بەردەبووکەکانی مەریوان

 

ئەنوەر کەریم سەعید

 

     ڕاس یان ئوستوورە و ئەفسانەی هەر نەتەوەیەک پەیام و هێمایەکی لە دڵی خۆیدا شاردووەتەوە. ئوستوورە بنەمای ئەخلاق و حکوومەت و پێناسەی نەتەوایەتییە. ئەفسانە و ئوستوورە هەودایەکە ڕابردوو و ئێستا و داهاتوو لە یەک گرێ دەدات.  نەتەوەکان ژیان و خەون و ئاواتەکانی خۆیان لە دڵی ئوستوورەکاندا شاردووەتەوە، هەر بۆیە لێکدانەوەی ئوستوورە، ناسینی ژیان و خەون و ئاواتی نەتەوەکانە لە ڕابردوو و ئێستادا.کورد وەک نەتەوەیەکی دێرینی ڕۆژهەڵاتی ناوین بە درێژایی تەمەنی ژیانێکی پڕ لە هەوراز و نشێوی  بووە و "کوردستان" بەگشتی و "مەریوان"یش بەتایبەتی لەو ژیانە پڕ لە گێرەوکێشەیە بێبەش نەبووە و ئەمە لە ئەدەبیاتی زارەکیی نەتەوەکەماندا ڕەنگی داوەتەوە؛ بۆیە ئێمەیش خاوەنی سەدان ئوستوورە و ئەفسانەین و هەزاران بەیت و حەکایەت و ڕاس لە نێو کۆمەڵی کوردەواریدا بووە و هەیە کە پیشاندەری ژیانی کوردن.

     ڕاس یان ئوستوورە و ئەفسانەیەکیش لە ناوچەی مەریواندا هەیە ڕەنگە ئێستا تەنیا بە ساڵاچووان لەبیریان مابێت. ئەفسانەکە پێشاندەری یەکێک لەو کارەساتانەیە کە بەسەر نەتەوەکەماندا هاتووە و سینگی پێشینیان و دیاردەیەکی سروشتی لە دێرین زەمانەوە هێناویانە تا گەیاندوویانە بە نەوەی ئێمە. ناوچەی مەریوان و ئەو شوێنەی کە ئەو دیاردەیەی تێدایە لە سەردەمانی زۆر کۆنەوە تا سەردەمی هاوچەرخ جێگای ململانێی زلهێزەکان بووە و بە دەیان جار لەشکری ئاشوور و یۆنان و ئەشکانی و ڕۆم و عەجەم عوسمانی و سەفەوی و عێراق و ئێران ناوچەکەیان پێشێل کردووە و خەڵکی ئەو هەرێمەیان تووشی کارەسات و کۆمەڵکوژی کردووە. لەوانەیە ئەو داستان و ئوستوورەیە، ڕەنگدانەوەی یەکێک لەو کارەساتانە بێت و ئەو چارەنووسەی لە دڵی خۆیدا شاردبێتەوە.

