کاوەیس ئاغا، دەنگبێژی بەناوبانگی کورد

شادی

کوردشۆپ - کاوەیس ئاغا کە ناوی ڕاستەقینەی ئەحمەد جەمیل کانەبی هەرکییە و لە هەمان کاتیشدا وەک کاک وێسییش ناسراوە، لە ساڵی ١٨٨٩ لە ناوچەی چارچێللا و لە هۆزی هەرکی لەدایک بووە. چارچێللا دەکەوێتە سنووری ناحیەی گەڤەر و شەمزینان لە پارێزگای جۆڵەمێرگ لە باکووری کوردستان.

ناوی باوکی کاوەیسی گۆرانیبێژ، ئەحمەد جەمیل هەرکییە و لە بنەماڵەی کانەبی لە هۆزی هەرکیانە. دایکی ناوی لەیلایە. خێڵی ئەو زستانانە، لە دۆڵەکانەوە دەچنە دەشتەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی شاری هەولێر و لە گوندی هێرشمی نیشتەجێ دەبن. ئەحمەد ئاغا شوانی هەرکی بووە. کاوەیس ئاغا لە تەمەنی ١٠ ساڵیدا باوکی لەدەست دا، واتە باوکی کۆچی دوایی کرد. لەو کاتەدا کاوەیس ئاغا برایەکی بچووک بە ناوی کینۆی هەبوو. کاوەیس ئاغا زمانی دەگیرا و لاڵەپەتە بوو، بەڵام کاتێک گۆرانی دەگوت کەس تێبینی ئەوەی نەدەکرد کە ئاوایە. ئەوە کێشەیەی کاوەیس ئاغا زگماک نەبوو. بەگوێرەی قسەکانی، لە تەمەنی گەنجیدا لە وەرزت زستاندا دەچێتە سەر ئەسپێک و لە ڕێگادا  لە ئەسپەکە دەکەوێتە خوارێ و چەند کاتژمێرێک لەناو بەفردا دەمێنێتەوە و بەهۆی ئەو ڕووداوەوە وای لێ هاتووە.

دەشتە شین و ڕەنگاوڕەنگەکان، شاخی بەرز و تەم و مۆر، دیمەنی دەریاچە و ڕووبار و کانیاوەکان، دەنگی جریوەی باڵندە و گمەی کۆترەکان، سروشتی جوانی کوردستان بە گشتی کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر هەست و بیری کاوەیس ئاغا هەبوو، ئەمەش لە ئاواز و تێکستی گۆرانییەکانیدا ڕەنگی داوەتەوە.

لە ١٣ی ئایاری ١٩١٦ بەهۆی شەڕی یەکەمی جیهانی و داگیرکردنی ڕواندز لەلایەن ئینگلیزەکانەوە، خەڵکێکی زۆر نەیانتوانی کۆچ بکەن و ڕوویان لە شاری شەقڵاوەی باشووری کوردستان کرد و لەوێ مانەوە. کاوەیس ئاغا لەگەڵ بنەماڵەی حاجی نەورۆز ڕوویان لە شەقڵاوە کرد و لەوێ نیشتەجێ بوون. دوای ئەوە حاجی نەورۆز بە فەرمانی عوسمانییەکان دەبێتە بەڕێوەبەری ناحیەی شەقڵاوە و کاوەیس ئاغا دەکاتە فەرمانبەری وەرگرتنی میوە و دانەوێڵە و ئوە بەروبوومانەی عوسمانییەکان لە خەڵکی شەقڵاوەیان وەردەگرت.

 کاوەیس ئاغا لە شەقڵاوە لەگەڵ ئامینە محەممەد شەریف زەماوەند دەکات. پاشان چوار منداڵیان بە ناوەکانی ئەحمەد، محەممەد، ئەڤدیلە و جەمیل، دەبێت. جارێکیان، کاوەیس ئاغا لەگەڵ ئەحمەد ئیسماعیل بەگ دەچنە پیرمام بۆ ئەوەی سەردانی کەسوکار و هاوڕێکانی بکەن، بەڵام لە ڕێگادا هەست بە ئازار و نەخۆشی دەکات، بۆیە داوا لە ئەحمەد ئیسماعیل بەگ دەکات بگەڕێتەوە. دواتر دەگەڕێنەوە بۆ شەقڵاوە، بەڵام تەندروستیی کاوەیس ئاغا خراپتر دەبێت. دوای ماوەیەکی کورت لە ناوەڕاستی مانگی شوباتی ساڵی ١٩٣٦، ڕۆژی چوارشەممە کۆچی دوایی دەکات و لە گۆڕستانی هەرشەم بە خاک دەسپێردرێت.

هەندێک لە گۆرانییەکانی کاوەیس ئاغا:

 ئێڤین؛ دێ خاڵۆ، شێخ مەحموود، ئیسماعیل ئاغا، شۆڕشی دووهەمی بارزان، میر بنکۆ، باوک ئەودلکەریم و نایف، دۆڵی کاشخان، شەڕی تورکیا و یۆنان، باوک سیلا، خالید ڕزکۆ، ئەودلمەجید، سەیدون نحۆ، ئەڤدل عیسا، هیسنی وەلیکی، میرۆ، لۆلۆ سوارو و ئێلی سەد جار لە من ئێلی.

هەروەها ئەمانە هەندێک لە بەرهەمە دڵداری و خۆشەویستییەکانی کاوەیس ئاغان:

یایۆ، دێ هێرێ، ئارابێ، دلبەر، لاویکۆ، یار کوندۆ، دۆتمام، بێریڤانێ، دەلال، تێ زانی، زەلیمێ، یارێ، بیلمەز، گەورێ، ئەسمەر، سێودەلی، مێڤانۆ، سێکوانۆ، لاڤکە سموقی، جێنک خەلیل.

ئێستا قوتابخانەیەک بە ناوی کاوەیس ئاغا لە شاری شەقڵاوە کراوەتەوە و پەیکەری ناوبراو لە سەنتەری شار دانراوە.

KURDŞOP
581 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!