دوایین دڵۆپە ئاوەکانی دەریاچەی ورمێ و مەترسییەکانی لەسەر ژیانی خەڵکی ناوچەکە

دوایین دڵۆپەکانی دەریاچەی ورمێ

بە پێی ئامارە فەرمییەکان زیاتر لە 98٪ی دەریاچەی ورمێ وشک بووە و بە هاتنی شەپۆلێکی بێ وێنەی گەرما کە بەم زووانە چاوەڕوانیی باران بارینیشی لێ ناکرێ، پێشبینی دەکرێ بەر لە کۆتاییی مانگی خەرمانان، دەریاچەکە دوایین دڵۆپە ئاوەکانیشی ببن بە هەڵم و بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا وشک ببێ.

ناساندنی دەریاچەی ورمێ

دەریاچەی ورمێ کە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە نێوان پارێزگای ورمێ و پارێزگای تەورێز (ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات)دا هەڵکەوتووە، تا پێش ئەوەی لە چارەگە سەدەیەک لەمەوبەرەوە دەست بکا بە وشک بوون و ئاوەکەی ساڵ بە ساڵ کەم بێتەوە، دووهەمین دەریاچەی ئاوی سوێری جیهان، گەورەترین دەریاچەی کوردستان و هەروەها گەورەترین دەریاچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو.

ئەو دەریاچەیە کە 102 دوڕگەی لە ناودا بوو، شوێنی ژیانی دەیان جۆر باڵندەی وەک فلامینگۆ، پلیکان، قورینگ، قاز و .... بوو. هەروەها یەکێک لە سەرەکیترین شوێنەکانی ژیانی زیندەوەریکی سەختپێستی ورد بە ناوی ئارتیمیا بوو کە بوونەوەرێکی دەگمەنە و تەنیا لە ئاوە سوێرەکاندا دەژی لە پیشەسازیی بەرهەمهێنانی ماسی و مەیگوو دەورێکی گرینگ دەگێڕێ.

تا بەر لە وشک بوونی ئەم دەریاچەیە، ئاوی زیاتر لە 60 ڕووبار دەڕژایە ناو دەریاچەکەوە کە سەرەکیترینیان ڕووبارەکانی تەتەهوو، جەغەتوو، باراندووز، گادەر، شەهرچای، نازلوو و ... بوون. بە هۆی هەبوونی کانگای خوێ لە دەوروبەری دەریاچەکە و شۆرانەوەی ئەو خوێیانە بە ئاوی ڕووبارەکان و ڕژانی بۆ ناو دەریاچەکە، ئاوی دەریاچەکە لە ڕادەبەدەر سوێر بوو بە شێوەیەک کە مرۆڤ لە ناو ئاوەکەدا نوقم نەدەبوو و هەموو کات لەسەر ئاو دەمایەوە.

بە هۆی گرینگیی ژینگەی دەریاچەی ورمێ و بوونی 53 جۆر ئاژەڵ و 115 جۆر باڵندە لە ڕۆخی دەریاچەکە و دوڕگەکانی ناو دەریاچەکە، کە زیاتر لە سەد هەزار ئاژەڵ و باڵندەی لەخۆ دەگرت، ئەو ناوچەیە لە ساڵی 1967ەوە وەک ناوچەی پارێزراو دیاری کرا و لە ساڵی 1976دا ڕێکخراوی یونسکۆی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان وەک یەکێک لە 59 ژینگەی تایبەتی ئاژەڵ و پەلەوەر لە جیهاندا و وەک پارکێکی نیشتمانی دەستنیشانی کرد.

ڕووبەری دەریاچەی ورمێ و قەبارەی ئاوی ئەم دەریاچەیە

دەریاچەی ورمێ لە ساڵی 1998 دا و بەرلەوەی وشک بوون و کەمبوونەوەی ئاوەکەی دەست پێ بکات، درێژییەکەی 140 کیلۆمەتر و زۆرترین پانییەکەی 55 کیلۆمەتر بوو و قووڵاییی ئاوەکەشی لە قووڵترین شوێن 16 مەتر بوو. لەم ساڵەدا ڕووبەری دەریاچەکە 5400 کیلۆمەتری چوارگۆشە بوو و زیاتر لە 32 ملیارد مەتر سێجا ئاوی لە ناودا بوو و بە بیست و پێنجەمین دریاچەی گەورەی جیهان دەهاتە ئەژمار.

بەڵام لە ساڵی 1999 بەم لاوە، بە چەندین هۆکاری جیاواز، ئاستی ئاوی دەریاچەکە دەستی بە دابەزین کرد و ساڵ لەگەڵ ساڵ هەم قەبارەی ئاوەکەی و هەم ڕووبەری دەریاچەکە ڕووی لە کەمی کرد و سەرئەنجام لە هاوینی 2023 دا ڕووبەری دەریاچەکە گەیشتە 400 کیلۆمەتری چوارگۆشە و قەبارەی ئاوەکەشی کەمتر لە یەک ملیارد مەتر سێجایە.

