مامۆستا حەقیقی، یەکەم وەرگێڕی شیعرەکانی حافز بۆ سەر زمانی کوردی

"عەبباس حەقیقی" ناسراو بە "مامۆستا حەقیقی" کوڕی عەلی پاشای کوڕی برایم ئاغای تاڵاو، لە خێڵی دێبوکرییە و لە ساڵی 1902 لە ئاوایی مەرجاناوای دەشتی حاجی حەسەنی سەر بە شاری مەهاباد لە دایک بووە.

پێش شەڕی یەکەمی جیهانی لەگەڵ بنەماڵەی دەچنە گوندی مەرخوزی سەر بە شاری سەقز و لە سەروبەندی شەڕی یەکەمی جیهانی و ئەو کاتەی ئاوری شەڕی تورک و ڕووس گەیشتە کوردستان، مەرخوز بەجێدێڵن و دەچنە مەڵبەندی سلێمانی و ساڵانێک لەوێ ژیان بەسەر دەبەن.

وەک خۆی باس دەکا دوای گەڕانەوە بۆ ڕۆژهەڵات، لای بابی، گوڵستان و بووستان و کیمیای سەعادەت دەخوێنێت. لە تەمەنی چاردە ساڵیدا هەستی شاعیریی دەجووڵێت و یەکەم هۆنراوەکانی دێتە سەر لاپەڕەی کاغەز:

بە نووکی تیری موژگانت شەهید و دڵ بریندارم

لە غەمزەی نەرگسی مەستت، غەریقی بەحری حیرمانم

لە پێچی زولفی چەوگانت، سەرم گۆیە لە مەیدانت

لە تاوی مەجمەری ڕووتە، جگەر سووتاو و بریانم

نییە مانەندی شەمعی ڕووت، لە دنیادا بە مەحبووبی

مەکە مەنعم کە وەک پەروانە سووتاوە دڵ و گیانم

هاوڕێ لە گەڵ شاعیری ناسراو خاڵەمین دەچنە مەدرەسەی علوومی دینیی حاجی بایزئاغا لە گوندی ئیسکی بەغدا، دوایە لە ساڵی1928 لە گەڵ سەید کامیلی ئیمامی دەچنە مەدرەسەی باخچەی مەهاباد.

مامۆستا حەقیقی وەکوو هەموو خوێندەوارانی سەردەمی خۆی لە حوجرەکانی ناوچەی موکریان درێژەی بە خوێندن داوە. هەر لەو شوێنانەش بوو کە هەستی شاعیر بوونی  نیشان دەدات و بە قەولی خۆی لەگەڵ شاعیری گەورەی کورد مامۆستا سەید کامیلی ئیمامی "ئاوات" هەموو سات و کاتێکیان تێکەڵ بە دونیای شیعر و ئەوین دەبێت. ساڵی 1934 لە فەرمانگەی دارایی مهاباد وەکوو فەرمانبەر دادەمەزرێ و هەژاری شاعیر دەناسێت و وەک باس دەکات: ڕۆژانی جومعە، نوقڵی کۆڕەکەمان نەقڵی شیعر و ئەدەب بووە.

کاراکتێر دیزاینێر: هێمن قارەمانی

 

ساڵی 1942 وەک بەرپرسی ئیدارەی دوخانیاتی بۆکان دیاری دەکرێت و مام هەژاریش دێتە پاڵی و زۆربەی ڕۆژان پێکەوە دەبن.

ساڵی 1941 یەکەم جار هێمنی شاعیر دەبینێت و بۆی دەگێڕێتەوە کە ئەوکاتە لە گەڵ مام هەژار لە خانەقای شێخی بورهان دەرسیان دەخوێند، فەقێیێک هاتە ئەوێ و ئەو شیعرە بەهارییەی تۆی پێ بوو کە دەڵێ:

سەحەر لە تەڕفی بۆستان، لە سەحنی لالەزارەوە

نەسیمی جان فەزا وەزی، بە مووژدەی بەهارەوە

زەوی زومووڕەدی بووە بە فەڕشی زەڕنیگارەوە

وەکوو دووڕو عەقیق ئەچن شکۆفەکان بەدارەوە

ئەوە دەچێتە گوڵچنین، گوڵێ بە لەنجەو لارەوە

 

مام هێمن دەڵێ زۆرمان پێ خۆش بوو، نووسیمانەوە و لە بەرمان کرد و بەش بە حاڵی خۆم پێموایە زیاتر ئەو شیعرە هانی دام بۆ شیعر کوتن.

لە ساڵانی 1943 کە مامۆستا قانع هاتۆتە گوندی کەڵبەڕەزاخان، زۆر جار لە گەڵ مامۆستا حەقیقی پێکەوە بوون و دانیشتنیان بووە.

سەرهەڵدانی کۆماری کوردستان لە مهاباد حەقیقیش دەخاتە پاڵ جەرگەی خەباتگێڕانی بواری کولتوری ئەو بەشە لە مێژوی کوردستان و هەر بۆیەش بە نازناوی "ع. هونەر" لە گۆڤاری هەڵاڵە چالاکی دەنوێنێ. شیعری خەوی غەفڵەت هی ئەو سەردەمەیە.

پەیوەندیی حەقیقی لە گەڵ زۆربەی شاعیرانی سەردەمی خۆی لە ڕێگای شیعر و دیدارەوە زۆر پتەو بوە هەر بۆیەش دەتوانی زۆر بە ڕاشکاوی بڵێین حەڵقەی پەیوەندیی  نێوان شاعیرانی بەشێک لە کوردستان بەحسێب دێت. بۆ نمونە لە سەیفولقوزات ڕا بگرە هەتا، ئاوات، خاڵەمین، هەژار، هێمن، سوارە، محەممەدی قازی، گوڵشەنی کوردستانی، شپرزە و.. دەیان گەورە پیاوی تر هات و چۆیان کردۆ پەیوەندییان لەگەڵی هەبووە.

حەقیقی یەکەم کەسێک بوو کە شیعری حافزی هێناوەتە سەر زمانی کوردی و لە پەنا سێ زمانی دیکەی دونیا لە چاپ درا.

کەم شاعیر هەبوو وەها بۆ هەموو ڕوداوەکانی سەردەم شیعری نووسیبێت هەر بۆیەش هاواری بۆ شینی هەڵەبجە بە نێوی بەهاری کوردەواری بە یەکێک لە بەرزترین شیعرەکانی حەقیقی دەناسرێ.

دوو بابەتی خواناسی و ئاماژە بە جوانی دیمەنی کوردستان ڕەنگدانەوەیێکی یەکجار زۆر بەرچاوی لە ناوەڕۆکی شیعری حەقیقیدا هەبوە. هەربۆیەش دەچێتە ڕیزی شاعیرانی کلاسیکێک کە درێژەدەری مەکتەبی بابان دەناسرێن.

سێ کتێبی مامۆستا حەقیقی بریتین لە دیوانی حەقیقی، کۆڵکە زێڕینە، شەونم(وەرگێڕاوی سەد غەزەلی حافز)

مامۆستا حەقیقی دوای تەمەنێک پڕ لە شیعر و شاعیری لە ساڵی 1996  لەتەمەنی 94 ساڵیدا لە شاری بۆکان کۆچی دوایی کرد و تەرمەکەی لە قەبرستانی بۆکان بە خاک سپێردرا.

KURDŞOP
1041 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!