مێژووی ئەلفبێی کوردی لە ئەرمەنستانی سۆڤییەت (١٩٢١-١٩٩١) - بەشی دووەم

لە ساڵی ١٩٢٥دا لە شاری لەنیناکانی ئەرمەنستان، بۆ کوردانی وڵاتانی وەک ئازەربایجان، جۆرجیا و تورکمەنستان و هتد، لەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی کۆنفڕانسێک بەڕێوە چوو و تێیدا لەسەر چەند مژارێک گفتوگۆ کرا. هەروەها لە بڕیارنامەکانی کۆنگرەدا، پێویستیی نەهێشتنی نەخوێندەواری و ناردنی کچان بۆ قوتابخانە دیاری کران.

- تێنگیز سیابەندی

 

بەشی یەکەمی ئەم گوتارە لێرە بخوێننەوە

 

لە بەشی یەکەمی ئەم گوتارەدا بە کورتی باسمان لە مێژوو و سەرەتای کۆکردنەوە و ئامادەکردنی ئەلفبێی کوردی لە ئەرمەنستانی سۆڤییەت کرد، کە بە کام قۆناغدا تێپەڕیوە و چۆن بەسەر چەند قۆناغێکدا دابەش کراوە. لەم بەشەدا بەردەوامین لە ناساندنی قۆناغەکانی ئەلفبێی کوردی.

ئەلفبێی لاتینیی ئە. شەمۆ و ئی. مارۆگوولۆڤ (١٩٢٩)

لە ساڵی ١٩٢٥دا لە شاری لەنیناکانی ئەرمەنستان، بۆ کوردانی وڵاتانی وەک ئازەربایجان، جۆرجیا و تورکمەنستان و هتد، لەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی کۆنفڕانسێک بەڕێوە چوو و تێیدا لەسەر چەند مژارێک گفتوگۆ کرا. هەروەها لە بڕیارنامەکانی کۆنگرەدا، پێویستیی نەهێشتنی نەخوێندەواری و ناردنی کچان بۆ قوتابخانە دیاری کران. کۆنگرەی سەرەوە بڕیار دەدات کە داوا لە حکوومەتی ئەرمەنستان بکات کە ئەلفبێی کوردی لەسەر بنەمای پیتی ئەرمەنی لا ببات و ئەلفبێیەکی تر لەسەر بنەمای پیتی لاتینی دروست بکات. ئەلفبێی "لازۆ" بە ناوی "شەمس" کە لە ساڵی ١٩٢١ لەسەر بنەمای پیتی ئەرمەنی ئامادە کرابوو، هەتا ساڵی ١٩٢٨ لە قوتابخانەکاندا بەکار هات. بەڵام پێویستە ئاماژە بەوە بکەین کە هەندێک کەموکوڕی و هەڵە لەو کتێبەدا هەبووە. هەر بۆیە داوای ئەلفبێی نوێ دەکرێت. حکوومەتی ئەرمەنستان ئەو پێشنیارەی ڕەت نەکردەوە و فەرمانی دا تاکوو ئەلفبێی نوێ ئامادە بکرێت. لە ساڵی ١٩٢٦دا "عەرەبی شەمۆ" و "ئیسحاق مۆرۆگوولۆڤ" پڕۆژەیەکی نوێ بۆ ئەلفبێی لاتینی دەست پێ دەکەن. ئەمەش لە ساڵی ١٩٢٩ لە "باکوو" پەسەند کرا. هەر لەو ساڵەدا کتێبی "خوە ب خوە هینبوونا نڤیساندنا کورمانجی" چاپ و بڵاو دەکرێتەوە. ئیدی لە ساڵی ١٩٣٠ەوە چەندین کتێبی ئەدەبی، پەروەردەیی، زانستی و فەلسەفی و هتد چاپ دەکرێن. لە ساڵی ١٩٢٩ەوە قوتابخانە کوردییەکان لە ئەرمەنستان وازیان لە ئەلفبێی کوردیی ئەرمەنی هێنا و بە فەرمی ئەلفبێی لاتینییان وەرگرت. ئەم ئەلفبێ نوێیە لە قوتابخانە کوردییەکانی کۆمارەکانی پێشووی سۆڤییەتی ئازەربایجان و تورکمەنستان و جۆرجیاشدا جێگای خۆی گرت. قوتابییانی کورد بە ئەلفبێی لاتینی دەستیان کرد بە خوێندن و نووسین. زۆر کتێب بە پیتی لاتینی چاپ کران. لە مانگی ئاداری ساڵی ١٩٣٠دا ڕۆژنامەی "ریا تەزە" بەم ئەلفبێیە دەرچوو. ئەم ڕۆژنامەیە لە ساڵی ١٩٣٧دا قەدەغە کرا. دوای مردنی ستالین (١٩٥٥)، جارێکی تر دەستی بە بڵاوکردنەوە کرد، بەڵام ئەمجار بە ڕێنووسی کیریلی. لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوە بکەین کە ڕۆژنامەی "ریا تەزە" پێش گۆڤاری "هەوار" (١٩٣٢) لەلایەن "جەلادەت عەلی بەدرخان"ەوە بە پیتی لاتینی دەرچووە.

