مەهاباد  قەرەداغی و سێ وەرزی ژوان – بەشی یەکەم

ناوی مەهاباد قەرەداغی وەبیر هێنەرەوەی سەردەمێکە کە نەوەی ئێمە لە زانکۆکان "شاخ کێڵگەی گەنمەشامییە"ی دەخوێندەوە و لەو توانای زمان و ئافراندنی وێنە و دەربڕینە جیاوازەی ئەو لەبەراورد لەگەڵ پیاوانی شاعیری کورد دڵخۆش دەبوو.

لەیلا ساڵحی

نووسینێکی کورت لەسەر نووسەرێکی پڕ بەرهەم کارێکی دژوارە. کاتێک کە نووسین و بەرهەمەکانیشی پەلیان هاویشتبێتە بواری جودای بیرکردنەوە و داهێنانەوە، پێویستی بە خستنە بەرباسی جوداجودای بەرهەمەکان هەیە. خاتوو "مەهاباد قەرەداغی" لەو نووسەرانەیە بەرهەمی زۆرە و ناوەرۆکی بەرهەمەکانیشی چەندین بواری جودا دەگرنەوە. لەو نووسینەدا حەول دەدەم خاڵێکی هاوبەش لە هێندێک لە نووسینەکانی مەهاباد قەرەداغیدا بخەمە بەرباس و ئاوڕ لە بەشێک لە نووسینەکانی بدەمەوە. ئەو خاڵە هاوبەشەی دەمهەوێ لە هێندێک نووسینیدا باسی لێ بکەم، ژن و کێشەی ژنانه. وەک کوترا بواری چالاکییەکانی خاتوو "مەهاباد قەرەداغی" بەربڵاو و فرەچەشنن. چالاکی بە کردەوەی بواری مافی ژنان و کێشە کۆمەڵایەتییەکانیان بووە و لە سەری نووسیون. ئەو ئاراستەیە لەو وتارە جوداجودایانەی لەو بوارە دا نووسیونی خۆ دەنوێنێ. جودا لەوە لەو چەند کتێبەشدا کە بۆ پەرژانە سەر کێشەی ژنانی تەرخان کردوون، ڕاستەڕێی نووسینی، باسی مافی ژن و کێشەی ژنی کوردە.

 یەکەم نووسینی لەو بابەتەی کتێبی "ئازاد کردنی مێژوو"وە. ئەو کتێبە بە شێوەیەکی زانستی و مێتۆدیک لە دە بەشی جودادا، ژن، خەبات و چالاکیی ژنان و بزووتنەوە فێمێنیستییەکان و کێشەکانی ژنی کوردی خستووەتە بەر باس. لە سیستەمی دایکسالارییەوە سیمای ژن وێنا دەکا و ئەو کێشەیە تا ئەمڕۆی ژنی کورد دێنێ؛ بە هەموو ئەو ئاڵوگۆڕانەشەوە کە لە تێگەیشتنی مرۆڤی کورد لەمەڕ ژنەوە بەدیهاتووە. چۆنەتیی سازبوونی ئەو ڕوانگە کولتوورییەی لەبارەی ژنانەوە لە ناو کورددا هەیە شی دەکاتەوە و لایەنە جۆراوجۆرەکانی لێکدەداتەوە.

جودا لەو کتێبە کتێبێ " شەڕەفنامە" لەسەر پرسی کوشتنی ژنان بە بیانووی پاراستنی شەڕەفەوە دەنووسێ. لە لایەکی دیکەوە وەک سەرنووسەری "گۆڤاری شیکار" که خاوەن ئیمتیازەکەی "یەکیەتیی ئافرەتانی کوردستان"ە، هەموو ژمارەکانی بۆ ئاوڕدانەوە لەسەر پرسە کۆمەڵایەتییەکان و خوێندنەوەی ئەو کتێب و نووسینانە تەرخان کردبوو کە یان بە شێوەیەکی داهێنەرانە کێشەی ژنانیان تێدا ورووژاوە؛ (وەک ڕۆمان و شیعر) یان ئەو تیۆرییە فکری و کۆمەڵایەتییانەی ئەو باسانەیان تێدا بەرچاوە، یان بە شێوەی نموونەیی کێشەی ژنانی نیشتمانی تێیدا تاوتوێ کراوە. هەر ئەو بوونە بوێر و لەهەمان کاتدا مافخوازانەیە، وای کردبوو کە زۆر جار و بە توندییش بکەوێتە بەر ڕەخنە و تەنانەت خۆشی وەک کۆی ئەو ژنانەی لەمەڕ ئەوانەوە دەینووسی و لەسەریان وەدەنگ دەهات؛ چ بە نووسین و چ لە یەکیەتیی ئافرەتان، ڕووبەڕووی نیگای پیاوسالارانە و مێرسەروەرانە ببێت و ئەو کێشەیە تا دوا ڕۆژەکانی ژیانی و تەنانەت پاش مەرگیشی هەر بەرۆکی خۆی و بەرهەم و هەڵوێستەکانی بەرنەدا.

