ئەحمەد قازی وەرگێڕێکی ڕۆژنامەنووس

بە بۆنەی هەشتەمین ساڵوەگەڕی  کۆچی دواییی مامۆستا ئەحمەد قازی

١-

    کەسایەتی و بەرهەمی ئەحمەدی قازی لە چەند بارەوە جێی سەرنج بوو؛ یەکەمیان وەک ڕۆژنامەوانێک کە باشترین کاتەکانی تەمەنی لە گۆڤاری سروەدا، وەک سەرنووسەر بردە سەر و هەڵبەت لەو بوارەدا ئەوەی لە دەستی هات کردی و ئەوەندەی دەسکەوتی بۆ کۆمەڵگای کوردەواری بوو، بۆ خۆی هێندەی بەر لێ نەچنییەوە. چون کارێک کە لەوێ لە ئەستۆی بوو لانیکەم لە دەیەی شەست و حەفتادا، پڕکردنەوەی بۆشایییەکانی گۆڤارێک بوو، کە سەردەمێک تاقانە و سەرچاوەی زمان و ئەدەبی کوردی بوو. هەر بۆیە کەسایەتیی قازیی ڕۆژنامەنووس، کەسایەتییەکی چەند ڕەهەندە و نووسینیشی لەو بوارەدا نووسینێکی چەند لایەن و تەنانەت دەتوانین بڵێین پڕش و بڵاوە. ئەوەش دەگەڕێتەوە سەر چییەتیی ئەو ئەرکەی وەئەستۆی گرتبوو. قازی لە سروەدا بە پێی نیازی گۆڤارەکە بابەتی ئامادە دەکرد و ئەو بابەتانەش لە تەنزی کۆمەڵایەتییەوە تا وتاری فەرهەنگی و بابەتی پێوەندیدار بە زمانناسی و وەرگێڕان و وڵامی نامەی ئەدەبی خوێنەران و تاد دەگرێتەوە.

واتە ئەحمەدی قازی ماوەی 20 ساڵ بە پێی ئەو چوارچێوانەی بۆ گۆڤارەی سروە دیاری کرابوو بابەتی نووسی و بابەتەکانیش وڵامدەرەوەی ویست و نیازەکانی چین و توێژی جیاوازی کۆمەڵگا بوون. هەڵبەت ئەو کارانە و شێوازی ڕاپەڕاندنی ئەو ئەرکەی، ڕەنگە لە ماوەی 20 ساڵ کاردا، بەرز و نزمیی تێدا بووبێ و دیاریشە لە دەیەی یەکەمی کاری لە سروەدا چالاکتر بووە. ئەو نووسینە جێگەی تیشک خستنەسەر ئەزموونی ڕۆژنامەگەریی کاک ئەحمەد نییە و ئەو بابەتە باسێکی جودا دەخوازێ، تەنیا بۆ بیرئانینی بەرهەمە ئەدەبییەکانی کاک ئەحمەدی نووسەر و وەرگێڕ، سووکە لەنگەریک لە سەر چەند دەقێکی وەرگێڕدروای دەگرم.

٢-

کاری سەرەکیی "ئەحمەد قازی" بەر لە دەست بەکار بوونی لە گۆڤاری سروە، نووسین و وەرگێڕان بووە و دوای سروەش هەر چۆتەوە سەر ئەو ڕێبازە. بۆیە تەمەنی لە سێ بەشی کارییدا دەتوانین بخوێنینەوە. ئەو سەردەمەی وەک لاوێکی چالاک و خوێندەوار دەچێتە جەرگەی ڕۆشنبیرانی تاران و هۆگری زمان و ئەدەبی گەلان دەبێ و دەست دەکا بە وەرگێڕانی دەقە ئەدەبییە ئاماڵ سیاسییەکان. کتێبەکانی ئەو سەردەمی وەرگێڕانی چەند بەرهەمێکی ڕۆمانی بیانی بۆ سەر زمانی فارسی و نووسینی کورتە ڕۆمانی تەنزی "باقەبێن" بە زمانی کوردی بوو. بەڵام جودا لەوە ئەزموونی بیر کردنەوەی ئەدەبی بۆ ئەو لە ناوەندی ڕۆشنبیریی ئێران، تەنانەت لە وەرگێڕانەکانی ئەو کاتیشی گرینگترە.