ئەلفبێی کیریلیی هـ. جندی، ئە. ئەڤدال، و. نادری (١٩٤٤)

دوای ماوەیەک ئەلفبێی لاتینیی کوردی لەلایەن "ستالین"ەوە قەدەغە دەکرێت و ئەلفبێی کیریلی شوێنی دەگرێت. ساڵی ١٩٤١ حکوومەتی ئەرمەنستان بڕیاری دا کە پیتی کوردی بە زمانی کیریلی ئامادە بکرێت و بۆ ئەم ئەرکە "حاجی جندی" ئەرکدار کرا و لە ساڵی ١٩٤٤دا ئەلفبێکە ئامادە کرا و خوێندکارە کوردەکان بۆ ماوەی دە ساڵ بەم ئەلفبێیە پەروەردە کران. لەم کارەدا نووسەرانی ئەرمەنی "گ. خاپانتسیان، هـ. ئاچاریان" و کەسانی تر و هەروەها نووسەرانی کورد وەک "و. نادری، ئە. ئێڤدال و ن. ماخموودۆڤ" یارمەتیدەر بوون. تەنانەت لەم ساڵانەی دواییشدا کتێب بە پیتی کیریلی چاپ دەکرا.

ئەنجام

بێگومان مێژووی کوردانی YKSS (یەکیەتیی کۆماری سۆسیالیستی سۆڤییەت) جێگا و ڕۆڵێکی تایبەتی لە مێژووی کورددا هەیە. دوای شۆڕشی ساڵی ١٩١٨ ئیمپراتۆرییەتی ڕووسیا هەڵوەشایەوە و کۆماری سۆسیالیستیی سۆڤییەت دامەزرا. لە بیستەکانی سەدەی ڕابردوودا چەندین دەرفەت و دەستکەوتی گەورە بۆ گەلانی کەمینە و بەتایبەت بۆ کورد هاتنە ئاراوە.

دەبێ بە خۆشحاڵییەوە بڵێین سەدەی بیستەم دەستکەوتێکی نوێی بۆ گەلی کورد هێنا. بەشێک لە کوردان لە ئەرمەنستان، دوور لە زێدی خۆیان، لە تەواوی مێژووی کورداندا ڕۆڵێکی گەورەیان گێڕا. کورد بە هاوکاری و پاڵپشتیی ئەرمەنستان، بوو بە خاوەنی ئەلفبێ. ئەوەش بووە هۆی پەرەسەندنی زمانی دایکی و هەروەها پاراستنی مێژوو، چیرۆک، زاراوە، گۆرانی، داستان و ئەدەب و هتد.