بەڵام لەسەرووی هەمووی ئەوانەوە "مەهاباد قەرەداغی" بۆ من هەمیشە سیمای شاعیرێکی جیددیی باشوور بووە. دەنگێکی زوڵاڵ و بەهێزی شیعری کە تا ئەو دواییانەش لە شیعر نووسین نەوەستا. هەر چەند تەرخانکردنی بەشێکی زۆر لە توانا و کاتی بۆ پرسی ژنان، ڕەنگە زۆریش لە کەشی شیعری دوور خستبێتەوە.

ناوی مەهاباد قەرەداغی وەبیر هێنەرەوەی سەردەمێکە کە نەوەی ئێمە لە زانکۆکان "شاخ کێڵگەی گەنمەشامییە"ی دەخوێندەوە و لەو توانای زمان و ئافراندنی وێنە و دەربڕینە جیاوازەی ئەو لەبەراورد لەگەڵ پیاوانی شاعیری کورد دڵخۆش دەبوو. دڵخۆش لەوەی کە ئەوە دەنگێکی دیکەی دلێر و ژنانە لە شیعری کوردیدا دەبیسترێ. ئەو بەرهەمەی مەهاباد، ناڵێم تەنیا دەنگ، بەڵکوو یەکێک لەو دەنگە جیددیانەی شیعری ئافرەتان بوو کە بە پانەوە ڕیزی خۆی لە ڕیزی دەنگە پیاوانەکانی شیعری جودا دەکردەوە. ئەگەرچی ئێستاش لە هەڵوێستدا ڕەنگ و بۆی ئەو وارەی هەر بەسەرەوە دیار بوو. بەڵام لەبەرهەمەکانی دواتریدا مەهاباد نەتەنیا وەشوێن دۆزینەوەی کەشێکی جودا بۆ دەربڕین کەوت، بوو بە ڕێبواری ڕێیەک کە بەرە بەرە ئەو ڕێیە بوو بە هەڵوێست و بیرکردنەوە و ئەو بیرکردنەوەیە سێبەری خستە سەر دەقی ڕۆمان و شیعر و توێژینەوەکانی. ئەو ڕێگە و ڕێبازی بیرکردنەوەیە، بریتی بوو لە وێنا و دیتنی بوونی ژن بە گشتی لە کۆمەڵگادا و بوونی  ژنی کورد لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی نیشتمانی کورددا.

دیارە خۆتەرخانکردن بۆ بەرەوپێشبردنی بیرێکی وا، هەم بواری کردەیی دەخوازێ و هەم بواری توێژینەوەیی و تەنیا بە هەڵوێست و هەست و ڕوانینی شاعیرانە جێبەجێ نابێ. ئەو ویستی ئەو چەند بوارە ئەوەندەی لە توانای دابووە بخاتە خزمەت ئەو بیرەوە. ئەوەی کە چەندە لە بوارە کردەییەکەیدا سەرکەوتوو بووە و چی کردووە یان نا، دەبەسترێتەوە بە خوێندنەوەی چالاکیی ئەو بنکانەی بە کردەوە لە باشووری کوردستان ئەو تێیاندا چالاک بووە و هەڵسەنگاندن و سەنگوسووک کردنی ئەو لایەنە لە دوورەوە بۆ ئێمە دەست نادا. تەنیا دەرکەوتەی ئەو بەستێنەی "گۆڤاری شیکارە" کە کارێکی بەجێ و بەبایەخە و بە جودا دەکرێ لەسەری هەڵوێستە بکەین. بەڵام لەوە زیاتر با ئافرەتانی چالاکی ئەو بوارە لە باشوور ئەو لایەنەی ژیانی مەهاباد خان هەڵبسەنگێنن. ڕەنگە بەشێک لەو تیر و تانانەی کە لەو بوارەدا ئاراستەی دەکرا باجی هەڵوێستی سیاسیی کوردانەی بووبێ  لە هێندێ وێستەگەی هەستیاری ژیانی کورد لەو ساڵانی دواییدا لە باشووری کوردستان و شوێنی ئەو باسەش بەو هۆیانەی پێشتر کوتم ئێرە نییە.

