شاکیرۆ، شای دەنگبێژانی کوردستان

کوردشۆپ- گۆرانیبێژی ناوداری کورد شاکیرۆ، ساڵی 1936 لە شارۆچکەی پانۆس لە نزیک ئاگری لەدایک بووە. بەهۆی دەنگە جوان و بەرزەکەیەوە، لە نێو کورددا بە "خاسەکەو" یا شا و میری دەنگبێژان دەناسرا. ناوی ڕاستەقینەی "شاکر دەنیز"ە و شاگردی "ڕێسۆ گۆپاڵ" بووە. هەروەها بە "شاکر مێزین" و "شاکر بەدیح"یش ناسرابوو.

شاکیرۆ و بنەماڵەکەی لە ساڵی 1959 دوورخرانەوە بۆ شاری عەدەن. لە ساڵی 1959 تا 1966 بە گشتی 7  ساڵی بە هەژاری بەسەربردووە. دواتر لە ساڵی 1966 لەگەڵ بنەماڵەی گەڕاوەتەوە بۆ شاری مووش. دوای مانەوەیان بۆ ماوەی دوو ساڵ لە مووش، ساڵی 1968 لە قەرەیازی یان گۆگسی ئەرزەروم نیشتەجێ دەبن. شاکیرۆ بەناوبانگ بوو بەوەی کە دەیتوانی چەند ڕۆژێک بەبێ وەستان دەنگبێژی بکا و بە دڵنیاییەوە یەکێک لە دەنگە گەورەکانی کورد بوو.

گۆرانیبێژ شاکیرۆ دەنگێکی زۆر تایبەتی هەبوو و لە ئۆکتاڤێکی زۆر بەرزدا دەنگبێژیی دەکرد. ئەو جۆرە دەربڕین و چڕینی (Ha ha hiii hiii)  کە لە دەنگی شاکیرۆدا هەیە لە کەم دەنگی دیکەدا بیستراوە. هەروەها وەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا، شاگردی گۆرانیبێژی گەورە "ڕێسۆ" بووە و زۆربەی تێکست و گۆرانییەکانی ڕێسۆی گوتووەتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چەندین گۆرانیی تایبەتی خۆی هەبووە. "ڕێسۆ"ش خۆی شاگردی "عەوداڵ زەینیکی" بوو.

شاکیرۆ لە ساڵی 1996 لە شاری ئیزمیری تورکیا بە هەژاری کۆچی دوایی کرد. ئێستاش گۆڕەکەی لە ئیزمیرە و پێش مردنی کاتێک ڕۆژنامەنووسێک ویستی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵدا بکات، بەو ڕۆژنامەنووسەی وت: "زۆر بێ هیوا بووم لە کورد. کورد خاوەنداری لە ئاواز و دەنگبێژی خۆی ناکا. تەماشای تورکەکان بکەن، "ئاشیق ڤەیسەڵ"ێکیان هەبوو، چەندە لێی بەخاوەن دەرکەوتن. ئەویان بە هەموو جیهان ناساند. ئێمە "ڕێسۆ"یەکمان هەبوو و ئەویش وەستای هەموومان بوو. بەڵام بە برسێتی مرد. ئێستا پێم بڵێ چۆن قسەت لەگەڵ بکەم و چۆن دڵمت بۆ بکەمەوە."

بێگومان شاکیرۆ بە دڵێکی شکاوەوە کۆچی دوایی کردووە، بەڵام لای کورد بە شازادەی دەنگەکان پێناسە دەکرێت. کەس ناتوانێ لە کاریگەریی دەنگ و شێوازی دەنگبێژیی ئەو دەرچێ. کاتێک لەو ئۆکتاڤە بەرزەدا وشەکانی دەردەبڕێ و ئاوازەکانی دەچڕێ، تەزوو بە جەستەی مرۆڤدا دێنێ. شاکیرۆ لە دوو هاوسەر شەش مناڵی لە پاش بەجێ ماوە و لە ماوەی تەمەنی هونەریی خۆیدا 65 کاسێتی تۆمار کردووە.

KURDŞOP
772 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!