لەنێو YKSSدا، لە ساڵانی سەرەتاوە (١٩٢٢) تا هەڵوەشانەوەی یەکیەتیی سۆڤییەت (١٩٩١)، چەندین بەرهەمی ئەدەبی، مێژوویی و کەلتووری بە زمانی کوردی چاپ و بڵاو کرانەوە. ئەو ئەنستیتووانەی کە دامەزران لە بواری کوردناسی گرینگییەکی زۆریان بەدەست هێنا و ئەنجامی باشیان هەبوو. ئەم سەردەمە هەم بۆ ئەدەبی کوردی و هەم بۆ کوردناسی زۆر گرینگە. دەبێ بە هەموو هێڵەکان نموونەی ئەو کارانەی کە کراون و ئەو بەرهەمانەی کە بڵاو کراونەتەوە بۆ کوردەکانی هەموو پارچەکانی تر وەربگێڕدرێن و لەسەریان لێکۆڵینەوە بکرێت. بۆ نموونە دەکرێت ساڵانی ١٩٢١-١٩٣٧ وەک قۆناغێکی گرینگ بۆ گەشەسەندنی فەرهەنگی کوردی و گەشەسەندنی ڕۆشنبیری هەژمار بکرێت. لە قوتابخانەکاندا پەروەردە بە زمانی دایکی هەبوو. لە ئۆتۆنۆمیی کوردستاندا، کتێب و ڕۆژنامە بە زمانی کوردی دەردەچوو، ئەکادمیای مامۆستایەتیی کوردیش کرایەوە. قوتابخانە و دەزگای ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوەی کوردی لە ئەرمەنستان دامەزران. شانۆی نەتەوەییی کورد کرایەوە. ئەم ڕووداوانە لە وڵاتانی جۆرجیا، ئەرمەنستان و تورکمەنستان پێک هاتن.

بێگومان ئەرمەنستان بۆ کوردان ناوەندێکی فەرهەنگی بوو. ژمارەیەکی زۆر کورد لە ئەرمەنستان هەبوون. کارێکی زۆری کوردی لەم وڵاتە ئەنجام درا. لەنێوان ساڵانی ١٩٢١ بۆ ١٩٢٩ بەرهەمە کوردییەکان بە ئەلفبێی کیریلی چاپ دەکران. ساڵی ١٩٢٩ بە بڕیاری حکوومەتی ئەرمەنستان ئەلفبێی لاتینیی کوردی بەکار هێنرا. کتێبی ڕێزمانی کوردی ساڵی ١٩٢١ چاپ و بڵاو بووەوە. لە ساڵی ١٩٣١ لە شاری ئەریڤان ئەکادیمیایەک بۆ پەروەردەی مامۆستایانی کورد کرایەوە.

ساڵی ١٩٢٢ ژمارەی ئەو کتێبە کوردییانەی کە چاپ کران، ٣٢ کتێب بوو. بەڵام ئیدی لە ساڵی ١٩٣٧وە ٧٠ کتێبی بەنرخ وەک بەرهەڤۆک، چیرۆک، ڕۆمان و شانۆنامە و هتد لەلایەن نووسەرانی ئێمەوە دەنووسرێن و چاپ دەکرێن. کاری ئەدەبیی پێشتر وەرگێڕان بووە و نزیکەی ١٥ کتێب لە ئەدەبیاتی ڕووسی و ئەرمەنی وەرگێڕدراون و ئەم بەرهەمانە زیاتر لەلایەن "حاجی جندی، ئەمین ئەڤدال، جاسم جەلیل، قاچاخ مراد، جەردۆی گێنجۆ، ڕوبەن درامپیان و عەرەبی شەمۆ" وەرگێڕدراون.

لە ساڵی ١٩٣٠دا ڕۆژنامەیەک بە ناوی "ڕیا تەزە" دەرچوو.