بەڵام دوو لایەنی دیکە کە بەرهەمی شیعری، ڕۆمان ، توێژینەوە و وەرگێڕانەکانێتی، لەبەر دەستماندان و دەتوانین لەو بەرهەمانەیدا، ئەو هێڵە فکرییە ببینینەوە کە کوتمان نووسین و توێژینەوەی مەهاباد خان بە سەریدا هەنگاوی هەڵگرتووە. ڕۆمانی "فاتیلا" گێڕانەوەی بەشێک لە نەهامەتی و ڕووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی نەتەوەیەکە و نیشاندانی کاراکتەرێکی ژنە لەو کەشە سیاسی و کۆمەڵایەتییەدا. دکتۆر شوکرییە ڕەسووڵ لەو بارەیەوە دەڵێ: "لە ڕۆمانی فاتیلادا ڕۆماننووس شارەزایییەکی تەواوی لەسەر ڕۆمان، سینەما و شانۆ هەیە و لە تەکنیکی گێڕانەوەدا بەکاری هێناون و توانیوێتی زەمەنی ڕوودانی ڕووداوەکە و سەردەمی ڕاپەڕین لە ڕێگەی کاراکتەرەکانییەوە بگێڕێتەوە."

مەهاباد خان لە کتێبی "ساڵێک لە دۆزەخدا"  دیسان لە سەر هێڵی گێڕانەوە قەڵەمی وەگەڕ خستووە. بەڵام ئەو جار گێڕانەوە لە چوارچێوەی بیرەوەریدا. کەسایەتیی ئەو بیرەوەرییەش خۆیەتی. خۆیەک لە چل ساڵەییدا. ژنێک لە ناو بەنددا خەریکی گێڕانەوەیە. خۆی دەگێڕێتەوە بە هەموو ئەو ژان و ئازارانەوە کە لەبەندیخانەدا بۆ هەموو کەس هەیە، بەڵام بۆ ژن چەند بەرانبەر دەبێ. وەکی خۆی دەڵێ ئەوەشی وەک کردنەوەی ڕێگایەکی تازە کردووە. ئەو تێبینییەی لە پێشەکیی کتێبەکەی لەسەر هۆکاری گێڕانەوەی بیرەوەرییەکانی وریایانە و سەرنجڕاکێشە. دەڵێ بە تیری ئەو بیرەوەرییانە سێ نیشان دەپێکم:

"یەکەمیان: شکاندنی ئەو دیوارە ئەستوورەی بەعس بە ئەشکەنجەکانی نێو زیندان لە دەروونی مندا دروستیان کرد.

دوو: شکاندنی ئەو نەریتەی کە بیرەوەری لە تافی پیریدا دەنووسرێ.

سێ: شکاندنی ڕچەی بێدەنگیی ژنان لە ئاست ژیانی تایبەتی و ژیاننامەی خۆیان. دەرگا کردنەوە بۆ ژنانی بواری گشتیی کۆمەڵگا، بۆ نووسینەوەی بیرەوەرییەکانیان بەبێ سڵکردنەوە لە باسکردنی ئەو ساتە ژیانانەی کە بە پێی دابونەریت ڕەنگە وەک نەنگ و شەرمئاوەر ژمێردرابن."