هۆکارەکانی وشک بوونی دەریاچەی ورمێ

لە بیست ساڵی ڕابردوودا وشکەساڵی و کەم بوونەوەی بەفر و باران دیاردەیەک بووە کە ناوچەکە و زۆر ناوچەی دیکەی جیهانی گرتووەتەوە. بەڵام شارەزایان پێیان وایە وشکەساڵی هۆکاری وشک بوونی دەریاچەی ورمێ نییە و ئەوەی بەسەر ئەم دەریاچەیە هاتووە چەند هۆکاری سەرەکیی دیکەی هەیە کە دەستی مرۆڤەکان و بەڕێوەبەران و دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی تێدایە:

 

سەرەکیترین هۆکارەکانی وشک بوونی دەریاچەی ورمێ بریتین لە:

 

کشتوکاڵ و لێدانی هەزاران بیری نایاسایی

کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دوای شەڕی هەشت ساڵە لەگەڵ عێراق، سیاسەتی خۆبژیویی خۆراکی گرتە بەر و دەوروبەری دەریاچەی ورمێ یەکێک لەو ناوچانە بوو کە بە ئاراستەی ئەم سیاسەتە، گرینگییەکی زۆری پێ درا. خەڵکی ناوچەکە و جووتیاران لە لایەن حکوومەتەوە هان دران ڕوو لە کشتوکاڵی زیاتر بکەن. بە گوتەی پارێزگاری پارێزگای ورمێ، لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا ڕووبەری زەوییە کشتوکاڵییەکانی دەوروبەری دەریاچەی ورمێ سێ ئەوەندەی پێشوو زیادی کردووە. جیا لە زیاد بوونی ڕووبەری کشتوکاڵ، گۆڕینی سیستەمی کشتوکاڵ لە دیمەکارەوە بۆ بەراو لە لایەک و هاندانی جووتیاران بۆ چاندنی ئەو بەرهەمانەی ئاوێکی زۆریان دەوێ وەک چەوەندەر و سێو لە لایەکی دیکە بوو بە هۆی ئەوەی ساڵانە 2 ملیارد مەتر سێجا زیاتر لە جاران ئاو بۆ کەرتی کشتوکاڵ پێویست بێ و بە پێی ئامارە فەرمییەکان، کشتوکاڵ زیاتر لە 90٪ی ئەو ئاوەی دەبێ بڕژێتە ناو دەریاچەی ورمێوە دەبات بۆ خۆی.

ئێستا بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکان سی هەزار بیری مۆڵەتدار و زیاتر لە 120 هەزار بیری نایاسایی و بێ مۆڵەت لە سنووری ئاویی دەریاچەی ورمێ هەڵکەندراون و ئاوی ژێر زەوی بۆ کشتوکاڵ هەڵدەکێشن و لە ئەنجامی بەتاڵ بوونەوەی ژێر زەوی لە ئاو، ئاوی سوێری دەریاچەکە بەرەو چینەکانی خوارەوە ڕۆ دەچێ و چاوەڕێ دەکرێ ئاوەکانی ژێر زەوییش سوێر بکات.

دروست کردنی بەنداو لەسەر ڕووبارەکان

لە ساڵانی ڕابردوودا لەسەر ئەو ڕووبارانەی دەڕژێنە ناو دەریاچەی ورمێوە، زیاتر لە سەد بەنداو دروست کراون کە ڕێگا نادەن ئاوی ڕووبارەکان بگەنە دەریاچەیە. ئەمە جیا لەوەی ئەو بەنداوانە دەبنە هۆی بەهەڵمبوونی زیاتر ئاو و کەم بوونەوەی ئاو لە ناوچەکە.

گواستنەوەی ئاو

یەکێکی دیکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی وشک بوونی ئاوی دەریاچەی ورمێ، گواستنەوەی ئاوی ئەو ڕووبارانەی دەڕژێنە ناو دەریاچەکە بۆ شوێنی دیکە و بەکارهێنانیان بە مەبەستی دیکەیە. ڕووباری جەغەتوو کە لە چیاکانی چل چەمەی پارێزگای سنەوە سەرچاوە دەگری، سەرچاوەی سەرەکیی دابین کردنی ئاوی دەریاچەی ورمێ بوو. بەڵام دروستکردنی دوو بەنداوی گەورە لەسەر ئەم ڕووبارە و گلدانەوەی ئاوەکەی بە مەبەستی کشتوکاڵ هەر لەو ناوچەیە لە لایەک و گواستنەوەی ئاوی پشت ئەو بەنداوانەش بە دوو بۆریی گەورە بۆ پارێزگای تەورێز (ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات)، بوونە هۆی ئەوەی ئاوی ئەم ڕووبارە نەگاتە دەریاچەی ورمێ. ئەو ئاوەی بۆ پارێزگای تەورێز دەگوازرێتەوە، ئاوی خواردن و کشتوکاڵ و پیشەسازیی شارەکانی، بناو، مەڵکەندی، مەراغە، ئازەرشار و تەورێزی پێ دابین دەکرێ.

