خان محەمەدی ئادینە پوور هونەرمەندی کرمانجی خوراسان کۆچی دوایی کرد.

خان محەممەد ئادینەپوور، لە کوردانی خۆراسان و مامۆستا و پێشەنگی دنیای مۆسیقای مەقامی و ژەنیاری بەتوانای ئامێرەکانی قۆشمە و کەمانچە و دوتار بوو. لە سەر ئاستی نەتەوەیی خاوەنی چەندین پلە و پایەی خەڵاتی بەناوبانگ لە فێستیڤالەکانی مۆسیقای ئێران بوو.

خان محەمەد لە دایک بووی 1952 شارۆچکەی خانلەق سەر بە شاری شیروان لە پارێزگای خوراسانی باکوور بوو. زیاتر لە شەست ساڵ تەمەنی خۆی بۆ ژەنین و نواندنی مۆسیقای ڕەسەنی کرمانجی تەرخان کرد و لەم ڕێگایەشدا گەلێک بەرهەمی بەنرخی خوڵقاند و زۆر نەوا و ئاوازی فۆلکلۆری لە فەوتن ڕزگار کرد.

  ئامێری قۆشمە لە کۆڕو کۆبوونەوە و زەماوەند بە کار دێت و لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بەناوی دووزەلە دەناسرێ. لە ناو کوردانی خۆراساندا بە ناوی قۆشمە ناسراوە و لە زۆربەی شارەکانی خوراسانی باکوور ئەم ئامێرە، هەیە و ئامێرکی ڕەسەنی کوردیە.

خان محەممەد بەم شێوەیە باسی ئامێرەکەی خۆی دەکات:

ئەو قۆشمەیەی من دەیژەنم نزیکەی شەست ساڵە لە نێو پەنجەکانمدایە و لە هەموو بەرنامە و کۆڕ و زەماوەندەکاندا پێم بووە و لە شاباڵی هەڵۆ ساز کراوە و بۆ لکاندنی پارچەکانی بە یەکتر لە جۆرێک چەسپ کەڵک وەرگیراوە کە لە ئەسرینی چاوی ئاسک بەرهەم دێت، بۆیە دەنگ و چریکەی تەواو سرووشتیە و تێکەڵاوی ئاوازی ناو سرووشتە.

مامۆستا خان محەمەد لە ڕوژی دووشەممە دوازدەی پووشپەڕی 2723 کوردی یان 3/7/2023 کۆچی دواییی کرد بۆ هەتاهەتایە ماڵئاوایی لە قۆشمە و مۆسیقا و ژنین کرد بەڵام ناو ودەنگ و هونەری خان محەممەد تاهەتایە لە ناو گەل و نیشتمان و خۆشەویستانی بۆ یادگار دەمێنێتەوە.

کاراکتێر دیزاینێر: هێمن قارەمانی

KURDŞOP
661 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!