"دکتۆر رێبوار سیوەیلی" بیرمەند و خاوەن مێتۆد لە نووسیندا

رێبوارسیوەیلی نووسەر و توێژەری بواری ئەدب و فەلسەفەیە. ئەو فەلسەفەی لە زانکۆی سەلاحەددین و دانمارک تا پلەی دکتۆڕا خوێندووە و جودا لە کاری ئاکادیمی و مامۆستایەتی لە بەشی فەلسەفەی زانکۆی سەلاحەدین ئەندامی کارای ئەکادیمیای کوردی بووە.

تا ئێستا دەیان کتێب لە بواری فەلسەفە و ئەدەب لە دکتۆر ڕێبوار سیوەیلی بڵاو کراونەتەوە. هەر کام لەو کتێبانە خاڵێکی وەرچەرخان بوون بۆ شێوە ڕوانینێکی تازە لە بواری ئەدەبدا. ڕێبوار سیوەیلی بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ دەق میتۆدی تایبەتی هەیە. وەک هەر توێژەرێکی زیرەک پێشینەی بابەت دەدۆزێ بەڵام لەهەمان کاتدا ڕوانیین و پرسیاری داهێنەرانەی خۆی دەخاتە ڕوو. ڕوانینێک کە نووسینەکەی لە کۆی نووسینەکانی پێش خۆی جودا دەکاتەوە. بۆ وێنە دەیان ساڵە لەسەر شيعری نالی بە دەیان وتار و شەرح نووسراون. بەڵام ڕێبوار سیوەیلی بە ئاگاداری لە هەموو ئەو نووسراوانە، دوو بەرگی کتێب لەسەر نالی نووسیوە بە ناوی «کتێبی نالی». ئەوەی سیوەیلی لەو دوو کتێبەدا لەمەڕ نالییەوە دەیخاتە ڕوو، جیاوازە لە کۆی ئەو ڕوانینانەی بەر لەو باسیان کراوە. پێش ئەو جەخت لەسەر تێگەیشتن لە واتای موفڕەداتی شیعری نالی بوو، ڕێبوار سیوەیلی ئاسۆی ڕوانین بۆ نالی فراونتر دەکاتەوە و لەفەلسەفەی نالی دەدوێ. باسی ئەوە دەکا نالی چۆن دیاردە و بوونەکانی ناسیوە و ئەوانە چۆن لە دەقی ئەودا ڕۆحیان بەبەردا کراوە. ئەو بوون و دیاردانە لە کەرە جیاوازەکەی نالییەوە تا دەگاتە حوجرە کون تێبوەکەی سەردەمی فەقێ بوونی.

جودا لەوە ڕێبوار سیوەیلی لە "کتێبی هاوکاتی و هاوشوناسی"دا ئاوڕ لە مانای کات و شوێن لەشیعری حاجی قادری کۆیی دەداتەوە. بەڵام بەر لەوە بە تەسەلی واتای ئەو دەلالەتانە لە ئەفلاتوونەوە تا ئاگۆستینی پیرۆز شی دەکاتەوە. سەرنجڕاکێش ئەوەیە ڕێبوارسیوەیلی دواتر بەو ئەنجامەدەگا  هەموو ئەو پرسیارانەی لەسەرکات و شوێن لە شیعری حاجی قادری کۆییدا هەن، وڵام نەدراونەتەوە، بۆیە کتێبی بە پێزی " کتێبی حاجی قادر" دەنووسێ و لەوێدا بەتەسەلی لە دوو توێی کتێبێکی ٣٦٠ لاپەڕەییدا گرینگیی کات و شوێن لە شیعری حاجی قادر و هۆکاەکانی دەخاتە بەر تیشکی شیکردنەوە و لە پاڵ ئەوەوە زۆر لایەنی فەلسەفەی کات و شوێنیش شی دەکاتەوە.

رێبوار سیوەیلی لەسەر ئەدەب و شیعر هەر بەوەندە پەروەندەی خۆی دانەکووژاندووە، لەو بوارەدا دوایین کتێبی واتە "کتێبی قوباد" لە ٣٥٠ لاپەڕەدا بە وردی شیعر و میتۆدی کار و بیری قوبادی جەلیزادەی لە کۆی بەرهەمەکانیدا خستووەتە بەرباس. لەو کتێبەدا سیوەیلی ئەو پرسیارانەی لەمەڕ شیعری قوبادی جەلیزادەوە هەن وڵام دەداتەوە. قوباد شاعیری ژن و ڕووتییە. بۆ ژن و بۆ ڕووتی . بۆ نیشتمان و بۆ نەرمونیانی. ئەوانە و زۆر پرسیاری دیکە لەسەر شیعری قوبادی جەلیزادە ناوەرۆکی ئەو کتێبەی سیوەیلین. جودا لە ئەدەب کە کاری بەردەوامی سیوەیلییە لە بواری فەلسەفەدا کاری زۆر و گرینگی پێشکەشی کتێبخانەی کوردی کردوە. لەوانە دەتوانین ئاماژە بەو کتێبانە بکەین:

 

* بیماری و مەرگی فەیلەسووفێک بە پێشەکیی فەیلەسووفی ئەورووپی جێبس ستابڕاندەوە

*فەلسەفەی ئاکاری پزیشکی و مافەکانی نەخۆش

*فەلسەفەی ئاکاری ژینگەپارێزی

*فەلسەفەی خواردن (فەلسەفەی ئاشپەزی)

*کۆمەڵگەی شڵەقاو

*گەڕانەوەی کلۆنیالیزم

*قەفەسی ئاسنین

*کتێبی ستایشەکان

*نامەیەک بۆ ئاگووستێنی قەدیس

*دونیای شتە بچووکەکان

* کتێبی پیرۆزی من

ئەوانە و زۆر بەرهەمی دیکەی ڕێبوار سیوەیلی، پڕکەرەوەی کەلێنە مەعریفییەکانی مرۆڤی کوردن بە شەرتێک ئاوڕیان لێ بدرێتەوە.

 

KURDŞOP
1096 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!