لێدانی جاددەی ورمێ بۆ تەورێز بە ناو دەریاچەکەدا

بە مەبەستی نزیک کردنەوەی مەودای نێوان شارەکانی ورمی و تەورێز، بە ناوەندی دەریاچەی ورمێدا و لە شوێنێک کە پانیی دەریاچەکە لە هەموو شوێنەکانی دیکە کەمترە، جاددەیەک لێدراوە. شێوازی دروستکردنی ئەم جادەیە ناستانداردە. جاددەکە کە بە ڕشتنی هەزاران تۆن بەرد و گڵ لە ناو ئاوی دەریاچەکە دروست کرا و دەریاچەکەی بەسەر دوو بەشی باکوور و باشووردا دابەش کردووە. تەنیا لە ناوەندی ڕێگاکە پردێک بە درێژی 1250 میتر بۆ هاتوچۆی ئاو لە نیوان باکوور و باشووری دەریاچەکە دروست کراوە. بەڵام سەرنج نەدراوەتەوە ئەوەی گەڕانی ئاو لە ناو دەریاچەکە لە کەنارەکانی دەریاچەوە بووە. لە کەناری ڕۆژئاوا، ئاو لە باکوورەوە بەرەو باشوور لە گەڕاندا بووە و لە کەناری ڕۆژهەڵات، ئاو لە باشوورەوە بۆ باکوور چووە و بەم شێوەیە ئاوی دەریاچەکە لە ناو خۆیدا لە گەڕاندا بووە (بە پێچەوانەی میلی کاتژمێر) و گەرمای خۆی کۆنترۆڵ کردووە و ڕێگای لە بەهەڵمبوونی ئاوەکە گرتووە. بە دروستکردنی ئەم جاددەیە، گەڕانی ئاوی نێو دەریاچەکەش ڕاوەستاوە و لە دوو بەشی باکوور و باشووری دەریاچەدا قەتیس ماوە. ئەمەش وای کردووە بە هەڵمبوونی ئاوی دەریاچەکە زیاد بکات و ببێتە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی وشک بوونی دەریاچەی ورمێ.

مەترسییەکانی وشکبوونی دەریاچەی ورمێ

بە وشکبوونی دەریاچەی ورمێ، کەشوهەوای ناوچەکانی دەوروبەری دەریاچەکە دەگۆڕێ و دەبێتە ناوچەیەکی گەرم و وشک و بیابانی. هەڵکردنی با لەم ناوچەیە کە چەندین ملیۆن تۆن خوێی ناو دەریاچەکە لەگەڵ خۆی هەڵدەگرێ، دەبێتە هۆی ڕوودانی باهۆزی خوێ و بڵاو بوونەوەی ئەم خوێیە چەندین ملیۆن هێکتار لە زەوییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئازەربایجان و تەنانەت بەشێک لە باکوور و باشووری کوردستان دەکاتە شۆرەکات و کشتوکاڵ لەو ناوچەیە بە تەواوی لەناو دەچێت.

هەروەها ئەو مادە کیمیایی و ژەهراوییانەی پاشماوەی پیشەسازییەکانی ناوچەکە و ئەو پەینە کیمیایانە بوون کە بۆ کشتوکاڵ بەکارهێنراون و پێشتر لە ڕێگای ڕووبارەکانەوە ڕژاونەتە ناو دەریاچەکەوە، بە وشک بوونی دەریاچەکە، لەگەڵ باهۆزی خوێ بە ناوچەکەدا بڵاو دەبنەوە و دەبنە هۆی سەرهەڵدانی نەخۆشیی درێژ خایەن لە ناو خەڵکی ئەم ناوچەیە و زۆر بوونی ژمارەی مردن و کەم بوونەوەی زاوزێ.

بە گشتی لە درێژماوەدا وشک بوونی ئەم دەریاچەکە کاریگەری لەسەر ژیانی زیاتر لە 15 ملیۆن کەس دادەنێ و بە گوێرەی خەمڵاندنەکان، لانی کەم 13 ملیۆن کەس ناچار دەبن شوێنی ژیانیان بەجێ بێڵن و کۆچ بکەن. ئەمەش کاریگەریی لەسەر گۆڕینی دێمۆگرافیی ناوچەکە دەبێت.

کاریگەرییەکانی وشک بوونی دەریاچەی ورمێ جیا لە هەر سێ پارچەی باکوور، باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کۆماری ئازەربایجان و ئەرمەنستان و هەروەها پارێزگاکانی ئازەربایجان و زەنجان و قەزوێن و ئەردەبیل لە باکووری ڕۆژئاوای ئێرانیش دەگرێتەوە.

 

KURDŞOP
651 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!