مێژووی ئەلفبێی کوردی لە ئەرمەنستانی سۆڤییەت (١٩٢١-١٩٩١) - بەشی یەکەم

لەم وتارەدا سەرنجمان لەسەر ئەو ئەلفوبێیانە دەبێت کە لە ئەرمەنستانی سۆڤییەت (١٩٢١-١٩٩١) پێک هاتن. چونکە زۆرێک لە کوردەکان ئاگاداری ئەم بابەتە نین کە سێ ئەلفبێی دیکەی کوردیش هەبوون (بە پیتی ئەرمەنی، لاتینی و ڕووسی) کە کوردەکانی سۆڤییەت بەکاریان دەهێنا. ئێمە یەک بە یەک باسی ئافراندن و پەرەپێدانی ئەو ئەلفبێیانە دەکەین.

 

- تێنگیز سیابەندی

 

پێشەکی

وەک دەزانرێت، زمانی کوردی زمانێکە لە لقی زمانی ئێرانیی باکووری ڕۆژاوای بنەماڵەی زمانی هیند و ئەورووپی. لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوە بکەین کە زۆر نەتەوەی تر کە لەگەڵ کورد ژیاون لە مێژوودا ون بوون یان لەنێو گەلانی تردا تواونەتەوە. زۆرێک لە گەلانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا وەک "یۆنانی، ڕۆمی، عەرەب، تورکی سەلجوقی و مەغۆل و هتد هەمیشە لە مێژوودا هەوڵی لەنێوبردنی زمانی کوردییان داوە، بەڵام شکستیان هێناوە. لە هەمان کاتدا کوردانی بێدەوڵەت لەهەمبەر ستەم و زۆرداریی سەردەمەکاندا وەستانەوە و بەم شێوەیەش نەک هەر خاوەندارێتییان لە بوونی خۆیان کرد، بەڵکوو خاوەندارێتییان لە زمانەکەشیان کرد. کورد بە درێژاییی مێژوو چەندین ئەلفبێی جیاوازی دروست کردووە و بەکاری هێناوە. پێویستە ئاماژە بەوە بکەین کە ئەم ئەلفبێیانە لە تەواوی مێژووی کورددا ڕۆڵێکی نەرێنییان بینیوە و ئەم ڕۆڵە نەرێنییەش بەردەوامە. ئەلفبێی جیاواز کوردیان سنووردار کردووە و لە یەکتریان جیا کردووەتەوە و ڕێگە نادەن نەتەوەی کورد تەنیا یەک ئەلفبێ بەکار بهێنێت. ئەو ئەلفبێیانەی کە کورد تا ئێستا بەکاریان هێناوە، بریتین لە:

ئەلفبێی کوردانی ئێزدی: کتێبی ئایینییی پیرۆزی ئێزدییەکان، "مشەفا ڕەش و جلوە"، بەم ئەلفبێیە نووسراوە. بەڵام ئەم ئەلفبێیە زۆر بەکار نەهاتووە و هیچ بەرهەمێک بەم ئەلفبێیە نەگەیشتووەتە دەستمان.

ئەلفبێی کوردیی عەرەبی: کوردانی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان چەندین سەدە ئەلفبێی ئارامییان (بە پیتی عەرەبی) بەکار هێناوە و تا ئێستاش بەکاری دەهێنن. زۆر بەرهەمی بەنرخ بەو ئەلفبێیە نووسراون کە بوون بە سەروەت و سامانی کەلتووری کوردی.

ئەلفبێی کوردیی ئەرمەنی.

ئەلفبێی کوردیی لاتینی.

ئەلفبێی کیریلیی کوردی.

جگە لەم ئەلفبێیانە، لە هەرێمی زێوێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، جۆرێک لە نووسین لەسەر سینییەکی زیوین دۆزرایەوە. بە بڕوای توێژەران، ئەم شێوە نووسینە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی هەشتەمی پێش زایین و هی مادەکانە. جگە لەم بەڵگەیە، کەس لە هیچ شوێنێکی دیکەدا تووشی هەمان جۆری نووسین نەبووە.

ئامانجمان ئەوە نییە یەک بە یەک باسی ئەو ئەلفبێیانە بکەین، بەڵکوو لەم وتارەدا سەرنجمان لەسەر ئەو ئەلفوبێیانە دەبێت کە لە ئەرمەنستانی سۆڤییەت (١٩٢١-١٩٩١) پێک هاتن. چونکە زۆرێک لە کوردەکان ئاگاداری ئەم بابەتە نین کە سێ ئەلفبێی دیکەی کوردیش هەبوون (بە پیتی ئەرمەنی، لاتینی و ڕووسی) کە کوردەکانی سۆڤییەت بەکاریان دەهێنا. ئێمە یەک بە یەک باسی ئافراندن و پەرەپێدانی ئەو ئەلفبێیانە دەکەین.

