شاعیر و نووسەری مەزن، فەقێ تەیران

ژیانی فەقێ تەیران

کوردشۆپ- بە وتەی بەشێک لە مێژوونووسان، شاعیر، ڕووناکبیر و فەیلەسووفی کورد فەقێ تەیران لە ساڵی ١٥٩٠ لە دایکبووە و لە ساڵی ١٦٦٠ کۆچی دواییی کردووە. هەرچەند لەسەر لەدایکبوون و مردنی چەندین دەنگۆی جیاواز هەیە؛ بەڵام نزیکترینیان لە ڕاستییەوە ئەوەیە کە فەقێ تەیران لە ساڵی ١٥٩٠ لەدایک بووە و ژیانێکی زۆر مانادار و زانایانەی بەسەر بردووە.

فەقێ تەیران لە زۆر دەقدا وەک شاعیر پێناسە کراوە و زۆر شیعری قووڵ و پڕواتای نووسیوە، بەڵام لە سەرووی هەمووشیانەوە فەیلەسوفێکی گەورە بووە. لە سەردەمی خۆیدا زۆر بابەتی قووڵی فکری و هزریی نووسیوە. هەرچەندە تا ئەمڕۆش هەموو کتێب و نووسینەکانی نەگەیشتوونەتە دەستمان، بەڵام هەندێک لە کتێبەکانی گەیشتوونەتە سەردەمی ئێمە. ئەو لە سەردەمی خۆیدا سەبارەت بە فەلسەفە و مێژوو و پێشکەوتنی هزر، سەرنج و شرۆڤەی گرنگی هەبووە. هەر بۆیە وەک زانایەکی گەورەی ئەو سەردەمە دێتە ئەژمار.

فەقێ تەیران بیرمەندی سەردەمی خۆی بووە. لەوەش گرنگتر مرۆڤ دەتوانێ بڵێ تێگەیشتنی ئەو، زۆر پێشکەوتووتر لە تێگەیشتنی سەردەمەکەی بووە. ئەو کتێب و شیعرانەی تا ئەمڕۆ ماونەتەوە و گەیشتوونەتە دەستمان ئەمە دەسەلمێنن.

ئەو خاوەنی هزرێکی مەزن بووە و ئەو مەزنایەتییەی پێناسەی کردووە و هێناویەتە زمان. لەسەر مێژووی ئایینیش خاوەن هزر و تێگەیشتنێکی مەزن بووە. لە مێژووی ئاییندا زۆر قووڵ و زانا بووە. هەروەها لەسەر پەیوەندیی نێوان ئایین و فەلسەفە لە ئاستێکی زۆر باڵادا تێگەیشتن و شڕۆڤەی خۆی هەبووە.

فەقێ تەیران لە مێژووی ئەدەبی کوردیدا جێگەیەکی ناوازەی هەیە. شاعیر و نووسەر و چیرۆکنووسێکی گەورەیە. کوڕی میرێکی کورد بووە. بەرهەمی وەک "شێخی سەنعان"، "قسەی برسییان" و "وتەی ئەسپی ڕەش"ی لە پاش بەجێ ماوە. جگە لەوەش یەکەم نووسەری کورد بووە کە پەخشانی نووسیوە.

فەقێ تەیران لە شارۆچکەی میکس لەدایک بووە کە ئەوکات سەر بە ناوچەی جۆڵەمێرگ بووە. بەڵام دواتر شاری میکس دەکەوێتە سەر سنووری شاری وانی باکووری کوردستان. ناوی ڕاستەقینەی فەقێ تەیران، وەک لە یەکێک لە کتێبەکانیدا وتوویەتی، "محەممەد" (میر محەمەد) بووە. ئەو خۆی سەر بە بنەماڵەیەکی خانەدان بووە و باب و باپیرانی لە دەوڵەتی عوسمانیدا پلە و پایەی میریان وەرگرتووە.

 

گڵکۆی فەقێ تەیران

فەقێ تەیران لە قوتابخانە دەرسی خوێندووە. کەسێکی خوێندەوار و شارەزا بووە. لە سەردەمی ژیانی ئەودا، قوتابخانە ئایینییەکان لە کوردستان و ڕۆژهەڵات هەبوون. لەو قوتابخانەگەلەدا وانەی زانیاریی ئایینی و زمان و ئەدەبی دەدرا. هەر بۆیە ناوی "فەقێ"ی لە پەیوەندی لەگەڵ وەرگرتنی زانست و قوتابی بووندا بووە و وشەی "تەیران"یش لە بەرهەمێکی بەناوبانگی "فەریدەددین عەتاری نەیشابووری" بە ناوی "منطق الطیر" واتە "قسەی باڵندە" وەرگیراوە. فەقێ تەیران هەم لە ڕووی شێوازی شاعیری و هەم لە ڕووی بیرکردنەوەوە لە ژێر کاریگەریی عەتاردا بووە. هەروەک چۆن مەولاناش لە ژێر کاریگەریی فەلسەفەی سۆفیگەریی فەریدەدین عەتاری نەیشابووریدا بووە.

 فەقێ لە ئەدەبی کوردیدا شاعیرێکی گرینگە کە لەسەر سروشت و خۆشەویستی و عیرفان نووسیویەتی و لەناو خەڵکدا ناوبانگی دەرکردووە. زیاتریش لە ناو خەڵکدا بە ناوی فەقێ تەیران ناسراوە بەڵام ئێمە دەزانین لە بەرهەمەکانی خۆیدا ناوەکانی فەقێ تەرا، فەقێ گەڕۆک، میکسی، خواجە، میر محێ، میم و حێ و ناوی ڕاستەقینەشی واتا محەممەدی بەکار هێناوە. ئێستا گۆڕەکەی لە ناوچەی میکس لە شاری وانە.

 

مەرزارگە و گۆڕی فەقێ تەیران

بەشێک لە بەرهەمەکانی فەقێ تەیران بریتین لە:

1-شێخی سەنعان

2-دمدم (قەڵای دمدم)

3-بەرسیس (بەرسیسی عەبد)

4-وتەی ئەسپی ڕەش

جگە لەمانە "سیسەبان" و "فەرخ و ئەستی"یش وەک بەرهەمەکانی ئەو باسیان دەکرێ بەڵام تا ئێستا ئەمانە چاپ نەکراون.

 

نموونەی شیعرێکی فەقێ تەیران

بزان کو من یار تویی

ئەز کوشتم یەکجار تویی

بێ دەست و هەم پا تویی

 

ئێ ب غەزەب خوەندی ئەزم

زەنجیر ب زەندێ ئەزم

ئاشقێ جندی ئەزم

 

دل ژی بریندار تویی

جاما پیالا تویی

دەلالا مالا تویی

نیمەتا ئالا تویی

یار د خەیالێ ئەزم

ب گرت و بەردان تویی

 

 

KURDŞOP
1450 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!