مارف ئاغایی شاعیری خاک

شنۆ ڕەسووڵی

 

لە کوردستاندا جیا لە شاعیرانی ناودار کە زیاتر شیعریان لە قاڵبی کلاسیک، ئەویش قەسیدە و غەزەلدا هۆنیوەتەوە؛ شاعیرانێکیش هەن کە ڕێچکەیەکی نوێ و تازەیان گرتووەتە بەر و بە نووسینی شیعری نوێ بەرهەمێ زۆر بە پێز و ناوازەیان خولقاندووە.

لە شاری نەغەدەی سەر بە پارێزگای ورمێ لە کوردستانی ڕۆژهەڵات شاعێرێکی لاو بە ناوی "مارف ئاغایی" هەڵکەوتووە کە ئەگەرچی تەمەن زۆری دەرفەت نەدا قەڵەم و ئەزموونی خۆی تێکەڵ بە یەکتری بکا و بەرهەمەکانی بە تام و چێژتر بێت؛ بەڵام لە هەڕەتی لاوەتیشدا بەپێی توانایی خۆی بەرهەمەکانی زۆر تایبەتن.

"مەعرووف ئاغایی" ناسراو بە "مارف ئاغایی" لە ڕیزی ئەو شاعیرانەدا بووە کە لە ڕەوتی نوێخوازیی شیعری کوردی لە ڕۆژھەڵاتی کوردستاندا دەورێکی گرینگی گێڕاوە. ئەم شاعیرە لە ٢ی ڕێبەندانی ١٣٤٤ی ھەتاوی (22/01/1966ی زایینی) لە گوندی وەزنێ سەر بە شاری نەغەدەی ناوچەی سندووس لەدایک بووە و لە ٢٥ی ڕێبەندانی ١٣٧٦ی هەتاو (14/02/1998ی زایینی) بەھۆی ڕووداێكی هاتوچۆ ماڵاواییی له ژیان کردووە.

مارف ئاغایی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی لە شاری نەغەدە تەواو کردووە و لە گەرمەی خوێندنی قۆناغی ناوەندیدا لەگەڵ بنەماڵەکەی چووەتە شاری شنۆ. لەوێش لە قۆناغی ئامادەییدا ساڵێک زیندانی کراوە و لە خوێندن دابڕاوە.

ساڵی ١٣٦٤ی هەتاوی (1985ی زایینی) ھاوکات لەگەڵ دامەزرانی بنکەی ئەدەبی و فەرھەنگیی سەلاحەددینی ئەییوبی لە شاری ورمێ و دەرچوونی گۆڤاری سروە، دەستی بە بڵاوکردنەوەی شیعر و بەرھەمەکانی کردووە و دوو ساڵ دواتریش لە ھەمان گۆڤاردا بووەتە ئەندامی دەستەی نووسەران.

لە ساڵانی دواییی تەمەنیدا بە تاسەوە ھەوڵی خۆفێرکردنی زاراوەکانی زمانی کوردیی داوە و ھاوکاتیش لە ماوەیەکی کورتدا فێری زمانی ئینگلیزی بووە و ئاکامی ئەم تەقەلایەش وەرگێڕانی کتێبی "ھەستی ناسیۆنالیستیی کورد" بۆ سەر زمانی کوردی بووە کە بەداخەوە ئێستاکە دەستنووسی ئەم وەرگێڕانە دیار نییە.

"زەویی سەخت و ئاسمان دوور"، کتێبی شیعر و چیرۆکەکانی ناوبراوە کە پاش مەرگی بڵاو بووەوە و لەلایەن ڕەخنەگران و شارەزیانی شیعری ھاوچەرخی کوردییەوە لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان بە کارێکی گرینگ و جۆرێک شیعری جیاواز لە قەڵەم دراوە و چەندین لێکۆڵینەوەی لەسەر نووسراوە.

شیعرەکانی ناوبراو نیشتمانپەرەرانە بووە کە زیاتر لە ئەدەبیاتی خۆڕاگریدا خۆی دەبینێتەوە. لە هەندێک شیعریشدا کە باس لە خۆشەویستی دەکات خۆشەویستییەکەی تێکەڵ بە ئۆگری بە خاک و نیشتمان کردووە.

سەرجەم شیعرەکانی کتێبی "زەوی سەخت و ئاسمان دوور" جگە لە دوو شیعر بە ناوەکانی "سەفەری مەرگ و ژین" و "پەیام" شیعری کورتن کە هیچیان لە لاپەڕەیەک تێناپەڕن. دوو شیعرە درێژەکەی مارف ئاغایی لە ژێر کاریگەریی ڕەوتی نووسینی قەسیدەی درێژ لە دوای ڕاپەڕین لە نێو شاعیرانی باشووری کوردستاندا نووسراون. ناوەرۆکی شیعری پەیام کە بە داخەوە بە هۆی کۆچی دواییی شاعیرەکەی ناتەواو ماوە و هەر بە ناتەواوییش چاپ کراوە، باس لە شەڕی ناوخۆی هێزە سیاسییەکانی باشووری کوردستان دەکات.

