کوردستان موکریانی، نووسەر، زمانناس و ڕۆژنامە نووس

کوردستان موکریانی زمانناس و نووسەر و چالاکوانی مافی ژنان و شاعیرێکی کوردە. لە ساڵی ١٩٤٧ زایینی له شاری هەولێر لەدایک بووە. باوکی كوردستان موكریانی، "گیوی موكریانی" لە خۆشەویستی بۆ كۆماری كوردستان، کچەکەی ناو ناوە "كوردستان"، ئەو ناوەی هەندێك جار كێشەی بۆ دروست كردووە، بەرپرسانی بەعس لە عێراق پێیان وتووە ناوت كوردستانە و جوداخوازیت، زۆر بە زەحمەت ڕەگەزنامەی عێراقییان پێ داوە. حوزنی موکریانی مامی بووە .

گیوی باوكی كوردستان موكریانی و حوزنی مامی ساڵی 1923 دەچنە بەغدا و ساڵی 1925 دەچنە رواندز و ساڵی 1926 چاپخانەیەك لەوێ دادەمەزرێنن و گۆڤاری "زاری كرمانجی" دەردەكەن.

لەپاڵ چاپخانەی كوردستان بۆ چاپكردنی كتێب، گیوی موكریانی كامێرا دەهێنێتە هەولێر، وێنەی رۆشنبیر و كەسایەتییەكانی پێ دەگرێت. لە هەولێریش گۆڤاری "رووناكی"، رۆژنامەی "هەولێر" و گۆڤاری "هەتاو" لە چاپخانەكەی چاپ كراون.

کوردستان موکریانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندیی لە هەولێر تەواو کردووە. لە دوای وەرگرتنی بڕوانامەی بەکالۆریۆس بە پلەی یەکەم لە بەشی زمانی کوردیی زانکۆی بەغدا، بۆ تەواوکردنی خوێندنی باڵا ڕووی لە مۆسکۆ کردووە. لە ساڵی ١٩٧٧ زایینیدا بڕوانامەی دکتۆرای لە زانستی فایلۆلۆجی لە پەیمانگای ڕۆژهەڵاتناسی سەر بە ئەکادیمیای سۆڤیەت وەرگرتووە، هەر لە هەمان ساڵدا گەڕاوەتەوە کوردستان و لە زانکۆی سلێمانی دامەزراوە. ساڵانی ١٩٧٨ تاکوو ١٩٨٢ سەرۆکایەتیی بەشی زمانی کوردی لە زانکۆی سلێمانی و دواتر زانکۆی سەلاحەدینی پێ سپێردراوە. لە ساڵی ١٩٨٢ گوازراوەتەوە بۆ بەغدا و تاکوو ١٩٨٧ لە بەغداد لە دەزگای ڕۆشنبیری و بڵاوکردنەوەی کوردی سەر بە وەزارەتی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن دامەزراوە. لەوێ لە گۆڤارەکانی "بەیان" و "ڕۆشنبیری نوێ" بابەتی بڵاو کردووەتەوە.

کاراکتێر دیزاینێر: هێمن قارەمانی

 ساڵی ١٩٩١ ڕووی کردووەتە وڵاتی هۆڵەندا و وەک شارەزا و هەڵسەنگێنەر لە سەنتەری وەرگێڕاندا کاری کردووە. ساڵی ١٩٩٩ لە دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، سەرپەرشتی ئامادەکردن و سەر لەنوێ نووسینەوە و چاپکردنی "فەرهەنگی کوردستان"ـی کردووە. ساڵی ٢٠٠٠ بووە بە ئەندامی کارای کارگێڕی کۆڕی زانیاری کوردستان و لە ساڵی ٢٠٠٦ بووە بە سەرۆکی ئەو کۆڕە. لە ٢٠٠١ سەرنووسەری گۆڤاری "شاووشکا" بووە، کە گۆڤارێکی ڕۆشنبیری وەرزییە بۆ ئافرەتان و لە ٢٠٠٢ دا "سەنتەری شاووشکا بۆ چالاکیی ڕۆشنبیری"ی دامەزراندووە. لە ساڵی ٢٠٠٧ بە سکرتێری یەکێتی ئافرەتانی کوردستان هەڵبژێراوە.

 

بەرهەمەکانی کوردستان موکریانی:

• فەرهەنگی ڕووسی - کوردی، مۆسکۆ، ١٩٧٧

• ئافرەت لە هۆنراوەی کوردیدا، سلێمانی ١٩٧٨

• ڕێزمانی کوردی بۆ پۆلی یەکەمی بەشی زمانی کوردی سەر بە زانکۆکانی عێراق (بە هاوکاریی نەسرین فەخری)، هەولێر، ١٩٨٢

• وەرگێڕانی کتێبی (ڕێزمانی زمانی کوردی: بە کەرەستەی دیالێکتی کورمانجی و سۆرانی)ی قەناتی کوردۆیڤ لە ڕووسیەوە بۆ کوردی ، چاپخانەی الأدیب البغدادی، ١٩٨٤

• سینتاکسی ڕستەی تێکەڵ، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، هەولێر، ٢٠٠٤

KURDŞOP
740 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!