     ئەو دیاردە سروشتییە، کۆمەڵێک گابەردی زەبەلاحن کە بە وتەی کارناسان و پسپۆڕانی زەوی‌ناسین، تەمەنیان دەگەڕێتەوە بۆ سەد و چل ملوێن ساڵ لەوە پێش. بەردەکان گرانیتین و پاشماوەی تەقینەوەی گڕکانێکی کەونارایین کە بە هۆی گۆڕانکارییەکانی سروشتەوە لەو سەردەمەدا دروست بوون و شکڵ و شێوازێکی جۆراوجۆر و سەیر و سەمەرەیان لەخۆ گرتووە. بەشێک لە بەردەکان کە بەشێوازێکی هەندەسیی ڕێکوپێک و بە ڕیز لە دەشتێکدا بوون و زریوە و زرق و برقی ئەو بەردە گرانیتیانە جوانییەکی سەیری بە دیمەنی ئەو ناوچە بەخشیبوو، بەداخەوە بران و فرۆشران، بەڵام هێشتا بەشێکیان ماون. ئەم بەردانە لە نێوان گوندەکانی "کانی میران" و "ساوا" و لە سەر ڕێگای سەرەکیی مەریوان بۆ"باشماخ"دا هەڵکەوتوون و بە هەموو شێوازێک خۆیان لە خاک و بەردی ناوچەکە جیا کردووەتەوە. جیاوازیی بەردەکان سەرنجی پێشینیانی ئەم ناوچەیان بۆ لای خۆ ڕاکێشاوە و هەمیشە وەک شتێکی پیرۆز سەیریان کردوون و چۆنیەتیی دروست بوونی ئەم دیاردە سەیر و سەرنجڕاکێشە بۆیان بووە بە جێی پرسیار و بۆ وڵامی ئەو پرسیارە لە کۆنەوە ئوستوورە یان ئەفسانەیەکیان دروست کردووە بە ناوی "ئەفسانەی بەردەبووکەکان" کە ڕەنگدانەوەی ژیانی ئەوانە.

هەروەک دەزانین ئوستوورە، باوەڕە پیرۆزەکان لەخۆ دەگرێت و چۆنیەتیی سەرەتا و دروستبوونی دیاردە سەرنجڕاکێشەکانمان بۆ دەگێڕێتەوە. خەڵکی ئەم دەڤەرەش هۆکاری دروستبوونی ئەو بەردانەیان وەک هەموو دیاردە سروشتییە نامۆکانی دەوروبەریان بردووەتە قاڵبی ئەو ئوستوورە و ئەفسانەیە کە پێشاندەری بارودۆخی کۆمەڵایەتیی خەڵکی ناوچەکەیە.

داستانی "بەردەبووکەکان" چییە؟

     خەڵکی ناوچەکە لەمێژە بەم دیاردەیە دەڵێن "بەردەبووکان" و دیار نییە لە کەیەوە ئەم ناوە لەسەر ئەم بەردانە نراوە. خۆیان وا باس ئەکەن و ئەڵێن لە زەمانێکی نادیاردا ئەم بەردانە دەستەیەک مرۆڤ بوون و تاقمێک برازاوا بوون و بووکیان گوێزاوەتەوە. زەماوەنیان بووە و ژن و پیاو بوون و شاییان کردووە. لەناکاو لەشکری دوژمنی بێگانە هێرشیان بۆ دێنێ. دوژمنی دڵڕەق هەموو پیاوەکان ئەکوژن و ژنەکان تەنیا ئەمێننەوە. ژن بیت و بووکیان لەناوا بێت و کەوتبێتنە دەستی دوژمن، ئاساییە تەماحیان تێ ئەکەن بۆ ئەوەی دەسدرێژی بکەنە سەریان. ژنەکان بە گریان و شینەوە لە قووڵیایی دڵەوە ئەکەونە نزا و پاڕانەوە و داوا لە خوا ئەکەن و ئەڵێن: "خوایە بێحورمەتمان نەکەی! بمانکوژە و بمانکە بە بەرد و لە دەستی ئەمانە  ڕزگارمان بکە". خوایش دوعا و پاڕانەوەکەیان لێ قەبووڵ ئەکات و بەو شێوە ئەیانکات بە بەرد.

     ئەو داستانە چەن هێمای تێدایە کە ئاماژەی پێ دەکەین، ئەویش هەبوونی دوژمنێکی دڵڕەقی داگیرکەرە کە ژیانی ئاساییی خەڵکەکەی تێکداوە؛ کۆمەڵکوژیی کردوون و تەنانەت بەزەیی نەهاتووەتەوە بە شایی و زەماوەندەکەیشیاندا و ویستوویانە دەسدرێژی بکەنە سەر بووک و ئافرەتەکانیشیان. جگە لەو هێمایانە وەک هەموو ئوستوورەیەک، خەڵک وڵامی پرسیاری سەرەتا و چۆنیەتیی شکڵگرتن و دروست بوونی ئەو بەردانەیان بەو داستانە پێشان داوە.

