سۆلین ورمێ
عەرەبی شەمۆ، کەسێک کە ژیانی بە هەژاری و کار دەست پێ کرد و دواتر بوو بە نووسەر و لێکۆڵەرێکی بەناوبانگی نەتەوەی کورد. بە خوڵقاندنی بەرهەمەکانی بووە یەکێک لە گرینگترین نووسەرانی کورد لە سەدەی بیستەمدا.
عەرەبی شەمۆ لە ٢٣ی تەشرینی یەکەمی ساڵی ١٨٩٧ لە گوندی سووسز سەر بە ناوچەی دیگۆر لە شاری قەرسێ لەدایک بووە. لە ئەنجامی شەڕی نێوان ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و ڕووسیا لە ساڵانی ١٨٧٧-١٨٧٨، شاری قەرسێ کەوتە ژێر دەسەڵاتی ڕووسەکانەوە؛ ئەم شارە لە سەردەمی دامەزراندنی کۆماری تورکیا خرایەوە سەر ئەو وڵاتە. گوندی سووسز گوندێکی کوردانی ئێزدی بوو. بنەماڵەی عەرەبی شەمۆش بنەماڵەیەکی ئێزدی بوون. شەمۆ ناوی باوکیەتی. بەم شێوەیە عەرەبی شەمۆ بە واتای عەرەبی کوڕی شەمۆ دێت. خێزانەکەی خێزانێکی هەژار بوون، باوکی هەمیشە شوان و گاوان و ڕەنجەبەر بوو.
لە سەرەتادا عەرەبی شەمۆ لە تەمەنی منداڵیدا لە قوتابخانەیەکی ڕووسی خوێندوویەتی. لە ماوەیەکی کورتدا بووە باشترین خوێندکار، عەرەبی هێژا لە منداڵیدا ڕووبەڕووی سەختییەکانی ژیان بووەوە. لە هەمان کاتدا خوێندوویەتی و لە ماڵی دەوڵەمەندەکانی ڕووس، ئەرمەنی، تورک و ئازەری کاری کردووە. عەرەبی شەمۆ ناچار بوو زمانەکانیان فێر بێت، چونکە لە ماڵی بیانییەکاندا کاری دەکرد. هەر بۆیە بە حەوت زمانی وەک ڕووسی، ئەرمەنی، تورکی، یۆنانی، ئازەری، ئاڵمانی و جۆرجی قسەی دەکرد.
لە سەردەمی جەنگی جیهانیی یەکەمدا، کاتێک ڕووسیا و تورکیا لە شەڕدا بوون، سوپای ڕووسیا لە نزیک گوندی عەرەبی شەمۆ کەمپیان دانا و ئاگادار کرانەوە کە کەسێک لەم گوندەدا هەیە کە شارەزای چەند زمانێکی بیانییە. هەر بۆیە بانگی دەکەن و ئەویش وەک وەرگێڕی زمان لە سوپای ڕووسیادا دەمێنێتەوە. بەم شێوەیە لەنێوان ساڵانی ١٩١٤ بۆ ١٩١٦ وەک وەرگێڕ لە سوپای ڕووسیادا ماوەتەوە. پاشان دەچێتە سارقامشێ و دوو ساڵ لە دروستکردنی هێڵی ئاسنیندا کار دەکات. لەو دوو ساڵەدا زۆر کەسی ڕووسیی ناسی کە خوێندەوار و زانا و هەروەها شۆڕشگێڕ بوون.
عەرەبی شەمۆ ماوەی مانگێک لە شاری ستاڤراپۆلای ڕووسیا نیشتەجێ بوو. لەو کاتەدا شۆڕشی ئۆکتۆبەر لە ڕووسیا ڕووی دا و حزبی کۆمۆنیست دەسەڵاتی بەدەستەوە گرت. هەروەها عەرەبی شەمۆ بڕیاری دا بچێتە نێو سوپای سۆڤییەت. ساڵی ١٩١٨ بووە ئەندامی حزبی کۆمۆنیستی ڕووسیا. ساڵی ١٩٢٠ چووە مۆسکۆ و بۆ ماوەی چوار ساڵ لە زانکۆی لازاریان خوێندوویەتی. لە ساڵی ١٩٢٤ گەڕایەوە ئەرمەنستان. لە ئەرمەنستان حکوومەتی سۆڤییەت لەسەر کار بوو. هەروەها ئەو لە ناوەندی حزبی کۆمۆنیستی ئەرمەنستان پۆستێکی لە ئەستۆ گرت.
عەرەبی شەمۆ لە ئەرمەنستان لە کاری پەروەردەیی کوردە کۆچەرییەکانی ئەرمەنستان بەشدار بوو و فێری خوێندن بە زمانی کوردیی دەکردن. لە گوندەکاندا قوتابخانە و کتێبخانەی دەکردەوە. حکوومەت کێشەکانیانی چارەسەر دەکرد. لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی ئەرمەنستاندا بابەتی جۆراوجۆری لەسەر ژیانی کورد دەنووسی.
