دڵشاد سەعید، کەمانژەنێک بە تەکنیکی ڕۆژئاوایی و بە چێژی فۆلکلۆری کوردی

دڵشاد محەممەد سەعید ساڵی ١٩٥٨ لە دھۆک لە دایک بووە. پاش ئەوەی خوێندنی مۆسیقای لە بەغدا تەواو کردووە لەگەڵ ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی بەغدا ھاوکاریی کردووە. دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٧٧ بە پلەی نایاب پەیمانگای ھونەرە جوانەکانی لە بەغدا تەواو کردووە، لە ئۆرکێسترای تەلەڤیزیۆن و ڕادیۆ وەک ڤیۆلۆنیست و یاریدەدەری ئۆرکێسترا کاری کردووە. لە ساڵی ١٩٧٩ تیپی مۆسیقای دھۆکی دامەزراندووە کە بە فۆڕمێکی جیاواز لە ڕێگەی تێکەڵکردنی میوزیکی نەریتیی کوردی و شێوازی ڕۆژئاوایی کاری کردووە. لە ساڵانی ١٩٨٤ تا ١٩٨٨ لە زانکۆی وێڵزی بریتانیا، ماستەری مۆسیقای وەرگرتووە. ئێستا لە نەمسا دەژیت و لەوێ مامۆستای مۆسیقایە.

ساڵی 2021 مەڵبەندی هونەریی ماملێ‌ خەڵاتی تایبەتی خۆی پیشکەش بە هونەرمەند دڵشاد سەعید کرد و ڕێزی تایبەتی لێ گرت.

لە دەقی ڕێزلێنانەکەی مەڵبەندی هونەریی ماملێ بۆ هونەرمەند دڵشاد سەعید، هۆکاری هەڵبژاردنی وەک براوەی خەڵاتەکە بەم شێوەیە ڕوون کراوەتەوە:

کاراکتێر دیزاینێر: هێمن قارەمانی

١ـ  لە قۆناغێکی مێژووی موزیکی ھاوچەرخی کوردستاندا و بەتایبەت (ناوچەی) بادینان،  "دڵشاد سەعید" بووەتە داینامۆ و بنیاتنەری گرووپی ئۆرکێسترایی. دیارترین ئەو کارانەی لەو سەردەمە ئەنجامی داون، دامەزراندنی "تیپی موسیقای دھۆکـ"ـە، جگە لە بەرھەمەکانیان وەک پێویستییەکی کۆلتووری و ھونەری، بووەتە ھۆی ئەوەی بە دەیان هونەرمەند کاری تێدا بکەن و ببنە سەرکردەیەک بۆ نەوەکانی داھاتووی خۆیان و دەیان ھونەرمەند پێبگەیەنێ.

٢ـ  ئەو ئۆرکێسترایە کە مامۆستا دڵشاد بونیاتنەری بووە، بووەتە ئافرێنەری دەیان بەرھەمی ناوازە و هەروەها بە تۆمارکردنی چەند شاکارێکی گۆرانییەکی دێرینی کوردی و داڕشتنەوەیان بە شێوەی ئۆرکێستڕاڵی و زانستی. مامۆستا دڵشاد سەعید بە چەشنێک کاری تێیدا کردوون، کە ئەوەی سەلماندووە میلۆدیی کوردی توانایی ھەیە لە لووتکەی ئەکادێمیبوندا کاری لەسەر بکرێت و لە فۆرمە جیھانییەکاندا جێی بکرێتەوە. دەتوانین بڵێین: پێش بەڕێزیان ھیچ ھونەرمەندێک تا ئەو ئاستە، خۆی لە کاری لەو جۆرە نەداوە. بە بڕوای ئێمە لە مەڵبەندی هونەریی ماملێ ئەو کۆمەڵە شاکارەی کە لە مێلۆدی و موزیکی کوردی بەرھەمی ھێناون، دەکرێت وەک شاکارێک ناویان ببرێت و لە دونیای موزیکی جیهانیدا نوێنەرایەتیی موزیکی کوردی بکات.

٣ـ لەو ماوەیەدا کە لە دهۆک سەرۆکی تیپی موسیقای ئەو شارە بوو، ڕۆڵێکی بەرچاوی گێڕا لە بەشداریکردنی کچان و ژنانی کورد، تا لە گۆڕەپانی موزیکدا چالاک بن و گەشە بکەن، کە خۆی لە خۆیدا شۆڕشێکی گەورەی کولتووری بوو.

٤ـ  دەست و پەنجەی سەر کەمان یان ڤیۆڵۆنی دڵشاد سەعید، کە پەروەردەی قوتابخانەی ئەکادێمیی موزیکی کلاسیکی رۆژئاوایە، لە هەمانکاتدا ئاوێتەیە بە ڕۆح و بەرامەی موزیکی کوردی، خاوەن ناسنامەیەکی تایبەت بە خودی ھونەرمەندە و بووەتە ژانڕێک لە موزیکی کوردی کە زۆر لە لاوانی کورد لە خۆشەویستی بۆ هونەری ئەو هونەرمەندە، دەست بۆ کەمان دەبەن و فێری دەبن.

٦ـ ھونەری ئەو، بووەتە پردێکی نێوان موزیکی کوردی و موزیکی جیهانی، بە چەشنێک کە نووسینەکان و لێکۆڵینەوەکانی سەبارەت بە موزیکی کوردی لە هەندێک لە زانکۆکانی جیهانی وەک سەرچاوە بەکار دەھێنرێن و بۆ ئەو فێرکارانەی کە لەبەشی موزیکی ڕۆژهەڵاتی ئیش دەکەن، وەک وانە دەگوترێنەوە یان دەبێتە سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ بەدەستھێنانی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا.

 

KURDŞOP
724 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!