥دا بەھۆی ئازاری نەخۆشیەکەیەوە داوای خانەنشین بوونی کرد و خانەنشین کرا.

کاراکتێر دیزاینێر: هێمن قارەمانی

زۆربەی کارەکانی محەممەد قازی وەرگێڕان لە زمانی فەڕانسەوە بۆ زمانی فارسییە. یەکێک لە بەناوبانگترین بەرھەمەکانی وەرگێڕانی ڕۆمانی "دۆن کیشۆت"ە کە خەڵاتی باشترین کاری وەرگێڕانی ساڵەکانی ١٣٣٦ و ١٣٣٧ی کۆچی ھەتاویی بۆی بە دیاری ھێنا. جگە لە وەرگێڕان، قازی بۆخۆی چەند بەرھەمیشی نووسیوە کە ئەوانیش ھەر بە زمانی فارسین.

بە ھاوکاریی ئەحمەد قازی ڕۆمانی ژانی گەلی ئیبراهیم ئەحمەدیشی لە کوردییەوە کردە فارسی. قازی بێجگە لە توانستی لە بواری وەرگێڕاندا، خاوەن بیر و زەینێکی سەیر بوو و ھەزاران شیعری لەبەر بوو. جگە لەوە بۆخۆشی شیعری دەنووسی.

 ڕۆژی ٢٤ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٧٦ی کۆچی ھەتاوی (١٩٩٨ی زایینی) لە تەمەنی ٨٤ ساڵیدا، لە نەخۆشخانەی ئێران‌مێھر لە تاران کۆچی دواییی کرد و تەرمەکەی ھێنرایەوە مھاباد و لە گۆڕستانی بوداغ سوڵتان لە پاڵ مامۆستا ھێمن و ھەژار و خاڵەمین و ماملێ و ناودارانی تری کورد بە خاکی نیشتمان ئەسپێردرا.

ساڵی ١٣٨٦ لە مەیدانێکی مهاباد کە بە ناوی خۆیەوە ناو نراوە، پەردە لە سەر پەیکەرەی چوار میتریی محەممەد قازی لادرا، کە دەست‌ونەخشی ھونەرمەندی سنەیی مامۆستا ھادی زیائوددینییە.

لە مووزەخانەی مامۆستا ھێمن (بە فارسی: موزە مفاخر فرھنگی و ھنری سرای ھیمن) لە شاری مھاباد ژوورێک بە ناوی محەممەد قازییەوە کراوتەوە و بێجگە لە بەرھەمە چاپ کراوەکانی، بەشێک لە یادگارەکانی ئەویشی تێدا پارێزراوە.

KURDŞOP
701 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!