     "بەردەبووکەکان" کە هەڵگری ئەو داستانە ئوستوورەییە بوون و ئەو ئەفسانەیان بۆ دروست کراوە، چەند ڕیز بەردی زەبەلاح و گەورەی بەرزی چەندی میتری بوون کە لە سنوورێکی چەند سەت میتریدا بە شێوازێکی ڕێکوپێکی هەندەسی و بە ڕیز و لە پەنای یەکدا بە جۆرێکی سەیر و دیمەنێکی خەیاڵاوی  و ئەفسووناوی  چنرابوون. چەن میلیۆن ساڵ لەم هەرێمەدا خۆڕاگرانە بە سەر پێوە ڕاوەستابوون و مێژووی کۆن و نوێمانیان لە یەک گرێ دەدا. هەزاران شەڕی خاپوورکەر نەیانتوانی زەبر بەم دیاردەیە بگەیێنن؛ بەڵام بە داخەوە بۆ پارە و قازانجێکی کاتی و کۆکردنەوەی سەرمایەیەکی کەم لەتوپەت کران و فرۆشران و بوون بە ڕازێنەرەوەی کۆمەڵێک بینا و ماڵ لە دەرەوەی مەریوان و دەرەوەی کوردستان. تەنها ئاسەوارێک کە ئێستا ئێمە لەو جێگەیەدا بە چاو دەیبینین، شوێنێکی خاپوورکراو و وێران و کۆمەڵێک بەردی لەتوپەت کراوە. مانەوەی ئەم ئەفسانەیە بەسترابوویەوە بە دیمەنی سەیر و سیحراویی ئەو ڕیزە بەردە کە بە ملوێنان ساڵ بە سەر پێوە ڕاوەستا بوون و خەیاڵاتی ئەو خەڵکە و هەورازو نشێوی ژیانیانی وێنا دەکرد. بەڵام بە داخەوە لەگەڵ نەمانی بەردەکاندا ئەفسانەی بەردەبووکەکانیش بەرە بەرە لەناو خەڵکدا ون بوو و ئێستا تەنیا بەشێکی کەم لە خەڵکی ئێمە ئەزانن بەردە بووکەکان چین و باسی ئەفسانەکەی دەکەن.

     ئەگەر ئیدارە و فەرمانگە پەیوەندیدارەکان زانستی پێویستیان لەسەر دیاردە جۆراوجۆرەکانی کەلەپوور و فەرهەنگ بووایەت، گرنگایەتی و بەهای شوێنەوارە دێرینەکان و بایەخە کلتوورییەکانیان هەست پێ دەکرد و بەر لەوەی دەستی ڕۆژگار و کەسانی نەزان لەناویان ببات، هەوڵیان دەدا بیان پارێزن. بێگومان بە نەمانی دیمەنی ئەفسانەیی و پڕ لە ڕازی بەردەبووکەکان بەو شکڵەی کە چەندین ملیۆن ساڵ لەم ناوچەیەدا بوون، ئوستوورەی بەردەبووکەکانیش کە بەشێک لە زەین و حافزەی گشتیی خەڵکی مەریوان بوو لەبیر ئەچێتەوە و ون دەبێ؛ بەم ونبوونەش خەسارێکی قەرەبوو نەکراوە کە لە فەرهەنگی دێرینی ئەم نەتەوەیە دەکەوێت، چونکە فەرهەنگ پێناسەی نەتەوەکانە و ئەفسانە و ئوستوورە لە پاڵ زمان و ئەدەبیات و دابونەریت و دیاردەکانی تری کولتووریدا نەتەوەیەک لە نەتەوەکانی تر جیا دەکاتەوە، بۆیە پاراستنی هەرکام لەم دیاردانە هەوڵێکە بۆ پاراستنی ڕوخسار و سیمای نەتەوایەتی.

KURDŞOP
549 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!