ساڵی ١٩٢٧ حکوومەتی ئەرمەنستان بڕیاری ئامادەکردنی ئەلفوبێی کوردیی دا. بۆ ئەم ئەرکە دوو کەس دانران؛ کەسی یەکەم "ئیسحاق ماراگولۆڤ" بوو، خەڵکی کوردستان و کەسی دیکەش عەرەبی شەمۆ بوو. ئەلفوبێیەکی کوردییان دروست کرد و ئەو ئەلفوبێیە تا ڕادەیەک جیاواز بوو لە ئەلفوبێی جەلادەت بەدرخان. چونکە هەندێک پیتی ئەو ئەلفوبێیە لە کریلی وەرگیراون. بەرهەمی شەمۆ و ماراگولۆڤ لەژێر ناوی "خۆت، خۆت فێر زمانی کوردی بکە" بڵاو کرایەوە.
ساڵی ١٩٣٠ ڕۆژنامەی "ڕێیا تازە" دامەزرا. عەرەبی شەمۆ ڕۆڵی بنەڕەتیی لە دامەزراندن و بەرەوپێشبردنی ڕۆژنامەی ڕێیا تازەدا بینی و خۆی و هاوڕێکانی لە گوندێکەوە بۆ گوندێکی تر، لە شارێکەوە بۆ شارێکی تر گەشتیان دەکرد و ژمارەی ڕۆژنامەکانیان دەگەیاندە کوردان. عەرەبی شەمۆ یەکێک بوو لە سەرنووسەرانی ڕۆژنامەکە. لە ڕاستیدا عەرەبی شەمۆ پێشەنگی بەرهەمی ئەدەبی و زمانی کوردیی قەفقاز بووە.
عەرەبی شەمۆ چەند بەرهەمێکی هەیە کە بەم شێوەیەن:
شوانی کورمانج
یەکەم ڕۆمانی کوردییە. لە ڕاستیدا ڕۆمانی شوانی کورمانج بوو بە مێتۆدێک بۆ ڕۆمانە کوردییەکانی تر. ئەم ڕۆمانە بە چەندین زمانی بیانی چاپ کراوە. ئەم ڕۆمانە ساڵی ١٩٣١ بە زمانی ڕووسی چاپ و بڵاو کرایەوە. هەروەها بە زمانی تورکی چاپ کرا.
ڕۆمانی شوانی کورمانجی عەرەبی شەمۆ، لە ئەزموونی منداڵیی عەرەبی شەمۆوە دەست پێ دەکات. ڕۆمانەکە بە شێوەزاری کورمانجی نووسراوە. هەروەها لە ڕۆمانەکەدا باسی زۆرێک لە نەتەوەکانی کردووە. پەیوەندیی نێوان یەکتری نووسیوە و بۆچوون و بیر و باوەڕیان لەبارەی ژیانەوە باس دەکات. لەم ڕۆمانەدا باس لە ژیانی کۆچەری و گوندنشینانی کورد کراوە.
ڕۆمانی "ژیانی بەختەوەر"
"ژیانی بەختەوەر" دووەم ڕۆمانی عەرەبی شەمۆیە و لە ساڵی ١٩٥٩دا بڵاو کراوەتەوە.
لە ڕۆمانی ژیانی بەختەوەردا باسی زۆر ڕووداوی وەک کۆچ، شەڕ، زەماوەند، ماتەمینی و شۆڕش و... کراوە. باسی ژیانی نەتەوەی کورد لەو سەردەمەدا کراوە. هەروەها ڕۆمانی "ژیانی بەختەوەر" مێژووی گەلی کوردە کە لە وڵاتەکەی خۆیان کۆچیان کردووە و بەهۆی زوڵم و چەوساندنەوەی عوسمانییەکانەوە ڕوویان لە ڕووسیا کردووە.
ڕۆمانی "دمدم"
ڕۆمانی "دمدم" سێیەم ڕۆمانی عەرەبی شەمۆیە و لە ساڵی ١٩٦٩دا بڵاو کراوەتەوە. دمدم شاخێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵکەوتووە. داستانی قەڵای دمدم سەدان ساڵە بە شێوەیەکی چیرۆکی لە کۆمەڵگەکاندا لەلایەن دەنگبێژانەوە دەگێڕدرێتەوە. عەرەبی شەمۆ لە ڕۆمانەکەدا باس لە میری لەبزەرین و ئازایەتییەکەی و ئەزموونی عەشیرەتە کوردەکان دەکات و باس لە شەڕ و ژیانی کورد لەو سەردەمەدا دەکات.
ڕۆمانی هۆپۆ
هۆپۆ دوا ڕۆمانی عەرەبی شەمۆیە. ئەم ڕۆمانە ساڵی ١٩٦٩ چاپ کراوە. لەم ڕۆمانەدا دیالۆگ لە سێ ڕۆمانەکەی تر زیاترە و شەمۆ بە سەرکەوتوویی ئەو دیالۆگانەی لە لاپەڕەکانی ڕۆمانەکەدا داناوە. شەمۆ لە ڕۆمانی هۆپۆدا باسی زۆر داب و نەریتی کوردی کردووە. ویستی ژیانی کۆمەڵایەتییان بناسێنێت. لە ڕۆمانەکەدا باسی هەموو شتێکی کردووە.
عەرەبی شەمۆ جگە لە نووسینی ڕۆمان، چەندین وتار و چیرۆکی بە هەمان شێوە نووسیوە، هەروەها ڕۆژنامەنووس بووە و چەندین بەرهەمی دیکەی هەیە.
عەرەبی شەمۆ لە ساڵی ١٩٧٨ لە تەمەنی ٨١ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. لە گۆڕستانی ئێریڤان لە مەراسیمێکی گەورەدا بەخاک ئەسپێردرا.