شارام نازری، سوارچاکی مۆسیقا و هونەرمەندی سەرەکیی ئاسیا

شەهرام نازری هونەرمەندی ناوداری مۆسیقای ڕەسەنی کوردی و ئێرانی نازناوی "سوارچاکی گۆرانیی ئێران"ی پێبەخشراوە.

شەهرام یان شارام نازری لە ١٨ی شوباتی ١٩٥٠، لە کۆڵانی یەخچاڵی گەڕەکی بەرزەدەماخی کرماشان، لە خێزانێکی کورددا، کە ئاشنای شیعر و مۆسیقا بوون، لەدایک بووە.

لە لایەن دایکییەوە ئاشنای مۆسیقا و شیعر بووە؛ باوکیشی دەنگێکی خۆشی ھەبووە و لەگەڵ شارەزایی لە گۆشە و ڕەدیفەکانی ئاوازی ئێرانی، سێتاریشی ژەنیوە.

باوکی کەڵکی لە شێوازە پێشینەکان و گۆرانیبێژانی ئەو دەڤەرە، بە تایبەتیش "شێخ داوودی"، وەرگرتووە. مامۆستا "پەروێز خان پوورنازری"، ناسراو بە حاجی خان، گەورەی ئەو خێزانە بووە و لە قوتابییەکانی "دەروێش خان" و "کۆلۆنێڵ وەزیری" بووە. زۆربەی شارەزایانی مۆسیقای کرماشان لەسەر دەستی ئەو فێری نۆتە و مۆسیقای سونەتیی ئێرانی بوون.

بەھۆی ئەمەوە شارام نازری توانی لە تەمەنی حەوت ساڵیدا یەکەم بەرنامەی ھونەریی خۆی لە ڕادیۆی کرماشان پێشکەش بکات.

شارام نازری لە 11 ساڵیدا لە ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێران چەند بەرنامەیەکی هونەریی بەڕێوەبردووە و لەلای ژمارەیەک لە هونەرمەندانی ناسراو وانەی وەرگرتووە. زیاتر لە 40 ئەلبوومی گۆرانیی بەرهەمهێناوە و لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا کۆنسێرتی ئەنجامداوە. لە ئەلبۆم و کۆنسێرتەکانیدا بە هەردوو زمانی کوردی و فارسی گۆرانی دەڵێ.

کاراکتێر دیزاینێر: هێمن قارەمانی

لەماوەی کارکردنی هونەریی خۆیدا، زۆرترین هەوڵ و کۆششی کردووە بۆ ناساندنی فەرهەنگ و میوزیکی کوردی، بەم هۆیەشەوە چەندین خەڵاتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی پێشکەش کراوە، لەوانە:

 خەڵاتی کۆنکۆرز مۆسیقای فۆلکلۆر (1976).

خەڵاتی باشترین مۆسیقای عێرفانیی جیهان، مێهرەجانی فاسی مەغریب (1997).

خەڵاتی تایبەتی شاری ئێروین ئیالەتی کاڵیفۆڕنیای ئەمریکا (2006)

نیشانی لێژیۆن دۆنۆر لە لایەن دەوڵەتی فەڕانسە (2007)

خەڵاتی ڕێزلێنانی شوالیەی ئەدەب و هونەری فەرەنسی لەلایەن حکومەتی فەڕەنساوە(2007).

نازناوی هونەرمەندی تایبەتی ئاسیا لە لایەن کۆڕبەندی ئاسیاسۆسایتی (2007)

ئەنجومەنی کۆمەڵەی ئاسیا بە "هونەرمەندی سەرەکیی ئاسیا" ناوی بردووە.

نیویۆرک تایمز بە "بولبولی وڵاتی پێرشیا" و The Christian Science Monitor بە  "لوچانۆ پاڤارۆتیی ئێرانی" (Luciano Pavarotti ) ناوی بردووە.

خەڵاتی میراتی کولتووریی ڕۆژئاوا و میدالیای زێڕینی مەولانا لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیریی تورکیا و چەندین خەڵات و ڕێزلێنانی دیکەشی وەرگرتووە.

لەساڵی 2022 لە ڕێوڕەسمێکدا کە لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە ڕێکخرابوو، شەهرام نازری هونەرمەندی ناسراوی کورد خەڵات کرا و هەروەها میدالیای زێڕینی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستانی پێ بەخشرا.

شەهرام نازری لە ڕێوڕەسمەکەدا ڕایگەیاند: هەمووتان دەزانن لە چەندین وڵاتی دنیا خەڵاتی گەورەم وەرگرتووە، بەڵام هیچیان بەقەد ئەو خەڵاتەی لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیری و حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێشکەشم کراوە، لە لام بەنرخ نییە.

KURDŞOP
720 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!