جودا لەوەی لە گەڵ نووسەران و وەرگێڕە بە تواناکانی فارس ناسیاوی پەیدا دەکا، بزاڤە زاڵەکانی ئەدەبی دەناسێ و لەو تاقمە نووسەرەی کورد دەبێ کە له گەڵ بزاڤی ڕۆشنبیریی تاران تێکەڵ بوون. ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی گوتارە ئەدەبییەکان بناسێ و پاشان ئەو ئەزموونانە لانیکەم ئەگەریش لە بەرهەمی داهێنەرانەی ئەودا ڕەنگی نەدابێتەوه، لە نووسینە ئەدەبییەکانیدا خۆیا بووە و پیت و بەهرەی بۆ زمانی کوردیش بووە. ئەوە کەسانی وەک سوارە و حەسەنیانی و چاوە و ... بوون کە بیری داهێنەرانەی ئەدەبییان لە ناوەند وەرگرت و لە چوارچێوەی زمانی کوردیدا دەقیان پێ خوڵقاند و کەسانی وەک کاک ئەحمەدیش هاوڕێ لەگەڵ ئەو ڕەوتە ڕۆڵی خۆیان گێڕاوە و بەرهەمی بە کەڵکیان بە زمانی کوردی بەدیهێناوە.

 لە ماوەی کار لە سروەشدا چەند بەرهەمی ئامادە کردووه، لەوانە دەتوانم ئاماژە بە چەند وەرگێڕان بکەم، یەکەمیان "دوانەی سەیر و سەمەرە"ی "مارک تواین" بە زمانی کوردی - هەڵبەت هەر ئەو ڕۆمانە بە فارسیش وەردەگێڕێ-، ئەویتر "سەددام و قەیرانی کەنداو" و هەروەها "قەیرانی کەنداو و کیشەی کورد" بە زمانی فارسی.

 کاک ئەحمەد پاش دوو دەیە دەست لە کاری ڕۆژنامەوانی دەکێشێتەوە. ئەو سەردەمەش هاوکاتە لە گەڵ دەیەی کۆتایی تەمەنی. ئەو ساڵانە کە لە ڕاستیدا ساڵەکانی حەسانەوەی بوو، وچانی نەدا و ئەو جار قۆڵی هەڵماڵی و دوایین تواناکانی لە بواری زمان و وەرگێڕاندا خستە گەڕ و چەند بەرهەمی بە پێز و دیاری پێشکەشی کتێبخانەی کوردی کرد. چون ئەو جار هیچ بەربەستێکی لە بەردەمدا نەبوو لە کاری بپرینگێنێتەوە. بەڵام خۆی دوورا و دوور تاپۆی پەرژینێکی بەدی دەکرد. هەر بۆیە بە عیشق و ترسەوە دەستی کرد بە نووسین و وەرگێڕان. بۆیە دەڵێم  بە عیشقەوه، هەر کات یەکترمان دیتبا لە ڕەنگدانەوە و کاریگەریی کارەکانی خۆی لە نێو خوێنەرانی دەپرسی، بۆی گرینگ بوو چی دەنووسێ و چۆن دەنووسێ و بەردەنگی دەڵێن چی. بۆیەش دەڵێم بە ترسەوە، دەیزانی تەمەن مەودای ئەوەی پێ نادا پڕۆژە ناتەواوەکانی بە ئاکام بگەیەنێ. بەو شێوەیە دەستی دایە کارێک کە ئەگەر 20 ساڵ پێش بیکردبا بە دڵنیایییەوە دەیان بەرهەمی بە قەبارە گەورەتر و بە ناوەرۆک گرنگتر لەوانەی وەدەگێڕا و دەنووسی. ئەو نووسەرە بەتوانایە بەداخەوەی 17ی جۆزەردانی 1394 (07/06/2015) لە شاری مهاباد بە هۆی نەخۆشیی شێرپەنجە ماڵئاوایی لە ژیان و ئەدەبیات کرد.

 

٣-

بەشێک لە نووسینەکانی ئەحمەد قازی:

 دۆن کیشۆت وەرگێڕانی ڕۆمانی سێرڤانتس. ئەو کتێبە لە دوو بەرگدا وەرگێردراوە، زمانێکی یەکجار پوخت و پاراوی  هەیە و یەکێک لە دەقە  باشەکانی داستانییە بۆ  خوێندنەوە.  قازی ئەو  کتێبەی لە ڕووی وەرگێڕانی بەناوبانگی موحمەد قازییەوە وەرگێراوە .

