مەستوورەی کوردستانی یەکەم ژنی مێژوونووسی جیهان

 

"ماهشەرەف خانم"ی قادری کچی "ئەبولحەسەن بەگ"، ناسراو بە «مەستوورەی ئەردەڵان » یان « مەستوورەی کوردستانی» نووسەر، شاعیر و یەکەم ژنی مێژوونووسی جیهانە. ئەو خاتوونە مەزنە لەساڵی ١٢٢٠ی کۆچیی مانگی بەرانبەر بە ساڵی ۱۸۰۵ی زایینی لە شاری "سنە"ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چاوی بە جیهان پشکووت. لەوەڕا کە لەدایکبوونی ئەو لە بنەماڵەیەکی زانا و ڕابەری فەرهەنگدا بوو، بێگومان  خوێندەواری و زانایی لەو بنەماڵەیەدا هەمیشە هێمای شکۆ و شانازی بووە و بەم پێیەش ماهشەرەف دەنێردرێتە بەر خوێندن و لە قورئان و بووستان و گوڵستانەوە بگرە تا مێژوو و شیعر و شەریعەت و فەلسەفە و باقی زانستەکانی باوی ئەو سەردەمی فێر دەکرێ و لێیان شارەزا دەبێ.

لە سەردەمی دەسەڵاتداریی "خوسرەوخانی ئەردەڵان" کە بە "خوسرەوخانی ناکام" ناسراوە، پەیوەندیی نێوان بنەماڵەی ئەردەڵانی دەسەڵاتداری سنە و ویلایەتی ئەردەڵان، لە گەڵ بنەماڵەی قادری تێکدەچێ، بەڵام دواتر پەیوەندییەکە ساڕێژ دەکەنەوە و بۆ زەمانەتی ڕاگرتنی ئەو دۆستایەتییە ماهشەرەف خانم و خوسرەوخان زەماوەند دەکەن  کە ئەو ڕووداوە لە ساڵەکانی ٢٩-١٨٢٨ دابووە، واتە لە کاتێکدا کە تەمەنی ماهشەرەف ٢٣-٢٢ ساڵان بووە.

بە پێی قسەی "عەلی ئەکبەر خان"ی مونشی، مەستوورە بەو زەماوەندە ڕازی نەبووە، بەڵام ئەبولحەسەنی بابی و باپیری مەستوورە، کە موستەوفی و بەرپرسی خەزینەی ئەردەڵان بووە، لە لایەن خوسرەوخانەوە دەسبەسەر دەکرێن و دەخرێنە زیندانەوە و سی هەزار تمەنی ئەوکات جەریمە دەکرێن، پاشان خوسرەوخان بەو مەرجە ئازادیان دەکا کە مەستوورەی لێ مارە بکەن. کەوابوو زەماوەندی مەستوورەی مەزن و خوسرەوخانی ناکام زیاتر لەسەر بنەمای مامەڵەیەک لە نێوان دوو بنەماڵەدا بۆ لەناوبردنی ناکۆکی بووە و بێجگە لەوەش مەستوورە یەکەم هاوسەری خوسرەوخان نییە، بەڵکوو یەکێکە لە هاوسەرەکانی خوسرەوخان و بێجگە لەوەش خوسرەوخان زاوای "فەتحعەلی شای قەجەر" بوو و بیست و یەکەمین کچی فەتحعەلی شا بە نێوی « حوسنی جەهان خانم» بەر لە مەستوورە ژنی خوسرەوخان بووە  و زۆر بەدەسەڵات و دەس ڕۆیشتوو بووە لە دەزگای دەسەڵاتی مێردەکەیدا. بێجگە لەو ژنە کە سێ کوڕ و سێ کچی  لە خوسرەوخان هەبوو،  (بۆ وێنە «رەزاقوڵی خان» جێنشینی خوسرەوخان کوڕی حوسنی جەهان خانمە، کە لە هەندێ سەرچاوەدا بە هەڵە بە کوڕی مەستوورە لە قەڵەم دراوە)

خوسرەوخان حاکمێکی خۆشڕابوێر و دڵتەر بوو و ژنی دیکەشی لە حەرەمسەرادا زۆر بوون، کە وابوو ژیانی مەستوورەی ناسک خەیاڵ و بەهەست، بێگومان بە بوونی ئەو ژنانە کە هەوێ و ڕکابەری بوون، ژیانێکی چەتوون و گران بووە. مەستوورە لە شیعرەکانیدا زۆر جار گلەیی لە « ڕەقیب» دەکا.

بە وتەی میرزا عەلی ئەکبەرخانی مونشی، ڕادەی شیعرەکانی مەستوورە لە دیوانەکەیدا بیست هەزار بەیت بووە، هەرچەند ئێستا هەر دووهەزار بەیتی لێ ماونەتەوە، هەروەها خوسرەوخانی مێردیشی شیعری دەنووسی و هاندەری مەستوورە بوو بۆ نووسین، بێجگە لەوانەش مەستوورە لە گەڵ « یەغمای جۆندۆقی» شاعیری هاوچەرخی خۆی کە لە شاعیرە ناسراوەکانی فارس بووە، پەیوەندیی بووە و شیعری گۆڕیوەتەوە.