لە ساڵی ١٩٣١دا خولێکی ڕاهێنانی مامۆستایەتیی کوردی لە ڕەوان کرایەوە.

لە ساڵی ١٩٣٢دا یەکیەتیی نووسەرانی کورد دامەزرا.

لە ساڵی ١٩٣٤دا یەکەمین کۆنفڕانسی کوردۆلۆژی لە شاری ئەریڤان بەڕێوە چوو. لەو سەردەمەدا کورمانجی وەک زمانی ئەدەبی بۆ کوردانی یەکیەتیی سۆڤییەت هەڵبژێردرا.

لە ساڵی ١٩٣٨دا شانۆی کوردی لە شاری ئەلەگەز دامەزرا.

هەروەها فیلم لەژێر ناوی "زارە" (١٩٢٦) و "کوردێن ئێزدی" (١٩٣٣) دروست کران.

ساڵی ١٩٥٤ دیسان ڕادیۆی کوردی بڵاو کرایەوە. بە هەمان شێوە لە ساڵی ١٩٥٥ ڕۆژنامەی "ڕیا تەزە" جارێکی تر دەستبەکار بوو.

لە ئەرمەنستان ٢١ گوندی کوردان هەیە و لەو گوندانەدا منداڵانی کورد تا پۆلی ١٢ فێری زمانی کوردی دەبن.

لە ئەرمەنستانی سۆڤییەت بەشی سەربەخۆی کوردناسی هەبوو، بەڵام دوای هەڵوەشانەوەی یەکیەتیی سۆڤییەت، داخرا. لە ئێستادا زمانی کوردی لە فاکەڵتی ڕۆژهەڵاتناسیی زانکۆی ڕەوان دەگوترێتەوە.

 

سەرچاوەکان:

١- خ. ئابۆڤیان، "کوردی، ئێزدی" (بە ئەرمەنی)، ١٩٨٦، یێرێڤان.

٢- ئا.ئوو. دەربۆیان، دروستکردن و پێشکەوتنی وێژەی کوردی لە ئەرمەنستانی سۆڤییەت (بە ئەرمەنی).

٣- حاجی جندی، ئاکادەمیای زانستیی ئەرمەنستان، زانستی کۆمەڵایەتی (بە ئەرمەنی).

٤- ڤ. ئا. بایبووردیان، پەیوەندیی ئەرمەنی و کوردان لە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا. (بە ئەرمەنی)، یێرێڤان، ١٩٨٩.

٥- خ.م. چاتۆیێڤ، کوردانی ئەرمەنستانی سۆڤییەت (بە ڕووسی)، یێرێڤان، ١٩٦٥.

٦- ن.خ. ماخموودۆڤ، گەلی کورد (بە ئەرمەنی)، وەشانی دەوڵەتی ئەرمەنستان، ١٩٥٩.

٧- ک. چاچانی، مێژووی چاپەمەنیی کوردی "ریا تەزە" ١٩٣٠- ١٩٥٥ (بە کوردی)، یێرێڤان، ٢٠٠٨.

٨- کتێبی "شەمس" (بە ئەرمەنی)، ئێجمیاسین، ١٩٢٢.

٩- “Xo-Xo Hinbuna Xondьna Nvisara Kуrmançi” (بە ئەرمەنی)، ئی. مارۆگوولۆڤ و ئە. شەمۆ، وەشانخانەی دووگەلی، یێریڤان، ١٩٢٩.

١٠- ل.گ. خاچێریان، "تیۆریی گەشەی زمان بە بۆچوونی ڤاردان ئارێڤەلسی".