 

دوو گلەیی لەسەر کوردی بە پیتی ئەرمەنی

پەیوەندیی مێژووییی ئەرمەنەکان و کوردەکان زۆر کۆنە. ئەم دوو نەتەوە کۆنە زۆر لەمێژە دراوسێی یەک بوون. تەنانەت دوای چەندین سەدە کارەسات، دۆستایەتییان بەردەوام بووە و زمانە دەوڵەمەندەکەیان شاهیدی ئەمەیە. بۆ ئەوانەی دەیانەوێت لەبارەی مێژوو، کەلتوور و زمان و هتدی کوردان لێکۆڵینەوە بکەن، دەتوانن لە بەرهەمی نووسەرانی ئەرمەنی وەک سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو کەڵک وەربگرن، بە تایبەت بەرهەمی مێژوونووسانی ئەرمەنیی سەدەی ناوەڕاست. ئەوانەی کە بە بەرهەمەکانی خۆیان نموونەی زمان، زاراوە و ئەدەبی کوردییان لە بەرهەمەکانیاندا بە ئەلفبێی ئەرمەنی پاراست. یەکێک لەو نموونە کۆنانە لە دەستنووسی ژمارە ٧١١٧ی "ماتێناداران"دا دەبینین. دۆستێکی گەلی کورد، زمانناس هـ. ئاچاریان دەڵێت کە ئەوە لە سەدەی ١٠-١١دا نووسراوە. پێویستە بگوترێت کە کۆمەڵێک نموونەی کۆن و دەوڵەمەند لە زاراوەکانی گەلی کورد بە پیتی ئەرمەنی نووسراون. هەروەها ئەم بەرهەمە بەناوبانگانەی خوارەوە بە کوردیی تیپی ئەرمەنی نووسراون: "هەمێ مووسێ"، "لەیل و مەجرووم" و گۆرانیی "مەلە مووسی سەیران". لەنێویاندا "قاندیلی سیاپووش و هەئۆزبەک"، "جانبالی"، "حازم ئاغا"، "میرزا ئاغا، تەلی عەیشا"، "سیابەند و خەجێزەرێ"، "مەمێ و زینێ"، "دەڤرێشێ ئەڤدیێ ئێزدی" و "حەموودێ شانکێ" جێگای سەرنجن. شایانی ئەوەیە کە کارەکانی "کۆمیتاس" وەبیر بێنینەوە کە گۆرانییە فۆلکلۆرییە کوردییەکانیان تۆمار کردووە. لە ژمارەی پێنجەمی "بەرهەڤۆکا ئەنۆگرافیکی ئەمینیان"دا، بەرهەمی "کۆمیتاس" کە لە ١٣ شێوەزاری کوردی پێک هاتووە، وەک "کولوک و گارۆ"، "مەم و زین"، "سێڤهاجی"، و "هەمێ مووسی" و...، دانراوە. هەروەها ئەسڵەکانیان بە پیتی ئەرمەنی نووسراون. بەتایبەت وەرگێڕانی "مزگینیا مەتتا، لووقا، مارقۆس و یووهەننا" زۆر سەرنجڕاکێشن کە بە پیتی ئەرمەنی و بە زمانی کوردی لە ساڵی ١٨٧٢ نووسراون. پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە ئەمە یەکەم وەرگێڕانی هەمەلایەنەیە لە مێژووی ئەدەبی کوردیدا. بێگومان بەسەرهاتی کوردی بە پیتی ئەرمەنی لە مێژووی ئەدەبی کوردیدا، خاوەن جێگەیەکی گرینگە.

دەبێ بە خۆشحاڵییەوە بڵێین سەدەی بیستەم دەستکەوتێکی نوێی بۆ گەلی کورد لەگەڵ خۆی هێنا. بەشێک لە کوردان لە ئەرمەنستان، دوور لە زێدی خۆیان، لە تەواوی مێژووی کورداندا ڕۆڵێکی گەورەیان گێڕا. کورد بە هاوکاری و پاڵپشتیی ئەرمەنستان، بوو بە خاوەنی ئەلفبێ. ئەوەش بووە هۆی پەرەسەندنی زمانی دایکی و هەروەها پاراستنی مێژوو، چیرۆک، زاراوە، گۆرانی، داستان و ئەدەب و هتد. دوای دروستبوونی پیتی کوردی، قوتابخانەی زۆر کرانەوە، کتێب چاپ کران و ڕۆژنامە بە زمانی دایکی چاپ و بڵاو کرانەوە.

