ئەو کانییەی کوردستان کە ئاوەکەی دەبێتە بەرد

شنۆ ڕەسووڵی

 

لە باشووری پارێزگای ورمێ و لەسەر سنووری نێوان ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان شارێک بە ناوی سەردەشت هەڵکەوتووە. ئەو شارە زیاتر بە سروشتە ئەفسووناویەکەی ناوبانگی دەرکردووە. بەڵام لە بواری مێژووییش زۆر ئاسەواری گرینگی هەیە کە کەمتر باسیان لێ کراوە. شاری سەردەشت هەندێک شوێنەواری گرینگی مێژووییی تێدایە کە لێکۆڵینەوەکان لەبارەی مێژووی ئەو شوێنەوارانە ڕاگیراون. لەبەر ئەوەی ئەو شوێنەوارە مێژووییانە هەندێک لە ڕاستییەکانی مێژووی کورد ڕوون دەکاتەوە کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی سەپاو بە سەر کوردستاندا چەواشە کراون.

بەپێی ھەندێک سەرچاوەی مێژوویی؛ سەردەشت شوێنی لەدایکبوونی زەردەشته و ناوی ئەو شارەش لەوە وەرگیراوە. بەڵام گۆیا لە دوای ھێرشی عەرەبەکان ناوەکەی لە زەردەشت بۆ سەردەشت گۆڕدراوە. ھەندێکی دیکەش پێیان وایە ناوی سەردەشت لە دوو بەشی "سەر" و "دەشت" وەرگیراوە کە بە مانای دەشتێکە کە ھەتا زێی بچووک درێژەی ھەیە.

لە نزیکی سەردەشت قەڵایەکی لێیە کە مێژووەکەی بۆ سەردەمی دەسەڵاتی ئەشکانییەکان دەگەڕێتەوە. بەپێی ئاسەوارە دۆزراوەکان لەو قەڵایەدا، سەردەشت و ناوچەکانی دەوروبەری لەژێر حوکمڕانیی مانناکاندا بوونه. بۆیە دەکڕێ بڵێین ڕەنگە سەردەشت لە مێژوودا ناوی دیکەشی هەبووە.

جیا لە شوێنەوارە مێژووییەکان، ئەم ناوچەیە هەندێک ئاسەواری سروشتییشی هەیە کە لە ئاستی ئێران و کوردستاندا ناوبانگیان هەیە. تاڤگەی شەڵماش، تاڤگەی ڕەزگە، چۆمی کەڵوێ و کانیاوی گڕاوان بەشێکن لەو شوێنانە. چەندین چیای بەرزیش لەو شارە هەن کە بریتیین لە بوڵفەت، ھەوینە ماڵ، سەری گۆم، تەرخان، ئیبراھیم جەلال، کێوی نستان، لەندی شێخان، داشان قەڵا، کاسە بەردین، حاجی ئیبراھیم و بەردە سپیان.

یەکێک لە شوێنەوارە سروشتییەکانی سەردەشت کانیاوی گڕاوانە. ئەو کانیاوە لە شارۆچکەی ڕەبەتی سەر بە شاری سەردەشت هەڵکەوتووە و دیمەنێکی تایبەتی هەیە. وشەی گڕاوان لە دوو وشەی گڕ لەگەڵ ئاوان پێکهاتووە. گڕ بە مانای شتێکی لێل، قورس و توندە و ئاوان کۆی وشەی ئاوە. گڕاوان بە گشتی بە مانای ئاوێکی لێڵ و توندە.

کانیاوی گڕاوان بەھۆی تایبەتمەندیی دەرمانی کە هەیەتی ناوبانگی دەرکردووە. ئەو کانیاوە لە نزیک گوندی کانی گوێز لە مەودای دوو کیلۆمیتریی شاری ڕەبەت ھەڵکەوتووە.

ڕووباری زێی بچووک  کە لە وەرزی بەھاردا یەکێک لە پڕئاوترین ڕووبارەکانە بە تەنیشت ئەو کانیاوەدا تێدەپەڕێت. ئاوی ئەو کانیاوەش دەڕژێتە نێو ڕووباری کەڵوێ کە بەشێک لە زێی بچووکە. ھەروەھا گڕاوان کانیاوێکە ئاوەکەی کانزایییە و سوێرە هەر بۆیە بۆ خواردنەوە نابێت. ئەو کانیاوە ١٢٠٦ میتر لە ئاستی دەریا بەرزتره. ڕۆژانە ژمارەیەکی زۆر گەشتیار لە شارەکانی ئێران و ڕۆژھەڵاتی کوردستان و ھەروەھا باشووری کوردستانەوە سەردانی ئەو کانیاوە دەکەن.

ئاوی ئەو کانیاوە بەهۆی ئەو مادە کانزاییەی کە تێیدایە دەبێتە بەردێکی وەکوو قسڵ (ئاهەک) و هەموو ساڵێک بەرزایی ئەو کانیاوە زیاتر دەبێت. لە وەرزی زستانیشدا ئاوی کانیاوەکە بەهۆی ئەوەی خوێی تێدایە و سوێرە نایبەستێت. چۆنیەتیی دروستبوونی ئەو کانیاوە و هۆکارەکەی کە بۆچی ئاوەکەی سوێرە هەتا ئێستا بە شێوەی زانستی کاری لەسەر نەکراوە و ڕوون نەبووەتەوە.

ئاوی ئەو کانییە تایبەتمەندیی دەرمانیی هەیە که بۆ کاروباری جوانکاری و هەروەها خاوێنکردنەوەی پێست بەکار دێت. بە گشتی لە بواری دەرمانییەوە تایبەتمەندیی بیۆفیزیۆلۆژیکی هەیە. بەهۆی ئەو تایبەتمەندییە، کانیاوی گڕاوان وەک سەرچاوەیەکی گەشتیاریی لێ هاتووە و خەڵک بۆ نەخۆشییەکانی پێست، ئێسک و ڕۆماتیزم سەردانی دەکەن.

زۆربەی خەڵک لە دوو وەرزی بەهار و هاویندا سەردانی ئەو کانیاوە دەکەن. لەبەر ئەوەی لەو دوو وەرزەدا سروشتی دەورووبەری ئەو کانیاوە زۆر جوان و سەرنجڕاکێشە. سەرەڕای ئەوەی خەڵکێکی زۆر ڕوو لەم شوێنە دەکەن، بەڵام هیچ ئیمکاناتێكی خزمەتگوزاریی لێ نییە و ئەوەش کێشەیەکی گەورەی بۆ گەشتیاران دروست کردووە.  

KURDŞOP
578 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!