مووسا عەنتەر، ئەو نووسەر و ڕۆژنامەنووسەی کە بوو بە سیمبولی دۆزی کورد

مووسا عەنتەر کە بە ناوی ئاپێ مووساش ناسراوە، لە تەمەنێکی کەمدا باوکی لەدەست دا و لەلایەن دایکی خۆی بە ناوی فەسلا عەنتەرەوە گەورە کرا. دایە فەسلا لە ساڵانی ١٩٣٠- ١٩٤٠ لە باکووری کوردستان، یەکەم موختاری ژن بووە.


شادی

کوردشۆپ- مووسا عەنتەر، نووسەر و ڕۆژنامەنووسی کورد، ساڵی ١٩٢٠ لە گوندی زڤنگ لە ناوچەی نسێبین سەر بە شاری مێردین لە باکووری کوردستان لەدایک بووە.

مووسا عەنتەر کە بە ناوی ئاپێ مووساش ناسراوە، لە تەمەنێکی کەمدا باوکی لەدەست دا و لەلایەن دایکی خۆی بە ناوی فەسلا عەنتەرەوە گەورە کرا. دایە فەسلا لە ساڵانی ١٩٣٠- ١٩٤٠ لە باکووری کوردستان، یەکەم موختاری ژن بووە.

ئاپێ مووسا قوتابخانەی سەرەتایی لە مێردین و قۆناغی ناوەندی و ئامادەیی لە ئەدەن تەواو کردووە. دوای ئەوە بۆ خوێندنی فەلسەفە چووەتە شاری ستەنبوڵی تورکیە، لەوێش فاکەڵتی یاسای زانکۆی ستەنبوڵی تەواو کردووە و لەو زانکۆیە لەگەڵ چەندین خوێندکاری کورد ئاشنا بووە.

ساڵی ١٩٤٤ لەگەڵ ئایشە، کچی عەبدولڕەحیم ڕەحمی خەڵکی هەکاری هاوسەرگیریی کردووە و دوو کوڕیان بە ناوەکانی عەنتەر و دیجلە و کچێکیان بە ناوی ڕەوشەن دەبێت.

مووسا عەنتەر کە دوای پێشنیاری فایق بوجاک وازی لە فەلسەفە هێنا، ناوی خۆی لە بەشی یاسا تۆمار کرد. لەو کاتەدا خوێندکار و ڕۆشنبیرانی کورد بۆ پرسی نەتەوەیی کورد، دەچوونە نێو بزووتنەوەوە.

ئاپێ مووسا بۆ ئەوەی هەم گەنجانی کورد لە دەوری خۆی کۆ بکاتەوە و هەم لە بواری مادی، مەعنەوی و سیاسی پشتیوانی لە خوێندکارانی کورد بکات، ماڵی خوێندکارانی دیجلەی دامەزراند.

ساڵێک دواتر و لە ساڵی ١٩٤٢دا، لەگەڵ هاوڕێکانی، گۆڤاری کۆمەڵەی "ھێڤی"یان دامەزراند و بە پێشنیاری ئەو کەسانە کۆمەڵەی خوێندکارانیش دامەزرا.

مووسا عەنتەر ساڵی ١٩٤٨ ماڵی فوراتی دامەزراند و دەستی کرد بە بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەی "سەرچاوەی دیجلە". دوای چەند ساڵی تر لە شاری ئامەد دەستی کرد بە بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەیەکی تر بە ناوی "ئیلەری یورد" یان "وڵاتێکی پێشکەوتوو". هه‌روه‌ها له‌و سەردەمەدا به‌هۆی نووسین و شیعره کوردییه‌کانییەوە ماوەیەک دەسبەسەر کرا.

ساڵی ١٩٥٩ جارێکی تر لەسەر دۆسیەی ٤٩ دەسبەسەر کرا و لەگەڵ ٤٩ هاوڕێی بۆ ماوەی ٦ مانگ لە زینداندا بوون.

لە سەرەتای شەستەکاندا، بە چوونە نێو پارتی چەپی تورکیە، بە فەرمی چووە نێو سیاسەتەوە.

ساڵی ١٩٧١ جارێکی تر دەسبەسەر کرایەوە و دوای ئازادبوونی لە زیندان، لە ساڵی ١٩٧٦ گەڕاوەتەوە گوندەکەی خۆی و تا ساڵی ١٩٨٩ لەو گوندەدا ژیاوە.