 

ئافراندن و پەرەپێدانی ئەلفبێی کوردی لە ئەرمەنستانی سۆڤییەتدا بەسەر سێ قۆناغدا دابەش دەبێت:

ئەلفبێی "شەمس"ی لازۆ (هـ. خازاریان) – ١٩٢١

ئەلفبێی لاتینیی ئە. شەمۆ و ئی. مارۆگوولۆڤ – ١٩٢٩

ئەلفبێی کیریلیی هـ. جندی، ئە، ئەڤدال، و. نادری – ١٩٤٤

ئەلفبێی "شەمس"ی لازۆ (١٩٢١)

ئەو ئێزدێیانەی ئێستا لە ئەرمەنستان دەژین، نزیکەی سەداسەدیان نەوەی ئێزدییەکانی سەرحەدن. بەهۆی ڕووداوەکانی سەدەی نۆزدە و بیستەم، بەتایبەت بەهۆی شەڕی عوسمانی و ڕووسیا (١٨٧٧-١٨٧٨)، جەنگی جیهانیی یەکەم (١٩١٤-١٩١٨) و هەروەها بەهۆی کۆمەڵکوژیی ئەرمەنییەکان (١٩١٥)، زۆرێک لە ئێزیدییەکانیش گیانیان لەدەست دا و ژمارەیەکی زۆر لە ئێزدییەکان چوونە ئەرمەنستان. هەر بۆیە کوردی قەفقاز و کوردی سەرحەد لە یەکتر دەچن. کورمانج‌زمانەکانی یەکێتیی سۆڤییەتی پێشووی ئەرمەنستان نەک هەر زاراوەی خۆیان لە لەنێوچوون پاراست، بەڵکوو زمانێکی پێشکەوتوو و ستانداردی کوردیشیان بەدەست هێنا.

دوای هەڵوەشاندنەوەی ئیمپراتۆرییەتی ڕووسیا و لەگەڵ شۆڕشی ئۆکتۆبەر، دەرفەتی زۆر بۆ خۆبوون، بەتایبەتی لە بواری ڕۆشنبیری و هونەردا، بۆ گەلان لە سەرتاسەری قەفقازدا هاتە ئاراوە. لەنێوان ساڵانی ١٩٢٠-٣٧ بە تایبەتی لە ئەرمەنستان، لەلایەن حکوومەتی "بۆلشەڤیکان" و بە هاوکاریی بەشێک لە زانایانی ئەرمەنی کە کوردییان زانیوە، لە قوتابخانە کوردییەکان لە بواری خوێندن و نووسیندا کاریان کردووە. لەم قۆناغەدا بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٢١ قوتابخانەی سەرەتایی و زۆرێک لە ناوەندەکانی خوێندن و نووسین لەلایەن حکوومەتەوە کرانەوە. لەلایەن هاکۆب خازاریان (لازۆ)ی ئەرمەنەوە کتێبێکی دەرسی بە ناوی "شەمس" بە ئەلفبێی ئەرمەنی، بەڵام بە زمانی کوردی، ئامادە کرا. لازۆ لە پێشەکیی کتێبی "شەمس"دا باس لەوە دەکات کە ڕووبەڕووی چەندین سەختی بووەتەوە. بەر لە ئامادەکردن و چاپکردنی ئەم کتێبە، ماوەیەکی زۆر بیری لەوە دەکردەوە کە لەسەر بنەمای کام یەک لە زاراوە کوردییەکان، ئەلفبێی خۆی ئامادە بکات. لە پێشەکییەکەیدا درێژە بە قسەکانی دەدات و دەڵێت: "بۆ ئێمە باشتر بوو کە زاراوەی کورمانجی هەڵبژێرین." دواتر ویستی ئەلفبێی کوردی لەسەر بنەمای پیتی لاتینی، عەرەبی و فینیقی دروست بکات، بەڵام بۆی دەردەکەوێت کە ئەوە دەتوانێت هەندێک کێشە دروست بکات و پیتی ئەرمەنیی بە بەسوود و باش زانی. بەم شێوەیە یەکەم ئەلفبێی کوردیی لەسەر بنەمای پیتە ئەرمەنییەکان ئامادە کرد. لە سەرەتای ساڵی ١٩٢٢، لەسەر پێشنیاری "لازۆ" و نووسەر و دەنگبێژی بەناوبانگی کورد، "ئەحمەد میرازی"، حکوومەتی جۆرجیا قوتابخانەیەکی شەوانەی بۆ کرێکارانی کورد لە شاری تفلیسی پایتەخت کردەوە. لازۆ و هاوسەرەکەی (ئۆلگا خازاریان)، مامۆستای ئەو قوتابخانەیە بوون. ئەو قوتابخانەیە ڕۆڵێکی گەورەی لە مێژووی کوردەکانی یەکێتیی سۆڤییەتدا هەبووە. زۆرێک لە سەرکردە و سیاسەتمەدارانی کوردی سۆڤییەت لەو قوتابخانەیە دەستیان بە خوێندن کرد. لەنێو ئەو کەسانەی لەو قوتابخانەیە خوێندوویانە، دەتوانین ناوی زمانناس قەناتی کوردۆ و چەرکەز باکایێڤ، مێرخاسی یەکێتیی سۆڤییەت، سیاسەتمەدار سەمەند سیابەندۆڤ، یەکەم بەرپرسی ڕۆژنامەی "ریا تەزە" جەردۆی گێنجۆ و چەندین کەسی دیکە بهێنین.