ژیانی هاوبەشی مەستوورە لە گەڵ خوسرەوخان هێندی نەخایاند و خوسرەوخان لە ساڵی ١٢٥٠ ی کۆچی مانگی واتە ١٨٣٤دا جیهان بەجێ دێڵێ. مەرگی خوسرەوخان و مەرگی «ئەبولمحەممەد» برای جوانەمەرگی مەستوورە، شوێنێکی زۆری لەسەر ڕۆح و ڕەوانی مەستوورە دەبێ و پاش ئەوە گۆشەنشین دەبێ و خەریکی نووسینی کتێبی شەرعی « عقاید» دەبێ کە لە نێو ژناندا تا ئەوکات هیچ ژنێکی قەڵەم بەدەست هیچ دەقێکی لە سەر شەرع نەنووسیبوو.  

مەستوورە ساڵانێکی زۆر لە خانەدانی ئەردەڵاندا دەمێنێتەوە و خەریکی نووسین دەبێ؛ بە پێی قسەی « میرزا عەبدوڵڵای ڕەونەق» کە مامی باوکی مەستوورە بووە، پاش ئەوەی قەجەرەکان دەسەڵات لە ئەردەڵانەکان دەستێنن ( ساڵی ١٨٤٦) بەشێک لە بنەماڵەی ئەردەڵان و هەروەها مەستوورە، سنە بەجێ دێڵن و ڕوو دەکەنە وڵاتی بابانەکان و بەینێک دواتر مەستوورە لە شاری سولەیمانی،  پاش ٤٢ ساڵان،ژیانی دەگاتە کۆتایی و تەرمەکەی دەگوێزنەوە بۆ نەجەف و لەوێ دەنێژرێ. هێندێک سەرچاوەش دەڵێن لە گوندی زەرگەت لە ناوچەی هەورامانی باشووری کوردستان نێژراوە.

ناوبانگی مەستوورەی مەزن زیاتر بە هۆی کتێبێکی مێژووییە بە نێوی "مێژووی ئەردەڵان" کە نووسینی ئەو کتێبە، پلەی مەستوورە وەک یەکەمین ژنی مێژوونووس لە جیهاندا بەرز دەکاتەوە. بێجگە لەوە خودی کتێبەکەش سەرچاوەیەکی باش و باوەڕ پێکراوە لە پانتای مێژووی کورددا، بە تایبەت مێژووی یەکێک لە کۆنترین بنەماڵە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان کە بنەماڵەی ئەردەڵانن.

 بەرهەمەکانی مەستوورە لە بوارە جۆراوجۆرەکانی زانستدا بوون و بریتین لەو کتێبانە:

١-مێژووی ئەردەڵان، کە بریتییە لە مێژووی دەسەڵاتدارەتیی ئەردەڵانەکان لە پانتای کوردستان و بەتایبەت ناوچەی ئەردەلان و پەیوەندییەکانیان لە گەڵ دەسەڵاتدارانی وەک سەفەوی و قاجار و عوسمانی و ...

٢- دیوانی مەستوورە، کە بریتییە لە کۆی شیعرەکانی مەستوورە و لە جەند بەشی وەک غەزەل، قەسیدە، مەسنەوی، قەتعە و چوارینە پیکهاتووە و لەو ساڵانەی دواییدا شیعرە فارسییەکان و ژیانی مەستوورەی کوردستانی چووەتە ناو کتێبی قوتابخانەکانی ئێرانەوە.

٣-شەرعیات، کتێبێکە لە باسی فێقهی سوننیدا و مەستوورە وەک موجتەهیدێک لەوێدا  باسە شەرعییەکانی شی کردووەتەوە.

 

زۆر کتێب و بابەتیش لەمەڕ مەستوورە نوسراون کە گرینگترینیان  کتێبێکە  کە نووسەری کوردی ئەرمەنستان "تۆسنێ ڕەشید" بە ناوی "مەستوورە سەرێ هێژایی تاج بوو" و هەروەها کتێبی "بیرئانینی مەستوورەی ئەردەڵان" کە کۆمەلە وتارێکە لەسەر مەستوورە.

شایانی باسە مێژووی ئەردەڵانەکەی مەستوورە لە لایەن مامۆستا هەژرا موکریانییەوە کراوەتە کوردی.

ئەوەش نموونەی شیعری کوردیی مەستوورە:

گرفتارم بە نازی چاوەکانی مەستی فەتتانت

بریندارم بە تیری سینەسووزی نێشی موژگانت

بە تاڵی پەرچەمی ئەگریجەکانت غارەتت کردم

دڵێکم بوو ئەویشت خستە ناو چاهی زەنەخدانت

بە قوربان، عاشقان ئەمڕۆ هەموو هاتوونە پابۆست

منیش هاتم، بفەرموو بمکوژن، بمکەن بە قوربانت

تەشەککور واجیبە بۆ من ئەگەر بمرم بە زەخمی تۆ

بە شەرتێ کفنەکەم بدرووی بە تای زوڵفی پەرێشانت

لە کوشتن گەردنت ئازا دەکەم خۆت بێیتە سەر قەبرم

کە ڕۆژی جومعە بمنێژی لە لای نەعشی شەهیدانت

کەسێ تۆ کوشتبێتت ڕۆژی مەحشەر زەحمەتی نادەن

ئەگەر وەک من لە ئەم دونیایە سووتابێ لە هیجرانت

هەمیشە سوژدەگاهم خاکی بەر دەرگانەکەی تۆیە

ڕەقیب ڕووڕەش بێ ناهێڵێ بگا دەستم بە دامانت

دڵم مەشکێنە چونکوو مەخزەنی دەرد و خەمی تۆیە

فدای شەرت و وەفات بم چی بەسەر هات مەیلی جارانت

ئەتۆ ئەمڕۆ لە موڵکی دڵبەریدا نادرەی دەهری

بە ڕەسمی بەندەگی مەستوورە وا هاتۆتە دیوانت

 

KURDŞOP
913 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!