دوای ساڵی ١٩٨٩، ئاپێ مووسا جارێکی دیکە چووەتەوە ستەنبوڵ و لە زۆرێک لە گۆڤار و ڕۆژنامەکاندا نووسیویەتی و لە هەمان کاتدا دەچێتە نێو  پارتی "هەئەپە" و دەگەڕێتەوە نێو دونیای سیاسەتەوە.

مووسا عەنتەر دوای ساڵی ١٩٧١، گەڕایەوە کوردستان و لە ئامەد لەلایەن هێزەکانی دەوڵەتەوە دەسبەسەر کرا و ٤ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا.

ڕۆشنبیری کورد، مووسا عەنتەر، دوای ئازادبوونی لە زیندان لە ساڵی ١٩٧٦دا، گەڕایەوە گوندی زڤنگ و لەوێ درێژەی بە ژیانی خۆی دایەوە.

ساڵی ١٩٨٩ جارێکی تر گەڕایەوە شاری ستەنبوڵ و نووسین و ئەزموونەکانی لە زۆر گۆڤار و ڕۆژنامەدا بڵاو کرانەوە. هەروەها ئاپێ مووسا کە نووسینەکانی لە زۆرێک لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی وەک وڵات، ئولکە، ئۆزگور گوندەم و ئۆزگور ئولکەدا بڵاو کرانەوە، نووسینەکانی بە سەرنجەوە لەلایەن خوێنەرانەوە خوێندرانەوە.

لە ٢٠ی ئەیلوولی ١٩٩٢، ئاپێ مووسا لە شەقامێکی ئامەد لەلایەن کۆمەڵێک فاشیستەوە شەهید کرا و چووە ڕیزی کاروانی شەهیدانی کورد و کوردستانەوە.

مووسا عەنتەر لەسەر بەرگی کتێبی خۆی بە ناوی "هاترالارم" یان "یادەوەرییەکانم"، وەها دەڵێت:

"من شایەتحاڵی زیندوو و سوێندخواردووم لە کێشەکانی تورکیە بۆ ماوەی ٥٥ ساڵ. ئایا من تەنیا شایەتحاڵم؟ نا! من سزادراو و تۆمەتبار و سکاڵا لەسەرم".

شایانی باسە، ئاپێ مووسا لە بابەتەکانیدا گرینگییەکی زۆری بە ئازادیی ژنی کورد و ڕۆڵی لە کار و خەباتی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستاندا داوە، هەروەها ڕۆڵێکی زۆر گرینگی لە بزووتنەوەی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا هەبووە.

خەڵاتی ڕۆژنامەگەری:

لە تورکیە لە ساڵی ١٩٩٣ەوە خەڵاتی ڕۆژنامەگەریی مووسا عەنتەر و شەهیدانی چاپەمەنی، دەبەخشرێت.

خەڵاتی ڕۆژنامەگەریی مووسا عەنتەر و شەهیدانی چاپەمەنی، جاری یەکەم ساڵی ١٩٩٣ لەلایەن ئۆزگور گوندەم، دواتر ساڵی ١٩٩٤ لەلایەن ئۆزگور ئولکە، ساڵی ١٩٩٥ لەلایەن یەنی پۆلیتیکا، ساڵی ١٩٩٦ لەلایەن دێموکراسی، ساڵی ١٩٩٧ و ١٩٩٨ لەلایەن ئولکەدە گوندەم، ساڵی ٢٠٠٠ لەلایەن یانی گوندەم و ساڵی ٢٠٠١ لەلایەن یەدینجی گوندەم، بەخشرا.

بەرهەمەکانی مووسا عەنتەر:

برینی ڕەش – ١٩٥٩

Kimil – ١٩٦٢

فەرهەنگی کوردی – ستەنبوڵ، ١٩٦٧

بیرەوەرییەکانم، بەرگی یەکەم – ستەنبوڵ، ١٩٩١

بیرەوەرییەکانم، بەرگی دووەم – ستەنبوڵ، ١٩٩٢

چناری من – ستەنبوڵ، وەشانگەی ئەڤێستا

 

KURDŞOP
839 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!