ئەم گوتارە درێژەی هەیە...

KURDŞOP
720 بینین

خوێندنەوەیەکی کورت بۆ کتێبی "چرووسکەک ژ بەرخوەدانیا کۆبانیێ"

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی کۆتایی

زۆرینەی نووسەران و شاعیرانی کوردستان، لە شیعر و دەقەکانیاندا بە شێوازی جۆراوجۆر باسی نەورۆزیان کردووە کە لەبەر نەبوونی مەجال تەنیا ئاماژەمان بە چەند شاعیر و چەند نموونە شیعر کرد. پێم خۆشە لە کۆتاییشدا ئاماژە بەوە بکەم کە شاعیران "موخلیس، عەونی، هەژار، زاری، عەلی حەسەنیانی، ژیلا حسەینی، محەممەد ساڵح دیلان، ئەسیری، ناسر ئاغابرا، جەلال مەلەکشا، شێرکۆ بێکەس و عەبدوڵڵا پەشێو و..." لە چەندین شیعریاندا باسی "نەورۆز"یان کردووە و لەسەر کوردستانیبوونی نەورۆز جەختیان کردووەتەوە.

مەلای "جزیری" دەنگی هەڵبەستی کوردییە

مەلای جزیری لێدانی دڵ و هەستەکانە لە شیعری کلاسیکدا. مەلای جزیری ساڵی ١٥٦٥ لە جزیری بۆتان لەدایک بووە. ناوی "ئەحمەد"ە و لە شیعردا نازناوی "نیشانی، مەلێ و مەلا"یە و لە سەدەی ١٧دا ژیاوە. مەلا ئەحمەد جزیری لەسەر دەستی باوکی (شێخ محەممەد) دەستی بە خوێندن کردووە و لە مەدرەسەی "هەکاری و عیمادی" درێژەی بە خوێندن داوە.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی دووەم

لەم بەشەشدا ڕەنگدانەوەی زیاتری "نەورۆز" لە شیعر و دەقی کوردیدا دەخەینەڕوو. هەروەها پێویستە ئاماژەش بەوە بکەم کە وێڕای ئەوەی لەم وتارەدا ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا دەبینین، ئاوڕێکیش لە شاعیران و نووسەرانمان دەدەینەوە کە بەداخەوە ناوی هەندێکیان بە فەرامۆشی سپێردراون.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی یەکەم

نەورۆز وەکوو جەژنی نوێبوونەوە و ئازادی، لە ئەدەبی کوردیدا و لەلای شاعیران و نووسەرانی کورد، هەمیشە جێی بایەخ و تێڕامان بووە. شاعیران و نووسەرانی کورد وەکوو دیوێکی جوانی و دەرچەیەکی ئازادی و هێمای ڕزگاریی نەتەوەیی، نەورۆزیان لەنێو شیعر و دەقەکەیاندا بەکار هێناوە. ئەم بابەتەش دەگەڕێتەوە بۆ گرێدراویی حاشاهەڵنەگری کورد و کوردستان بە نەورۆزەوە

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی سێیەم

ڕەخنەی پەداگۆژیک لە بواری پەروەردە لەسەر چیرۆکی منداڵان؛ هەندێکجار لە چیرۆکی منداڵاندا تووشی ئەو جۆرە وشەیە دەبین کە کاریگەرییان لەسەر مێشکی منداڵان دەبێت و ڕێگەیان پێ دەدات بیرۆکەیەکی خراپ لە مێشکیاندا دروست بکەن. بۆ نموونە دەتوانین لێرەدا سەرنجەکانمان لەسەر چیرۆکی "تیتی و پیرێ، کال و سێڤێ و نیسکۆ" بخەینەڕوو. لە بەشێکی چیرۆکی "تیتی و پیرێ"دا وەها دەڵێت:

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی دووەم

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی یەکەم

لەو کۆمەڵگەیەدا کە ئەمڕۆ تێیدا دەژین، هەرچەندە دەبینین ئەدەبی کوردی لە گەشەکردندایە، بەتایبەتی ئەدەبی منداڵان، بەڵام زۆربەی چیرۆکەکانی منداڵان لایەنی لاوازی زۆریان هەیە کە کاریگەرییان لەسەر دەروونی منداڵان هەیە و دەبنە کێشە.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!