KURDŞOP
880 بینین

خوێندنەوەیەکی کورت بۆ کتێبی "چرووسکەک ژ بەرخوەدانیا کۆبانیێ"

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی کۆتایی

زۆرینەی نووسەران و شاعیرانی کوردستان، لە شیعر و دەقەکانیاندا بە شێوازی جۆراوجۆر باسی نەورۆزیان کردووە کە لەبەر نەبوونی مەجال تەنیا ئاماژەمان بە چەند شاعیر و چەند نموونە شیعر کرد. پێم خۆشە لە کۆتاییشدا ئاماژە بەوە بکەم کە شاعیران "موخلیس، عەونی، هەژار، زاری، عەلی حەسەنیانی، ژیلا حسەینی، محەممەد ساڵح دیلان، ئەسیری، ناسر ئاغابرا، جەلال مەلەکشا، شێرکۆ بێکەس و عەبدوڵڵا پەشێو و..." لە چەندین شیعریاندا باسی "نەورۆز"یان کردووە و لەسەر کوردستانیبوونی نەورۆز جەختیان کردووەتەوە.

مەلای "جزیری" دەنگی هەڵبەستی کوردییە

مەلای جزیری لێدانی دڵ و هەستەکانە لە شیعری کلاسیکدا. مەلای جزیری ساڵی ١٥٦٥ لە جزیری بۆتان لەدایک بووە. ناوی "ئەحمەد"ە و لە شیعردا نازناوی "نیشانی، مەلێ و مەلا"یە و لە سەدەی ١٧دا ژیاوە. مەلا ئەحمەد جزیری لەسەر دەستی باوکی (شێخ محەممەد) دەستی بە خوێندن کردووە و لە مەدرەسەی "هەکاری و عیمادی" درێژەی بە خوێندن داوە.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی دووەم

لەم بەشەشدا ڕەنگدانەوەی زیاتری "نەورۆز" لە شیعر و دەقی کوردیدا دەخەینەڕوو. هەروەها پێویستە ئاماژەش بەوە بکەم کە وێڕای ئەوەی لەم وتارەدا ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا دەبینین، ئاوڕێکیش لە شاعیران و نووسەرانمان دەدەینەوە کە بەداخەوە ناوی هەندێکیان بە فەرامۆشی سپێردراون.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی یەکەم

نەورۆز وەکوو جەژنی نوێبوونەوە و ئازادی، لە ئەدەبی کوردیدا و لەلای شاعیران و نووسەرانی کورد، هەمیشە جێی بایەخ و تێڕامان بووە. شاعیران و نووسەرانی کورد وەکوو دیوێکی جوانی و دەرچەیەکی ئازادی و هێمای ڕزگاریی نەتەوەیی، نەورۆزیان لەنێو شیعر و دەقەکەیاندا بەکار هێناوە. ئەم بابەتەش دەگەڕێتەوە بۆ گرێدراویی حاشاهەڵنەگری کورد و کوردستان بە نەورۆزەوە

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی سێیەم

ڕەخنەی پەداگۆژیک لە بواری پەروەردە لەسەر چیرۆکی منداڵان؛ هەندێکجار لە چیرۆکی منداڵاندا تووشی ئەو جۆرە وشەیە دەبین کە کاریگەرییان لەسەر مێشکی منداڵان دەبێت و ڕێگەیان پێ دەدات بیرۆکەیەکی خراپ لە مێشکیاندا دروست بکەن. بۆ نموونە دەتوانین لێرەدا سەرنجەکانمان لەسەر چیرۆکی "تیتی و پیرێ، کال و سێڤێ و نیسکۆ" بخەینەڕوو. لە بەشێکی چیرۆکی "تیتی و پیرێ"دا وەها دەڵێت:

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی دووەم

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی یەکەم

لەو کۆمەڵگەیەدا کە ئەمڕۆ تێیدا دەژین، هەرچەندە دەبینین ئەدەبی کوردی لە گەشەکردندایە، بەتایبەتی ئەدەبی منداڵان، بەڵام زۆربەی چیرۆکەکانی منداڵان لایەنی لاوازی زۆریان هەیە کە کاریگەرییان لەسەر دەروونی منداڵان هەیە و دەبنە کێشە.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!