دوانەی سەیر و سەمەرە، وەرگێڕانی ڕۆمانی ماڕک تواینە،  ئەحمەد قازی ئەو ڕۆمانەی بە هەر دوو زمانی کوردی و فارسی وەرگێڕاوە و هەم بە کوردی و هەم بە فارسی بڵاو بۆتەوە و لەیەکەم ڕۆمانەکانی وەرگێردراوە  بە زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

کتک و مشک  وەرگێڕانی چیرۆکە شێعرێکی عوبەید زاکانییە بە شیعر، ئەو کتێبە کتێبێکی بجووکی تەنزە و هی نووسەری زۆر  کۆنی فارس عوبەید زاکانییە. ناوەرۆکی کتێبەکە  لە ئەسڵدا باسێکی سیاسییە کە عوبەیدی زاکانی بە شیعر و زمانی تەنز دەریبڕیوە و ئەحمەدی قازیش  بە پێی زەروورەتی سیاسیی ئەوکات وەریگێراوە و لە کوردستانیش پێشوازییەکی  باشی لێ کرا.

نسل اژدها، وەرگێرانی ڕۆمانی پێرڵ باک، ئەو ڕۆمانەی لە بەندیخانە وەرگێراوە.

کلیلە و دێمنە ، کتێبی کلیلە و دمنەی فارسییە، ئەحمەد قازی ئەو کتێبە کە لە کتێبە کۆنەکانی جیهانە و بریتییە لە کۆمەڵێ چیرۆک لە قالبی فابل و داستانی بوونەوەران لە کۆتاییەکانی تەمەنیدا وەرگێراوە.

رێزمانی کوردی بە دوو زمانی کوردی و فارسی، دەزگای چاپی سەلاحەددین، ورمێ چاپی کردووە .

باقەبێن،  نۆڤلێت، نووسینێکی ڕەخنەیی لە باری کۆمەڵایەتی و سیاسیی سەردەمی شۆڕشی گەلانی ئێران کە لە لایەن زۆر کەسەوە بە هۆی ئاراستەی دژە شەڕی کەوتە بەر ڕەخنەوە

 سەددام و کێشەی کەنداو، کتێبێکی قەبەی ئینگلیزییە، لەسەر کێشەی کەنداو و ڕۆڵی سەددام حوسێن لە ناکۆکییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بە فارسی وەریگێراوە و لە لایەن خوێنەری فارسەوە پێشوازیی لێ کراوە.

ئەفسانەی گیلگەمیش. ئەو ئەفسانەیە لە ئەفسانە کۆنەکانی  ناوچەی نێوان چۆمانە و لە لایەن زۆر کەسەوە لە ئێران کراوەتە فارسی بەڵام شاعیرانەترین وەرگێڕانی هی ئەحمەدی شاملوو شاعیری ناوداری فارسە، ئەحمەدی قازی لە ڕووی ئەو دەقەوە و بەزمانێکی کە تایبەتمەندییەکانی زمانێکی کەڤناری پێوە دیارە. ئەو بەرهەمی کردووەتە کوردی و تا ئێستا چەندین جار چاپ کراوەتەوە.

کورتەیەک لە مێژووی کوردستان، کتێبێکی مێژووییە بۆ کەسانێک کە دەیانهەوێ بە شێوەیەکی گشتی ئاگاداری ،مێژوو و ڕووداوەکانی کوردستان بن  لە دێر زەمانەوە تا ئێستا، ئەو کتێبە زیاتر لەوەی کتێبێکی  زانستی و توێژینەوەیی زانستی بێ هێندێ زانیاری گشتی لە مێژووی کورد بە دەست خوێنەورەوە دەدا.

دەگەڵ تێپەڕینی زەمان، بیرەوەرییەکانی ئەحمەدی قازی، ئەو کتێبە لە قەبارەی ٦٠٠ لاپەڕەدا بریتییە لە کۆی بیرەوەرییەکانی ئەحمەدی قازی. هەڵبەت ئەحمەد قازی زیاتر حەولی داوە لەسەر دوو بابەت زۆر لەنگەر بگرێ ، یەکەم بیرەوەرییەکانی خۆی و بنەماڵەی بە گشتی و بەوردی گێڕاوەتەوە. لە بیرەوەرییە سیاسییەکانی ئەوانەی  پێی باش بوون گوڵبژێری کردوون و گێڕاویەتەوە، لە بیرەوەرییە ئەدەبییەکانیشی دیسان بە تایبەت هێندیک  بیرەوەریی گێڕاوەتەوە و زۆریشی بەجێ هێشتووە، بەڵام بەشێکی کە تایبەت بە گێڕاونەوەکانی سەردەمی شۆڕشی گەلانی ئێرانە شایانی ئاوڕ  لێدانەوەیە، چون هێندێک وردەکاریی سیاسیی لە بارەی دانیشتنەکانی کورد و دەوڵەتی ناوەندی باس دەکا کە بۆ یەکەم جار باس دەکرێن و چون  بۆخۆشی وەک ئەندامی ئەو وەفدانە ئامادە بووە دەکرێ وەک سەرچاوە پشتیان پێ ببەسترێ.

 

KURDŞOP
675 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!