KURDŞOP
583 بینین

خوێندنەوەیەکی کورت بۆ کتێبی "چرووسکەک ژ بەرخوەدانیا کۆبانیێ"

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی کۆتایی

زۆرینەی نووسەران و شاعیرانی کوردستان، لە شیعر و دەقەکانیاندا بە شێوازی جۆراوجۆر باسی نەورۆزیان کردووە کە لەبەر نەبوونی مەجال تەنیا ئاماژەمان بە چەند شاعیر و چەند نموونە شیعر کرد. پێم خۆشە لە کۆتاییشدا ئاماژە بەوە بکەم کە شاعیران "موخلیس، عەونی، هەژار، زاری، عەلی حەسەنیانی، ژیلا حسەینی، محەممەد ساڵح دیلان، ئەسیری، ناسر ئاغابرا، جەلال مەلەکشا، شێرکۆ بێکەس و عەبدوڵڵا پەشێو و..." لە چەندین شیعریاندا باسی "نەورۆز"یان کردووە و لەسەر کوردستانیبوونی نەورۆز جەختیان کردووەتەوە.

مەلای "جزیری" دەنگی هەڵبەستی کوردییە

مەلای جزیری لێدانی دڵ و هەستەکانە لە شیعری کلاسیکدا. مەلای جزیری ساڵی ١٥٦٥ لە جزیری بۆتان لەدایک بووە. ناوی "ئەحمەد"ە و لە شیعردا نازناوی "نیشانی، مەلێ و مەلا"یە و لە سەدەی ١٧دا ژیاوە. مەلا ئەحمەد جزیری لەسەر دەستی باوکی (شێخ محەممەد) دەستی بە خوێندن کردووە و لە مەدرەسەی "هەکاری و عیمادی" درێژەی بە خوێندن داوە.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی دووەم

لەم بەشەشدا ڕەنگدانەوەی زیاتری "نەورۆز" لە شیعر و دەقی کوردیدا دەخەینەڕوو. هەروەها پێویستە ئاماژەش بەوە بکەم کە وێڕای ئەوەی لەم وتارەدا ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا دەبینین، ئاوڕێکیش لە شاعیران و نووسەرانمان دەدەینەوە کە بەداخەوە ناوی هەندێکیان بە فەرامۆشی سپێردراون.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی یەکەم

نەورۆز وەکوو جەژنی نوێبوونەوە و ئازادی، لە ئەدەبی کوردیدا و لەلای شاعیران و نووسەرانی کورد، هەمیشە جێی بایەخ و تێڕامان بووە. شاعیران و نووسەرانی کورد وەکوو دیوێکی جوانی و دەرچەیەکی ئازادی و هێمای ڕزگاریی نەتەوەیی، نەورۆزیان لەنێو شیعر و دەقەکەیاندا بەکار هێناوە. ئەم بابەتەش دەگەڕێتەوە بۆ گرێدراویی حاشاهەڵنەگری کورد و کوردستان بە نەورۆزەوە

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی سێیەم

ڕەخنەی پەداگۆژیک لە بواری پەروەردە لەسەر چیرۆکی منداڵان؛ هەندێکجار لە چیرۆکی منداڵاندا تووشی ئەو جۆرە وشەیە دەبین کە کاریگەرییان لەسەر مێشکی منداڵان دەبێت و ڕێگەیان پێ دەدات بیرۆکەیەکی خراپ لە مێشکیاندا دروست بکەن. بۆ نموونە دەتوانین لێرەدا سەرنجەکانمان لەسەر چیرۆکی "تیتی و پیرێ، کال و سێڤێ و نیسکۆ" بخەینەڕوو. لە بەشێکی چیرۆکی "تیتی و پیرێ"دا وەها دەڵێت:

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی دووەم

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی یەکەم

لەو کۆمەڵگەیەدا کە ئەمڕۆ تێیدا دەژین، هەرچەندە دەبینین ئەدەبی کوردی لە گەشەکردندایە، بەتایبەتی ئەدەبی منداڵان، بەڵام زۆربەی چیرۆکەکانی منداڵان لایەنی لاوازی زۆریان هەیە کە کاریگەرییان لەسەر دەروونی منداڵان هەیە و دەبنە کێشە.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!