لە پاش کۆچی دواییی مارف ئاغایی چەندین وتار و بابەتی جۆراوجۆر لەسەر ژیان و بەرهەمەکانی ئەو نووسەرە لە گۆڤارەکاندا بڵاو بوونەوە. زۆربەی ئەم وتارانە لەگەڵ چەند توێژینەوەیە لە کتێبێکدا بە ناوی "ڕازی مانەوەی خاک" لە لایەن "هادی حەبیبی"یەوە چاپ و بڵاو کراونەتەوە.

مارف ئاغایی لە ساڵی ١٣٧٥(1996)دا لەگەڵ هاوڕێیەکانی، هەوڵی دامەزراندنی "حەو‌تەمین ئەنستیتۆی کورد"ی جیهان لە تاران دەدەن، کە ئەو ئەنستیتۆیە بە بڵاوکردنەوەی گۆڤارێک بە ناوی کوردستان دەست بە کارەکانی دەکا و بە دوای بڵاوکردنەوەی ژمارەیەکی ئەم گۆڤاره، وەزارەتی فەرهەنگ لە ئێران پێش بە بڵاوکردنەوەی دووبارەی گۆڤارەکە دەگرێ و چەند ساڵ دوای داخستنی گۆڤارەکە، ئەنستیتۆکەش بۆ هەمیشە دادەخرێت.

هەروەها یەکێک لە پڕۆژە ناتەواوەکانی مارف ئاغایی، وەرگێڕانی فەرهەنگی فارسیی موعین بوو کە بە هەوڵی کاک مارف بەسەر دەیان نووسەر و زمانزانی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستاندا دابەش کرا بۆ ئەوەی پاش وەرگێڕانی هەموو پیتەکانی، فەرهەنگێکی گەورەی فارسی-کوردیی لێ پێک بێت و دواتر بە کەڵک وەرگرتن لەو وشە کوردییانەی لە ڕێگای وەرگێڕانی فەرهەنگی موعینەوە کۆ کراونەتەوە، فەرهەنگێکی گەورەی کوردی-فارسییش پێک بێنن.

پاش خزمەتێکی زۆر و ئەنجامدانی گەلێک کاری بەنرخ و پڕۆژەی نوێ لە ناوەندی بڵاوکردنەوەی فەرھەنگ و ئەدەبی کوردی و گۆڤاری سروە، وەک ڕێکخستنی کۆنگرە و کۆنفرانسی ئەدەبی و فەرھەنگی ھەر لە ئیلامەوە بگرە ھەتا دەگاتە شاری ورمێ و پێکھێنانی پێوەندییەکی زۆر لەگەڵ ئەدیب و نووسەرانی ناوچە جیاجیاکانی کوردستان بۆ کاری ھاوبەشی فەرھەنگی؛ ڕۆژی ٢٥ی ڕێبەندانی ١٣٧٦،  دوای گەڕانەوەیان لە پرسەی مینا خانمی خێزانی ێشەوا قازی، لەگەڵ دەستەی نووسەرانی گۆڤاری سروە لە مەھابادەوە بەرەو ورمێ دەگەڕانەوە، بە کارەساتی دڵتەزێنی ئۆتۆمۆبیل لەگەڵ دوو ھاوڕێی دیکەی بە ناوەکانی "جەعفەر قازی" و "سەرتیپ مەنسووری" دڵە سەوز و پڕ ئەوینەکەیان لە لێدان کەوت و لەسەر وەسیەتی خۆی لە بەشی ناودارانی گۆڕستانی بوداغ سوڵتانی شاری مەھاباد لە نزیک گڵکۆی مامۆستایان ھەژار و ھێمن بە خاک ئەسپێردرا.

 

دوو نموونە لە شیعرەکانی:

 

"تراویلکە"

 

بە تینوایەتیی خۆم ڕادێم،

ئەگەر سەمای بریقەداری تراویلکەکان لێم گەڕێن.

 

لە تەنیاییمدا دەپشکوێم،

ئەگەر هەناسەی پاییزیی ئەم ئاشنا نامۆیانەم

لێ دوور کەوێ.

 

هەر بە یادی تۆوە دەژیم ئەی ئازادی!

ئەگەر یادە تاڵەکانی ڕۆژانی نێو زیندانەکان

دەست لە ئازارم هەڵگرن!

 

 

"شەهید"

 

گەڵایەک وەری.

خەستە بارانێک

تەرمی شوشتەوە.

 

قەڵەشێکی زەوی:

مەرقەدێکی ون،

 

شەهید دەنێژرێ:

بێ کفن و دفن.

KURDŞOP
475 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!